هەواڵەکان

کرانەوەی زانکۆکان و دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان سمایل شەرەفی: “بزووتنەوەی خوێندکاری هەرگیز کپ ناکرێ و لە کاتە هەستیارەکان‌دا سەرهەڵدەداتەوە”

ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەستیان پێ کردەوە و چەندین زانکۆی گرتەوە. بەرپرسی ناوەندی رێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ئێران ئێستا لەژێر کاریگەریی لێکەوتەکانی شەڕدایە و خوێندکاران بە کەڵک‌وەرگرتن لەم دەرفەتە دەیانهەوێت ڕێژیمەکە بگۆڕن.

سمایل شەرەفی لە بەرنامەی ڕوانگەی کوردکاناڵ کە سابیر فەتاحی پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: “ڕەنگە کۆماری ئیسلامی توانیبێتی بۆ ماوەیەکی کاتی و تەنانەت هەندێک جار بۆ ماوەیەکی زۆریش بزووتنەوەی خوێندکاریی سەرکوت کردبێت، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە ئەم بزووتنەوەیە بۆ هەمیشە لە پێ بخات و دەنگی ناڕەزایەتییان کپ بکات و لە کاتە هەستیارەکان‌دا سەری هەڵداوەتەوە.”

بەرپرسی ناوەندی رێکخراوە مەدەنییەکان هۆکاری دوایین ناڕەزایەتییەکانی خوێندکارانی بۆ هەڵاواردنەکان، دۆخی خراپی ئابووری، دۆخی ناتەندروستی خەوگەکان، چوونە سەری کرێی مانگانە و خوێندن، خراپیی کوالێتیی خۆراک  و حیجابی زۆرەملێ گەڕاندەوە و گوتی: “خوێندکاران لەسەر ئەو باوەڕەن ڕزگاری لە قەیرانەکانی ئابووری، سیاسی، ئاسایش و کۆمەڵایەتی تەنیا بە لادانی کۆماری ئیسلامی بەدەست دێت و هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەوە چڕ کردووەتەوە.”

سمایل شەرەفی خوێندکارانی بە چاوساخ و چاودێری کۆمەڵگە ناو برد و گوتی: “ئێستا کە خوێندکاران ژینگەی زانکۆ و دۆخی خوێندنییان لەگەڵ جیهان بەراورد دەکەن هەست بە بەرتەسکی و لەمپەر و ئاستەنگەکان دەکەن و ئەمەش دەبێتە بەستێنی هەڵگیرسانی شۆڕش و دەسپێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، دیارترین نموونەش بۆ ئەو بەرتەسکییانە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیایە، لە سەردەمێک‌دا کە وڵاتانی پێشکەوتوو شەڕی بەدەستهێنانی دەکەن، خوێندکاران لە ئێران ڕووبەڕووی پچڕانی ئینتێرنێت دەبنەوە.”

لەبارەی ترسی ڕێژیم لە زانکۆکان و بزووتنەوەی خوێندکارییەوە سمایل شەرەفی گوتی: “لە کاتی هەر گرژی و گۆڕانکارییەک‌دا هێزە ئەمنییەتییەکان وەک یەکەم هەنگاو دەرگای زانکۆکان دادەخەن و دۆخی زانکۆکان ئەمنییەتیتر دەکەن ئەمەش دەرخەری ترسی کۆماری ئیسلامییە لە بزووتنەوەی خوێندکاری.”

بەرپرسی ناوەندی رێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆتاییی‌دا باسی لەوە کرد کە کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی زۆر تووڕەیە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ڕەنگە چاوەڕێی چەخماخەیەک بێت بۆ ئەوەی جارێکی تر بە شێوەیەکی سەرتاسەری بەگژ دەسەڵات‌دا بچێتەوە، کە بزووتنەوەی خوێندکاری هەم ئەو پوتانسییەلەی تێ‌دایە و هەم ئەو ئیمکانەشی هەیە و دەتوانێ ڕۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *