سیمینارێک لەسەر پێگەی کورد لە نێو پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە زانکۆی ULB بێلژیک بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە، ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦، سیمینارێکی زانستی بۆ د. عادڵ باخەوان، بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی ئەورووپی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە زانکۆی ئازادی برۆکسێل لەلایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.
سیمینارەکە بە بڵاوکردنەوە سروودی نەتەوەییی «ئەی ڕەقیب» و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. لە دەستپێکدا، کورتەیەک لە ژیاننامە و بەرهەمەکانی د. عادڵ باخەوان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
دواتر د. عادڵ باخەوان بەرچاوڕوونییەکی کورتی لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خستە ڕوو و تیشکی خستە سەر پێگەی کورد لەنێو پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. ناوبراو کە نووسەری کتێبی «هەڵوەشاندنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست»ـە بە زمانی فەرەنسی، ئاماژەی بەو فاکتەرانە کرد کە پێش و پاش ڕووداوەکانی ٧ـی ئۆکتۆبر لە ئارادا بوون و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ڕووداوانە کۆتایییان بەو هاوکێشە و ڕێککەوتنانە هێنا کە بۆ پاراستنی هەژموونی کۆمەڵێک دەوڵەت پێکهاتبوون.
لە درێژەی باسەکەیدا، باخەوان دۆخ و پێگەی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان شی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە فرەنەتەوەییبوونی ئێران، جوگرافیا و توانای ڕێکخستنی ئەم نەتەوانە، سەرنجی ئورووپایییەکانی ڕاکێشاوە بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کورد لە ناوچەکەدا چیی تر تەنیا کارتێکی کاتیی دەستی زلهێزەکان نییە، بەڵکوو بووەتە فاکتەرێکی کاریگەری هێز و ئەوە زلهێزەکانن کە پێویستیان پێیەتی.
لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، د. عادڵ باخەوان باسی لەوە کرد کە مانەوەی دۆخی ئێستای ئێران وەک خۆی ئەگەرێکی زۆر لاوازە و چاوەڕوانی گۆڕانکاریی گەورە لە داهاتووی نزیکدا دەکرێت، بۆیە پێویستە کورد خاوەنی بەرنامە و ستراتیژێکی ڕوون بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەدا.

