سڵاوی سەرکەوتن و تێکۆشان!
ئەمڕۆ کە دەرگای زانکۆکانتان لەبەردەمدا کراوەتەوە و هەنگاو دەنێنە قۆناغێکی نوێی ژیانتانەوە، پێش لە هەر شتێک گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین و هیوای بڕینی قۆناغی گەورەترتان بۆ دەخوازین. وەرگرتنی ئێوە لە زانکۆکاندا، لە دوای هەوڵ و ماندووبوونی خۆتان و بنەماڵە بەڕێزەکانتان، دەستکەوتێکی جێگەی شانازییە بۆ هەموومان.
خوێندکارانی ئازیز!
بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگەکەمان جیاوازە و لەژێر دەسەڵاتێکدا کە هەموو ڕێگایەک بۆ توانەوە و ئاسیمیلەکردنی زمان، مێژوو و کولتوورەکەمان دەگڕێتە بەر، خوێندکار بەتەنیا بۆ وەرگرتنی بڕوانامە ناچێتە زانکۆ و ئەرکە نیشتمانییەکانتان لەم قۆناغەدا قورسترن:
– لە پۆل و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا، تکایە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی زمان و کولتووری کوردی بن و بە شانازییەوە شوناس و میراتە نەتەوەیییەکانمان بپارێزن.
– لە پێوەندیتان لەگەڵ خوێندکارانی نەتەوەکانی تردا، ئێوە نوێنەر و دیپلۆماتکاری دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکن؛ بە زانست، لۆژیک و پێنووسەکانتان بەرگری لە مافەکانمان بکەن.
– لە ڕێگەی تێکۆشانی مەدەنی، دروستکردنی دیالۆگ و ڕێکخستنی خوێندکارییەوە، دەبێ دەنگی مافخوراوی کوردستان لە زانکۆکاندا بن و ئەو دەنگە بە هەموو شوێنێک بگەیەنن.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وەک لانکەی دێرینی خەباتی ئەکادیمی، دەستتان دەگرێت و داواتان لێ دەکات کە شانبەشانی خوێندن، لە سەنگەری خەباتی مەدەنی و نەتەوەیی و خوێندکارییشدا ڕیزەکانی ئێمە پربکەنەوە؛ هەتا پێکەوە قەڵایەک لە بەرخۆدان بەرامبەر هەر هەوڵێکی نەیارانە و دزێو چێ بکەین.
لەبیرمان بێت کەوا گۆڕەپانی زانست، سەنگەری تێکۆشانە.
سەرکەوتنتان هیوای ئێمەیە و هەنگاوەکانتان پڕ لە سەربەرزی بن!
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
ڕەزبەری ٢٧٢٦ـی کوردی و میهری ١٤٠٥ـی هەتاوی

