راگەیاندراوەکان

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کرانەوەی زانکۆکان

خوێندکارانی ئازادیخواز!
مامۆستایان و جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن و کرانەوەی دەرگای زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن، جارێکی تر زانکۆکان وەک سەنگەری پۆڵایینی هۆشیاری و بەربەرەکانێ، گوڕ و تینێکی نوێ دەدەن بە گیانی خەباتکارانەی نەتەوەکەمان.

زانکۆکان لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەمان‌دا تەنیا ناوەندێکی زانستی نەبوون، بەڵکوو هەمیشە سەنگەری پێشەنگی شۆڕش، هەوێنی هۆشیاریی نەتەوەیی و پێشکەوتن بوون. خوێندکاران وەک تۆڕی دەماریی ڕاپەڕینەکان، لە سەردەمە جیاوازەکان‌دا نەخشێکی مێژوویییان گێڕاوە لە بەرهەڵست‌بوونەوەی ستەم و داگیرکاری‌دا.

دەست‌پێکردنەوەی ساڵی خوێندن لە کاتێک‌دایە کە برینی دوو ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی سەرانسەریی چوار ساڵی ڕابردوو هێشتا بە جەستەی کۆمەڵگە و بزووتنەوەی خوێندکارییەوە دیارە. لەم ڕەوتەدا، خوێندکاران تێچوویەکی قورسیان دا؛ دەیان خوێندکاری تێکۆشەر و ئازادیخواز گیانیان بەخشیوە، سەدانی تر بەرەوڕووی گرتن، ئەشکەنجە و دەرکردن لە زانکۆکان بوونەوە. ئێمە هاوکات لەگەڵ ئەوەی یاد و ڕێبازی ئەو شەهیدە سەربەرزانە بەرز ڕادەگرین، ئیدانەی هەموو جۆرە گوشار و سەرکوتکارییەکی ئەمنی بەرامبەر بزووتنەوەی خوێندکاری دەکەین.

ئەمڕۆ دەسەڵاتی زاڵ لە ڕێگەی بڕیارە ئایدۆلۆژییەکان و داڕشتنەوەی بەرنامەی دەرس و کتێبەکان، بەردەوامە لە ئاسیمیلاسیۆن و جێ‌بەجێ‌کردنی سیاسەتێکی کۆلۆنیالیستی بەرامبەر ناوەندەکانی خوێندن. ئامانجی ئەم سیاسەتە، سڕینەوەی ناسنامەی سەربەخۆی زانستی، سڕینەوەی هزری ڕەخنەگرانە و چەواشەکردنی مێژوو و کولتووری نەتەوەکەمانە.

لەم نێوەدا خوێندکارانی کورد بەتایبەتیتر لەژێر جۆرەها جیاکاریی نەتەوەیی، گوشاری ئەمنی، بێ‌بەش‌کردن لە خوێندن بە زمانی دایک و کۆسپ‌نانەوە بۆ چالاکییە مەدەنی و کولتوورییەکانیان‌دان؛ بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە زانکۆ ناوەندێک نییە بە سەرکوتکاری و ئیدئۆلۆژیای سەپێنراو دەنگی کپ بکرێت.

ئێمە وەکوو یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، داوا لە تەواوی خوێندکارانی هۆشیار و ئازادیخواز دەکەین کە زانکۆکان بکەنەوە بە سەنگەری بەرگری لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان، داواکاریی مافی خوێندن بە زمانی دایک، ڕەت‌کردنەوەی ناوەرۆکی ئایدۆلۆژیی سەرچاوە پێشنیارکراوەکانی سیستەمی دەسەڵات و پەرەپێدانی زانست و هۆشیاریی ئازادیخوازانە، هەوڵ‌دان بۆ دەستەبەرکردنی دۆخێکی شیاو بۆ خوێندکار لە ڕووی خۆش‌بژیوی و یەکسانیی پەروەردە و… لە سەرەکیترین خواستەکان بێت.

پەرە بگرێت خەباتی ڕەوای خوێندکارانی کوردستان!

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
۱‌ـی ڕەزبەری ۲۷۲۶ـی کوردی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *