بەپێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٥ـی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، لە شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندکارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان بەناوی خەوگەی بووستان بەرامبەر بە نەخۆشخانەی “ئیمام ڕەزا”، لە نێوان چەند خوێندکارێک و چەند ئەندامێکی سەر بە پایەگای مقاومەت بەسیجی کرماشان، شەڕ و دەمەقاڵە ڕووی داوە.
لە ئاکامی ئەم دەمەقاڵەدا بەسیجی و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکیان لە خوێندکارەکان کردووە و هەڵیانکوتاوەتە سەریان.
ئەو پایەگای مقاومەت بەسیجە ئەمە چەندەمین جارە کێشە بۆ خوێندکاران دەخولقێنێ و هەر جارە بە بیانوویەک شەڕ ساز دەکات و لە بەرامبەریشدا هیچ لایەنێک نییە پێش بەم سەرەڕۆیییانەیان بگرێت.
شایانی باسە لە دەسپێکی ساڵی خوێندنی ١٤٠٤- ١٤٠٥ـەوە تا ئێستا لە چەندین زانکۆ و بەشی حەراسەت و بەسیجیی زانکۆکان لەگەڵ خوێندکاراندا تووشی کێشە هاتوون و کەشێکی ئەمنیەتی و پۆلیسییان لە زانکۆکاندا زاڵ کردووە.


