دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ۲۲ی سەرماوەزی ۱۴۰۴ی هەتاوی لاوانی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی کارگرووپی خوێندکارانی بەڕێوە برد.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە تایبەت بە خوێندکاران بوو و لەژێر ناونیشانی “ڕۆڵی بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە گۆڕانکارییەکان‌دا: بزووتنەوە خوێندکارییە جیهانییەکان لە وتووێژ-ڕاستییەکان، ئاڵەنگاری و هاوپێوەندییەکان”دا بەڕێوە چوو، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەشداریی کرد.

نوێنەری یەکیەتیی خوێندکاران، خاتوو “ئاگرین محەممەدی”، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران، باسێکی چڕوپڕی لەسەر دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی دۆخی خوێندکاران لە کوردستان کرد.

ناوبراو وێڕای ئەوەی بەکورتی باسێکی لەسەر مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاری لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، بەردەنگەکانی کە لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە بەشدار بوون لەگەڵ دۆخی هەنووکەییی خوێندکارانی کورد و هەڕەشەکانی بەردەمیان و هەروەها ویستە سەرەکییەکانی ئەم توێژە لە کۆمەڵگەی کوردستان کە بریتییە لە چارەسەری پرسی نەتەوەییی نەتەوەی کورد، ڕێگەچارەی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم توێژە و هەروەها پرسە پیشەیییەکانی خوێندکارانی کورد، ئاشنا کرد و لە هەمان کاتیش‌دا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە ئەو نوێنەرانە دەنگی خوێندکارانی کوردستان بگەیەننە وڵاتەکانی خۆیان. محەممەدی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە گەشبینین بەوەی لە ئێران‌ و ناوچەدا گۆڕانی بنەڕەتی و گرنگ ڕوو ئەدات و بێ‌گومان و بەتایبەتی لە ئێران‌دا ئەم گۆڕانانە لە دەروازەی زانکۆکانەوە تێپەڕ ئەبن و خوێندکاران یەکێک لەو توێژانە ئەبن کە داینامۆی شۆڕشی نوێن.

شایەنی باسە لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی خوێندکارانی چەندین وڵات لەوانە: “ئاڵمان”، “ئیسپانیا”، “هۆلەند”، “هیندوستان”، “نیپال” ، “ئەرمەنستان”، و هتد… بەشدارییان کردبوو.

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید