بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان لەدوای ئەوەی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران لەدژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ناڕەزایەتییەکی بەرینیان بەڕێوە برد، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە ڕۆژانی ۱۸ و ۱۹ی بەفرانباردا، بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵکی ڕاپەڕیو کرد و بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو سەرکوتە دڕندانەیەدا کە لە بێدەنگی و بەدوای پچڕانی ئینتێرنێتدا ڕووی دا، بە هەزاران کەس گیانیان لەدەست دا.
لەنێو ئەم توێژانەدا، توێژی خوێندکاریش ڕۆڵێکی گرینگیان لە ناڕەزایەتییەکاندا بینی و بەداخەوە ژمارەی قوربانیانی خوێندکاریش زۆر بوو.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە شوناسی ۵۰ خوێندکاری دیکەی گیانبەختکردوومان بۆ ئاشکرا بووە کە لە خوارەوە دەیانهێنین:
۱- حەبیب خووبیپوور
خەڵکی شاری لیکەک سەر بە پارێزگای کۆهکیلوویە و بوویرئەحمەد
زانای بیرکاری
خوێندکاری دوکتورای زانکۆی ئیسفەهان
ناوبراو پاش شەش ڕۆژ برینداری گیانی لەدەستدا و هەر لە شوێنی لەدایکبوونی بە خاک سپێردرا.
۲- فایزە حوسێن-نژاد
تەمەن ۲۲ساڵ و خەڵکی شاری مەشهەد
خوێندکاری بەشی پزیشکیی زانکۆی مەشهەد و یاریزانی والیباڵ
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزە سەرکوتکەرەکان پاش ئەوەی تەقەی لێ دەکەن بە باتۆمیش هێرشیان
کردووەتە سەری و ناوبراو بەهۆی ڕێژەی زۆری خوێنبەربوونەوە گیان لەدەست دەدات.
۳- محەممەد جەعفەرپوور
تەمەن ۲۴ ساڵ و خەڵکی پارێزگای ئیسفەهان
بژاردەی زیرەکی دەستکرد
خوێندکاری فەوقەلیسانس(ماستەر)ی ئەندازیاریی کۆمپیوتەر لە زانکۆی عیلم و سەنعەت
شایەنی باسە ناوبراو بەسەر سێ زمانی زیندووی جیهاندا زاڵ بوو.
۴- ئەمیرحوسێن (شایان) شکاری
تەمەن ۲۱ ساڵ و خەڵکی شاری ڕەشت
خوێندکاری بەشی وەرزشی زانکۆی ڕەشت و یاریزانی تێکواندۆ
جێی ئاماژەیە ناوبراو ئەندامی پێشووی تیمی نیشتمانیی تکواندۆی نۆلاوانی ئێران بووە.
۵- محەممەدمەهدی سالاری
تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی شاری مەشهەد
خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی کارەبای زانکۆی فیردەوسیی مەشهەد
شایەنی باسە ناوبراو هۆگری مۆسیقا بوو و ئەندامی ناوەندی مۆسیقای زانکۆی فیردەوسی بوو.
۶- ئەمیرعەلی باستانی
تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی شاری مەشهەد
خوێندکاری تێرمی ۷ـی زیندەوەرزانیی زانکۆی پەیامی نووری مەشهەد
هەروەها بنەماڵەی ئەمیرعەلی باستانی داوای حکوومەت لەمەڕ بە بەسیجی ناساندنی کوڕەکەیان ڕەد کردووەتەوە، هەر بەو هۆکارەش لە کاتی ناشتنی ناوبراودا بەکرێگیراوانی ڕێژیم لەوێ بوون و نەیانهێشتووە لە بەهەشتی ڕەزای مەشهەد بنێژرێت و گواستوویانەتەوە بۆ بەهەشتی جەوادی ئەو شارە.
۷- محەممەدڕەزا عەلیخانی
تەمەن ۲۰ ساڵ و شارۆمەندی بەختیاریی دانیشتووی شەهری کورد
خوێندکاری زانکۆی فەننیی شەهری کورد
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتوون، تەرمی ئەم خوێندکارە لاوە پاش پڕکردنەوەی بەڵێننامە لەلایەن باوکییەوە، تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە. شایەنی باسە کە لە بەڵێننامەکەدا هاتووە: “ئێمە وەک بنەماڵەی محەممەدڕەزا عەلیخانی بەڵێن دەدەین کە لە دە کەس زیــاتر لە ڕێوڕەسمی ناشتنی کوڕەکەماندا بەشــداری نەکات” و پــاشان لە ژێر فشـــاری هێــزە ئەمنییەکانی ڕێــژیمدا کاتژمێر ۱۱ی شەو تەرمەکە بە خاک سپێردرا.
۸- حەمیدڕەزا وەتەنجوو
تەمەن ۲۱ ساڵ و خەڵکی پارێزگای ئیسفەهان
خوێندکاری بەشی مێژووی زانکۆی فەرهەنگیانی ئیسفەهان.
۹- مستەفا سەرەفراز-ئەردەکانی
تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی شاری یەزد
خوێندکاری ئەندازیاریی میکانیکی زانکۆی یەزد
ئەم خوێندکارە کە لە سیما زانستییە دیارەکانی زانستگەی یەزد بوو، پلەی دووەمی زانکۆی ئەندازیاریی مکانیکی بەدەست هێنابوو، بەپێی زانیارییە فەرمییەکان ناوی لە لیستی نوێی خوێندکارە زیرەکەکاندا بوو و بەو پێیە بۆ قۆناغی فەوقەلیسانس(ماستەر) پێویستی بە کۆنکوور نەبوو و ڕاستەوخۆ دەیتوانی ئەو قۆناغە ببڕێت. شایانی باسە بڵاوبوونەوەی ئەو لیستە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی مستەفا سەرەفرازی ئەردەکانیدا.
۱۰- نەستەرەن عەبدوڵڵاهی
تەمەن ۲۱ ساڵ و خەڵکی شاری کەرەج
خوێندکاری ئەندازیاریی تەلارسازیی زانکۆی ئازادی ئەندیشە.
جێی ئاماژەیە کەیسی گیان لە دەستدانی ناوبراو گوماناوییە و بنەماڵەکەی دەڵێن ” شەش کاتژمێر پێشوەختە ناوی کچەکەمان لە لیستی کوژراوەکاندا ڕاگەیەندرا و کاتێک لە نەخۆشخانە بوو ڕێگەیان نەدا هیچ کام لە ئێمە چاومان پێی بکەوێ و دواتر پێیان ڕاگەیاندین بەهۆی ڕێژەی زۆری خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەست داوە” هەروەها ڕایانگەیاند “بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کچەکەمان، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم ناچاریان کردین کە سەنەدی خانووەکەمان بە بارمتە دانێین” تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هۆکاری گیان لەدەست دانەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە و پزیشکەکان گومان دەکەن بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست دابێت.
۱۱- ئەبولفەزل عەلیپوور
تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی سیادەرکای شاری بابۆلی سەر بە پارێزگای مازەندەران
خوێندکاری بەشی دەروونناسیی زانکۆی ئازادی بابۆل.
۱۲- سۆرێنا ڕۆباتجەزییە
تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی شاری ئەسفەرایەنی سەر بە پارێزگای خوراسانی باشوور
خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی کۆمپیوتەری زانکۆی سەنعەتیی بیرجەند
ناوبراو لە کێبەرکێی بەرنامەنووسیی ACMدا لەسەر ئاستی پارێزگادا توانیبووی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت.
۱۳- بەهاران تاهیرخانی
تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی تاکسانی سەر بە شاری قەزوین
خوێندکاری پزیشکیی زانکۆی زانستی پزیشکیی قەزوین
بەهاران بە تیری خەلاس گیانی لەدەست داوە، کاتێک بە برینداری کەوتووەتە دەستیان دوو فیشەکیان لە سینگی داوە و گیانیان لێ ئەستاندووە.
دوای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامی پاش وەرگرتنی بڕی ۶۰۰ ملیۆن تەرمەکەیان بە بنەماڵەکەی داوەتەوە، شایەنی باسە نەیانهێشتووە لە تاکستان بینێژن و ناچاریان کردوون هەر لە قەزوین بە خاکی بسپێرن.
۱۴- ئەرشیا بەراری
تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی شاری زەنجان
خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیسیی زانکۆی ئازادی زەنجان
ناوبراو یاریزانی کاراتا و لەشجوانی بووە و ساڵی ڕابردوو براوەی نازناوی پاڵەوانەتیی پێشبڕکێی بەرزکردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی ئێران بووە .
۱۵- ئەمیرحسێن فەتحی
خوێندکاری کوردی تەمەن ۲۰ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی کەرەج
خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی میکانیکی زانکۆی کەرەج
۱۶- عەلیئەسغەر خودادادی
خوێندکاری کوردی کرمانجی تەمەن ۲۰ ساڵ و دانیشتووی شاری ئەسفەرایەن
خوێندکاری تێرمی یەکی ئەندازیاریی تەلارسازیی زانکۆی ئازادی بۆجنوورد لە پارێزگای خوراسان
شایانی باسە سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان داوە ناوبراو بە بەسیجی بناسێنن، بەڵام بنەماڵەکەی بەتەواوی ئەوەیان ڕەد کردووەتەوە و هەر بەو هۆیەوە دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ و بە هەوڵێکی زۆر و بەردەوام تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە و لە کەشێکی تەواو ئەمنیەتیدا بە خاکیان سپاردووە.
۱۷- مێلیکا دەستیاب
خوێندکاری کوردی تەمەن ۲۱ ساڵ، خەڵکی شاری کرنی سەر بە پارێزگای کرماشان
خوێندکاری بەشی ئابووریی زانکۆی کرماشان بوو.
شایانی باسە ناوبراو پێڕەوی ئایینی یارسان و ژەنیاری ئامێری تەموورە بوو.
تەرمی مێلیکا پاش سێ ڕۆژ لە گیانلەدەستدانی لەنێو ئاپۆرای جەماوەردا لە زێدی لەدایکبوونی بەخاک سپێردرا.
۱۸- یاسر مەجیدی
تەمەن ۲۱ ساڵ و خەڵکی شاری هەمەدان
خوێندکاری بەشی شیمیی زانکۆی مەلایەر
شایانی باسە ناوبراو لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی شاری ئەراکدا پاش ئەوەی هەوڵ دەدات گیانی هاوڕێیەکی برینداری ڕزگار بکات، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تەقەی لێ دەکرێت و بە لێدانی دوو فیشەک لە دڵ و سەری، گیانی لێ دەستێنن.
۱۹- ئاریا حەیدەری دێهکوردی
تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی شەهری کورد
خوێندکاری تێرمی شەشی پزیشکیی زانکۆی ئازادی نەجەفئاباد
ناوبراو لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ئیسفەهان بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست داوە و تەرمەکەی دوای شەش ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و هەر لە شوێنی لەدایکبوونی بەخاک سپێردراوە.
۲۰- ئاراس سەلیمیان
تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی چالووس
خوێندکاری بەشی یاسا.
۲۱- سادق عەزەمی
تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی شاهروود
خوێندکاری زانکۆی سەنعەتی شاهروود.
۲۲- سەفورا جەعفەری
تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی چێنساکی قەزوین
خوێندکاری بەشی بیرکاریی زانستگەی نێودەوڵەتیی خومەینیی قەزوین.
شایانی باسە ڕێژیم لە ڕێی بەرپرسانی زانکۆوە زۆر هەوڵیان دا ڕاستییەکان بەرئاوەژوو نیشان بدەن و وەک “شەهید”ی حکوومەتی بیناسێنن و بیکەنە قوربانیی دەستی بەوتەی ئەوان “هێزە دەرەکییەکان” و ئیسرائیل.
۲۳- دانیال دیانی
تەمەن ۲۴ ساڵ و خەڵکی شاری کرمان
خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی ڕازیی کرماشان.
۲۴- عەلیڕەزا یەزدانی
تەمەن ۱۹ ساڵ وخەڵکی ئیسفەهان
خوێندکاری بەشی کۆمپیوتەری زانکۆی نەجەفئاباد.
۲۵- مەهدی مستەفاییپوور
تەمەن ۲۶ ساڵ و خەڵکی شاری ئیسفەهان
خوێندکاری فەوقەلیسانس(ماستەر)ی ئەندازیاریی پۆلیمێری زانکۆی سەنعەتیی ئیسفەهان
ناوبراو هەڵگری بڕوانامەی لیسانسی ئەندازیاریی نەوت و پێترۆشیمی بوو.
۲۶- پووریا باقری
تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی شەهریار
خوێندکاری بەشی زانستی وەرزشیی زانکۆی شەهریار و یاریزانی والیباڵ.
۲۷- مەجید زەنگەنە
تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی خەڵکی قاسمئاباد
خوێندکاری بەشی ئەدەبیاتی نەمایشیی زانکۆی ئیقباڵ لاهووریی مەشهەد.
۲۸- ڕەئووف درەخشانمێهر
تەمەن ۱۹ ساڵ و خەڵکی شاری دزفوول
خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی ئازادی دزفوول
ناوبراو یاریزانی بۆکس بوو و لە پاڵ خوێندنەکەیەوە لە بواری کارەباشدا کاری دەکرد.
۲۹- عەلی میرزایی
تەمەن ۲۶ ساڵ و خەڵکی ئەراک
خوێندکاری فەوقەلیسانس (ماستەر)ی ئەندازیاریی کانزای زانکۆی سەنعەتیی ئەراک.
۳۰- ئەمیرڕەزا نەورۆزی
تەمەن ۱۷ ساڵ و خەڵکی موهاجران
خوێندکاری ژمێریاریی زانکۆی ئازادی ئەراک
ناوبراو تەنیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی شاری ئەراک سەردانی ئەو شارەی کردبوو و هەر لەوێش گیانی لەدەست دا.
۳۱- ئانیسا هووشەنگی
خوێندکاری تورکی تەمەن ۱۹ ساڵ و خەڵکی کووهچناری پارێزگای فارس
خوێندکاری بەشی پزیشکیی زانکۆی زانستی پزیشکیی ورمێ
شایانی باسە ناوبراو برینەکەی سووک بوو و فیشەک بەر لاقی کەوتبوو، بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان ڕێگە بە هیچ جۆرە فریاگوزارییەکی سەرەتایی بۆ ئانیسا نادەن و بەهۆی زۆریی ڕێژەی خوێنبەربوونەوە دوای ۳ کاتژمێر مانەوە لە شوێنی برینداربوونی، گیانی لەدەست دەدات و تەرمەکەی پاش شەش ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
۳۲- محەممەدمەتین ڕەنجکێش
تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی شاری ئیسفەهان
خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی کۆمپیتەری زانکۆی ئیسفەهان
ناوبراو پێشتر خوێندکاری زانکۆی یەزد بووە و ماوەی چەند مانگێک بوو گواستنەوەی بۆ ئیسفەهان کردبوو
هەروەها گرافیک دیزاینەر بوو و لەو ڕاستایەدا شارەزاییی تەواوی لە کاری دیجیتاڵ میدیا و دیزاینی ماڵپەڕدا بووە.
۳۳- ئێلێنا بەهرامی
تەمەن ۲۱ ساڵ و خەڵکی تاران
خوێندکاری بەشی زمانی ئاڵمانیی زانکۆی تاران
جێی ئاماژەیە هۆکاری گیانلەدەستدانی ناوبراو لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە خۆکوژی لە قەڵەم دراوە، بەڵام بەپێی وتەی هاوڕێ نزیکەکانی ئێلێنا، ناوبراو لە ناڕەزایەتییە گشتی و خەڵکییەکانی تاراندا بەشداریی کردووە و بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان کە دوو فیشەکیان لە شان و ملی داوە، گیانی لەدەست داوە.
۳۴- ئیلیا عەباسی
تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی ئامول
خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی باکووری ئامول
شایانی باسە ناوبراو بە برینداری لە نەخۆشخانە دەڕفێندرێت و دواتر بە بنەماڵەکەی ڕادەگەیەنن کە کوڕەکەیان گیانی لەدەست داوە و بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی یان دەبێ بڕی ۹۰۰ ملیۆن تمەن بە ناوەندی ئیتلاعاتی ئامول بدرێت یان ڕایبگەیەنن کە کوڕەکەیان بەسیجی بووە، باوکی ئیلیا دەڵێت “ئێمە باری داراییمان باش نییە و ناچار بووم بڵێم کوڕەکەم بەسیجی بووە، بەڵام هەرکەس لە ئامول کوڕەکەی من بناسێت دەزانێت کە هیچ کاتێک لایەنگری کۆماری ئیسلامی نەبوو و بەپێچەوانەوە هەمیشە ڕقی لێیان بوو.”
۳۵- محەممەدڕەزا مورادعەلی
تەمەن ۲۶ ساڵ و خەڵکی شاری تاران
خوێندکاری قۆناغی فەوقەلیسانسی ئیلاهیاتی زانکۆی تاران
هەڵگری بڕوانامەی لیسانسی ئەندازیاریی کۆمپیوتەر لە زانکۆی پیشەییی شەریف.
بەوتەی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، تەرمی محەممەدڕەزا دوای حەوت ڕۆژ لە ژێر فشار و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکاندا پاش وەرگرتنی بڕی ۱ ملیارد تمەن، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
۳۶- ئێلێنا حۆججەتی
تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی شاری تاران
خوێندکاری بەشی میکرۆبیۆلۆژیی زانکۆی تاران
شایانی باسە ناوبراو وێڕای دایکی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی تاراندا کردبوو و بە بەرچاوی دایکییەوە بریندار دەبێت، بەوتەی نزیکەکانی، هێزە ئەمنییەتییەکان ئێلێنا بە برینداری لە دایکی جیا دەکەنەوە و دوای ۳ ڕۆژ ناونیشانی شوێنی تەرمی کچەکەی پێ ڕادەگەیەنن.
۳۷- مێهرداد یەعقووبی
خوێندکاری لوڕی تەمەن ۲۸ ساڵ و خەڵکی دوروودی لوڕستان
خوێندکاری دوکتورای شیمی
هەڵگری بڕوانامەی ئەندازیاریی شیمی و دەرمانساز
پزیشکەکان بە بنەماڵەکەیان راگەیاندووە کە کوڕەکەیان بەهۆی فیشەکی تەکتیرهاوێژەوە کە ڕاستەوخۆ لە سەری دراوە، گیانی لەدەست داوە.
۳۸- ئەمیرپارسا ئەشکبووس
تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی تاران
خوێندکاری میکرۆبیۆلۆژیی زانکۆی ئازادی تاران
۳۹- محەممەدڕەزا ئاهەنگەر
تەمەن ۲۰ ساڵ و خەڵکی تاران
خوێندکاری بەشی مودیریەتی زانکۆی ئازاد.
۴۰- مەهین مەرحەمەتی
خوێندکاری تورکەمەنی خەڵکی خوراسان لە زانکۆی تاران
بەوتەی کەسە نزیکەکانی، بنەماڵەی ناوبراو ۸۰۰ کیلۆمەتر ڕێگە دەبڕن بۆ ئەوەی تەرمی کچەیەکان بگەڕێننەوە بۆ زێدی لەدایکبوونی و بە درێژاییی ڕێگاکە دایکی مەهین سەهۆڵی لەسەر تەرمی بێگیانی کچەکەی داناوە بۆ ئەوەی بە وتەی خۆیان: نەکەوێتە دەست خوێنمژانی کۆماری ئیسلامی!
۴۱- سینا کازمی
تەمەن ۲۲ ساڵ و خەڵکی تاران
خوێندکاری کۆتا تێرمی بەشی ئەندازیاریی نەرمئەفزاری زانکۆی پیشەییی شەریف
ناوبراو حەز و خولیای بۆ مۆسیقا و وەرزش هەبوو و لەو پێوەندییەدا ژەنیاری ئامێری گیتار و یاریزانی والیباڵ بوو.
۴۲- ڕزوان عەبدی
خوێندکاری کوردی تەمەن ۲۴ ساڵ، خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی تاران
خوێندکاری هونەرە جوانەکانی زانکۆی هونەری تاران
شایانی باسە ناوبراو چەن ساڵ پێش لە ئێستا دایکی لەدەست دابوو و بەو هۆیەوە وێڕای بنەماڵەی باپیری لە تاران دەژیا، ڕۆژی ۱۹ی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی تاراندا بەشداری دەکات و بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی گیان لەدەست دەدات.
۴۳- دیاکۆ سەخایی
خوێندکاری کوردی تەمەن ۳۶ ساڵ، خەڵکی ڕوانسەر
خوێندکاری فەوقەلیسانس (ماستەر)ی بەشی یاسای زانکۆی کرماشان
جێی ئاماژەیە ناوبراو چالاکانە بەشداریی لە ناڕەزایەتییە گشتی و خەڵکییەکانی کرماشاندا کردووە و ماوەی چەند ڕۆژێک لەژێر چاودێریی ناوەندی ئیتلاعاتی کرماشاندا بووە و سەر لە ئێوارەی ڕۆژی ۱۹ی بەفرانبار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بریندار دەبێت و دوای کەمتر لە کاتژمێرێک بنەماڵەکەی بە برینداری پەیدای دەکەن، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەی و زۆریی ڕێژەی خوێنبەربوونەوە لە ئامێزی دایکیدا گیان لەدەست دەدات.
۴۴- محەممەدمەهدی (ماهان) مەردانی
خوێندکاری کوردی تەمەن ۲۳ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری قودس
خوێندکاری فەوقەلیسانس (ماستەر)ی بەشی مودیریەتی زانکۆی شاهروود
شایانی باسە ناوبراو خوێندکاری بژاردەی ئەو زانکۆیە بوو و جگە لە خوێندن یاریزانی فووتساڵی یانەی سەنایەعی شاری قودسی تاران بوو.
شایەدحاڵەکان لەبارەی گیانلەدەستدانییەوە دەڵێن: “ماهان خۆی کردە قەڵغانی یەکێک لە خۆپیشاندەران کە هێزە ئەمنییەتییەکان سیرەیان لێ گرتبوو.”
۴۵- نگین قەدیمی
تەمەن ۲۸ ساڵ و خەڵکی شاری شەهسەوار
خوێندکاری بەشی بیۆتێکنۆلۆژیی زانکۆی مازەندەران
جێی ئاماژەیە نگین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە (کچێک کە لە ئامێزی باوکیدا پەڕپەڕ بوو) ناسرا و بەوتەی باوکی: “کچەکەم بەبرینداری کەوتبوو کە لە ئامێزم گرت گوتی “بابە سووتام! سووتام!” بەڵام سەختیی برینەکەی لە ڕادەبەدەر بوو و هەر چەند خولەکێک دواتر گیانی لەدەست دا”.
۴۶- شیلان ساڵحی
خوێندکاری کوردی تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی شاری بانە
خوێندکاری بژاردەی زانکۆی بەهەشتیی تاران
بەپێی وتەی بنەماڵەی ناوبراو، ناوەندی ئیتلاعاتی تاران لە بەرامبەر دانەوەی تەرمی شیلان، بڕی ۱۵۰ ملیۆن تمەنیان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە.
بنەماڵەکەی تەرمەکەیان گەڕاندەوە بۆ شاری بانە و لەوێ بە خاکیان سپارد.
۴۷- مینا ئەمیرزادە
تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی تاران
مینا خوێندکاری قۆناغی کارناسیی بەشی میکرۆبیۆلۆژیی زانکۆی کاویانی مەشهەد بوو و لە ڕێکەوتی ۱۹ی بەفرانباردا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست دا.
بەوتەی شایەدحاڵان ناوبراو لە ناڕەزایەتییەکانی تاراندا وێڕای باوکی بەشدار بووە، بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار دەبێت و لە باوەشی باوکیدا گیانی لەدەست دەدات.
۴۸- یەزدان تەمەننا
خوێندکاری تەمەن ۱۹ ساڵی ئەندازیاریی کارەبا لە مەشهەد، کە لە ڕۆژی ۱۸ی بەفرانباردا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەست دا.
بەوتەی کەسانی نزیکی یەزدان، ناوبراو وەرزشوان بوو و خاوەنی پشتوێنی ڕەشی تێکواندۆ بوو.
یەزدان بە برینداری گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، پاش ئەوەی لەوێ گیانی لەدەست دەدات، بنەماڵەکەی بە هەوڵێکی زۆر تەرمەکەی وەردەگرنەوە. لە هەمان کاتدا گوشارێکی زۆریان بۆ بنەماڵەکەی هێنابوو کەوا وەک کەسێکی سەر بە ڕێژیم بناسێنرێت، بەڵام بنەماڵەکەی ئەو داوایەیان بەتەواوی ڕەد کردووەتەوە.
۴۹- حوسێن فەررەهی
تەمەن ۳۲ ساڵ و خوێندکاری کارناسیی باڵا (ماستەر)، ڕۆژی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانبار لە شەقامی پیرووزیی تاران، حەوت فیشەکی لێ دەدەن کە یەک لە فیشەکەکان ڕاستەوخۆ لە دڵی دراوە، هەر بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
ناوبراو لەو کەسانە بوو کە لەدوای گیانلەدەستدانی، ناوەندە ئەمنییەتییەکان گوشارێکی زۆریان خستبووە سەر بنەماڵەکەی بۆ ئەوەی وەک لایەنگری ڕێژیم بیناسێنن و بنەماڵەکەی نەچبوونە ژێر باری ئەم گوشارانەوە.
۵۰- سەحەر فەللاح
خوێندکاری بەشی بەڕێوەبەریی بیمەی زانستگەی خارەزمی و مامۆستای زمانی ئینگلیسی بوو. سەحەر تەمەنی ۲۵ ساڵ بوو و تاقە کچی بنەماڵەکەی بوو، ڕۆژی ۱۹ی بەفرانبار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی جۆری شاتگان گیانی لەدەست دا، تەقەکە لە نزیکەوە و لە سەری کرابوو.
شایانی باسە دایکی ناوبراو لە ترسی ئەوەی تەرمەکەی لەلایەن هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بدزرێ، هەتا بەیانی تەرمی بێگیانی تاقە کچەکەی لە باوەش گرتووە.
سەحەر پێش لە مەرگی نووسیبووی: “کێ دەزانێ چەندەم هەوڵ داوە بۆ ئەوەی ڕۆحم بەجوانی بمێنێتەوە، لە کاتێکدا جیهان پڕ لە ڕەنج و مەینەتە؟ لە نێوان وێرانی و مەینەتدا، مرۆڤ ئەرکدارە دڵی نەداتە دەست ناشیرینی و دزێوی.”
کوشتنی خوێندکارانی ناڕازی و سەرکوتی ڕەهای ئەم توێژە ڕادیکاڵە نیشان لەوەیە کۆماری ئیسلامی بەتەواوی لە توێژی خوێندکار دەترسێت و بە هەموو جۆرێک دەیهەوێت ئەم توێژە ئاگا و بەهەڵوێستە سەرکوت بکات.
شایانی باسە ئەم زانیارییانە لە دۆخێکدا کۆ کراونەتەوە کە ئینتێرنێت بەتەواوی پچڕاوە و تا ئێستا ئەم هەواڵانە گەیشتووەتە دەستی ئێمە و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، بەدڵنیایییەوە ئەمە تەنیا بەشێکی بچووک لەو پێشێلکارییانەیە وا لە هەمبەر خوێندکاران لە ئێراندا ڕوویان داوە.
هەروەها ئێمە وەک یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان پێشتریش ڕاپۆرتێکی دیکەمان لەسەر خوێندکاری گیانبەختکردوو بڵاو کردەوە، ئەمەی لەبەردەستتاندایە ڕاپۆرتی دووەممانە.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
۱۱ـی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ی کوردی ۱ـی فێوریەی ۲۰۲۶ی زایینی





