ڕۆژی چوارشەممە ۲۴ی بەفرانبار یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاریی بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی کۆیە، بۆ پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییە ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی کارەساتباری ڕۆژاوای کوردستان گردبوونەوەیەکی بەرینی بە بەشداریی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی یەکیەتیی خوێندکاران، کۆمەڵێک لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی کۆیە و ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زانکۆی ئەو شارە بەڕێوە برد.

سەرەتای گردبوونەوەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان بەتایبەت شەهیدانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لەلایەن خاتوو “ئاگرین محەممەدی” ئەندامی هەیئەتی ئیجراییی یەکیەتیی خوێندکارانەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: “هەرچەشنە دەسدرێژی و سەرکوتێک لە هەر کوێی ئەم دنیایە بۆ سەر ئەم نەتەوەیە بەتوندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و داواش لە هەموو ڕێکخراوە مەدەنی و حکوومەتییەکانی هەموو وڵاتانی دەوروبەر و جیهان دەکەین، لە بەرامبەر ئەم ڕەشەکوژییەی دەوڵەتانی ناوەندیی زاڵ بەسەر ئێران و سووریەدا بێ‌دەنگ نەبن و دژکردەوەی کردارییان هەبێت.”

لە درێژەی پەیامەکەدا ئاماژە بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی خوێندکاران لە ئێران‌دا کرا و سەرکوتی ئەو ناڕەزایەتییانە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە شەرمەزار کرا و داوا لە خوێندکارانیش کرا کە دەنگی ناڕەزایەتیی هاوتوێژەکانیان لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گوێی هەموو دنیادا بگەیەنن.

پاشان خاتوو “پۆرشیا کارزان” خوێندکاری بەشی ئەدەبیاتی ئینگلیسیی زانکۆی کۆیە، پەیامی خوێندکارانی زانکۆی کۆیەی بۆ پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە بەشێکی دیکەدا شێعرێکی نیشتمانی لەلایەن خاتوو “سایە عەلی” خوێندکاری بەشی ئەدەبیاتی ئینگلیسیی زانکۆی کۆیەوە خوێندرایەوە.

لە کۆتایی‌دا وێڕای وتنەوەی چەند دروشم کە بریتی بوون لە: “ڕۆژاوا ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە” و “ڕۆژهەڵات تەنیا نییە، باشوور پشتیوانییە” لەلایەن بەشدارانەوە، لێدوان لە بەشێک لە ئامادەبووان وەرگیرا.

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید