دوابەدوای ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خوێندکاران بەبۆنەی کەمیی خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت لە بواری خۆراکەوە شۆرای پیشەییی زانکۆی بەهەشتی لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سەرۆکی زانکۆ، دوکتور ئاقامیری لەسەر دۆخی نەگونجاو و خراپی شوێنی خواردنوەرگرتنی زانکۆ ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
لە نامەکەدا ئاماژە کراوە بەوەی دۆخی ئێستای شوێنی وەرگرتنی خواردنەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی خوێندکاران هەیە و جەختیش کراوەتەوە وەها دۆخێک “شیاوی زانکۆی بەهەشتی نییە”.
بەپێی نێوەرۆکی نامەکە شۆرای سێنفی لە هەمبەر چەند کێشەی وەک: لاوازیی کوالێتیی خواردنەکان، نەبوونی جۆراوجۆری، ڕیزبەندیی دوورودرێژ، دۆخی تەندروستیی ناتەواو، دابەشکردنی ناڕێک بۆ خابگاکان و هەروەها نەهێشتنی خۆراکی جێگرەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
لەکۆتاییدا شۆرای سێنفیی خوێندکاران وێڕای داوای خستنەڕووی پلانێکی دیاریکراو بۆ باشترکردنی دۆخی شوێنی وەرگرتنی خواردنەکان، هۆشدارییان داوە گەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، لە هەموو ڕێکارێکی یاسایی بۆ بەدواداچوونی مافی خوێندکاران کەڵک وەردەگرن.



