شۆرای سێنفیی زانکۆی سەنعەتیی شەریف لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ وەزیری زانست، پلانی بەناو “ئینتێرنێتی چینایەتی”ـی بە سووکایەتیکردن بە تێگەیشتووییی خەڵک و هەنگاوێک بۆ دواوە لە ڕێگەی دادپەروەریی پێوەندییەکاندا زانی.
دوابەدوای لابردنی فیلتێری یووتیووب بۆ مامۆستایان و خوێندکارانی بەشێک لە زانکۆکان، ئەو شۆرایە ڕایگەیاند: “دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە ئینتێرنێت چاکەی دەوڵەت نییە، بەڵکوو مافی هەموو خەڵکە”.
لەو نامەیەدا ڕەخنە لە وەزارەتی زانست گیراوە کە لەجیاتی ئەوەی هەوڵی نەهێشتنی فیلتێرکردن بدات، دەسپێشخەریی هەڵاواردنی لە دەسڕاگەیشتنەکاندا کردووە. خوێندکاران پرسیویانە: “ئەگەر ئامانج پەروەردە بێت، بۆچی کرێکاران و گەنجان لەو مافە بێبەش دەکرێن؟ ئایا فێربوون تەنیا بۆ چینێکی دیاریکراوە؟”
هەروەها ئەو شۆرایە، وێڕای ئەوەی کە تێڕوانینی دەوڵەتی کۆنتڕۆڵکەر و لە سەرەوە بۆ خوارەوە ناو برد کە فەزای فکریی کۆمەڵگەی لە وەستاندا ڕاگرتووە، جەختی لەوە کردەوە کە یوتیووب تەنیا ئامرازێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکوو میدیایەکی جیهانییە کە خزمەت بە زانست و کولتوور دەکات.
خوێندکارانی زانکۆی شەریف هۆشدارییان داوە پۆلێنکردنی دەسڕاگەیشتن، پێشێلکردنی بەڵێنەکانی دەوڵەت لەمەڕ ئازادیی ئینتێرنێتە و ئەم سیاسەتانە بۆشاییی نێوان دەسەڵات و خەڵک قووڵتر دەکەنەوە.



