لە درێژەی گرتن و دەسبەسەرکردنەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەمڕۆ دووشەممە ۱۲ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴ چەند سیمای ناسراوی بواری کولتووری و ڕووناکبیریی ئێران دەسبەسەر کران.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر ماڵی “شیرین کەریمی”، نووسەر و وەرگێڕ و توێژەر و وێڕای ئەوەی دەستیان بەسەر کەلوپەل و کتێبەکانی ناوبراودا گرت، خۆیشیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستەوە، کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتنی شیرین کەریمی لەبەردەستدا نییە.
شیرین کەریمی ماستەری کۆمەڵناسیی لە زانستگەی تاران وەرگرتووە و خاوەنی چەند کتێب و وەرگێڕان لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی و کۆمەڵناسییە.
هەر لەم پێوەندییەدا هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە هێرشکردن بۆ ماڵی “مەهسا ئەسەدوڵڵانژاد”، کۆمەڵناس و توێژەر، لەگەڵ ئەوەی دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسیی ناوبراودا گرت، خۆیشیان بۆ شوێنێکی ناڕوون گواستەوە.
ئەم هێرشکردن و ڕاگواستنی بێهۆکار و ناڕوونە لە پێوەندی لەگەڵ “پەرویز سداقەت” و “محەممەد ماڵجوو”شدا کراوە، کە هەردووکیان لە ئابووریزانانی دیاری کۆمەڵگەی ئێرانن.
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لەدوای شەڕی دوازدە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، دەستی کردووە بە ڕەشبگیرێکی نوێ و لەم شەپۆلە لە گرتن و دەسبەسەرکردنانەدا سەدان چالاکی سیاسی و مەدەنیی بە تۆمەتی بێبنەما ڕەوانەی بەندیخانەکان کردووە.



