“پەروین حەیاتی” دایکی ئیحسان فەریدی، لە ئینستاگرامی خۆیدا ئەم هەواڵەی بڵاو کردەوە: “سێ ڕۆژە ئاگامان لە کوڕەکەمان نییە. دوای بەدواداچوونێکی زۆر زانیومانە ئیحسانیان ڕاگواستووە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی تەورێز.”
لە درێژەدا نووسیویەتی: “ئەم بێهەواڵییە ستەمێکی ئاشکرایە بەرامبەر بە بنەماڵەکەمان و لە هەمان کاتدا پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشە.”
ئیحسان فەریدی تەمەنی ۲۲ ساڵە و خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی بەرهەمهێنانی زانستگەی تەورێز بوو، ئێستا ۱۷ مانگە دەسبەسەر کراوە و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندووە.
دۆسییەی ناوبراو دۆسییەیەکی ناڕوونە و بەناو دادگای پێڕاگەیشتنەکە لەژێر کاریگەریی ئیدارەی ئیتلاعات و بۆچوونی لێکۆڵەرانی ئەو ئیدارەیەدا ئەم سزا قورسەیان بەسەریدا سەپاندووە و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق بە “فساد فیالارض” مەحکووم کراوە.
کۆماری ئیسلامی لەم دوایییانەدا خێرایییەکی زیاتری بە ئێعدامەکان داوە و شەپۆلێکی نوێی لە ئێعدام وەڕێ خستووە کە چەندین ناڕەزایەتیی نێوخۆیی و دەرەکیی لێ کەوتووەتەوە. هەر لەم پێوەندییەدا چەندین ڕاگەیەندراوی پاڵپشتی لە زیندانییانی مەحکووم بە ئێعدام لەلایەن هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییە جۆراوجۆرەکانەوە بڵاو بووەتەوە.




