ڕۆژی هەینیی ۲۵ـی ڕەزبەری ۱۴۰۴ی هەتاوی، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەبۆنەی کردنەوەی زانکۆیەکی کوردی لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو. لەم کۆنفرانسەدا هەیئەتێک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی کرد.

بەڕێز کاک مستەفا هیجری بەم بۆنەوە لە وتارێک‌دا، باسی لە بایەخ و گرینگیی ڕۆڵی زمان کرد، کە دەتوانێ تا چ ڕادەیەک لە مانەوە و گەشەسەندنی نەتەوەیەک‌دا نەخشی هەبێ. بەڕێزیان هەر لە درێژەدا باسی لەوە کرد زمان هەوێنی سەرکەوتنە بۆ خەباتی لەمێژینەی گەلی کورد، چونکە زمانی کوردی بە درێژاییی مێژوو ڕۆڵی سەرەکیی گێراوە لە زیندوو هێشتنەوەی شوناسی ئەم نەتەوەدا.

کاک مستەفا لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی‌دا، پەرژایە سەر ئەوەی کە کردنەوەی زانکۆیەکی لەم شێوازە چەند هەنگاوێکی گرینگە و دەتوانێ کاریگەریی زۆر گەورە و ئەرێنی دابنێ، لەگەڵ ئەوەی هەوڵی ئەم زانکۆیە و مامۆستاکانی بە خەباتێکی زانکۆیی لە قەڵەم دا کە دەتوانێ کەلێنەکان لەو بارەوە پڕ بکاتەوە، هیواشی خواست هەوڵی لەم چەشنە هەرچی زووتر لە وڵاتانی تریش پەرە بستێنێ.

لە کۆتایی‌دا بەڕێزیان ئاماژەی بەوە کرد ئەرکێکی مێژوویی و گرینگە کەوا کەوتووەتە سەرشانی هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی پێش بە پلان و پیلانی دەوڵەتانی فاشیست و داگیرکەر بگرن، پاڵپشتی لەم هەنگاوە گرینگە بکەن.

کۆنفڕانسی کردنەوەی زانکۆی کوردی لە ئاڵمان ڕۆژی هەینی بە بەشداریی کۆمەڵێک ئاکادیمیسیەنی ئاڵمانی و کورد هەروەها بەشداریی چەند حیزبی کوردستانی لە چوار پارچەی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید