لە ڕۆژانی ڕابردوودا شایەدی سەرهەڵدانی گەڕێکی دیکە لە ناڕەزایەتیی خوێندکاران بەدژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بووین کە هەتا ئێستاش بەردەوام بووە. لەدوای کوشتاری هەزاران‌کەسیی خەڵکی ناڕازی لە مانگی بەفرانباردا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئەوە خوێندکارانی بوێر بوون جارێکی دیکە ترسیان ڕەواندەوە و لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی‌دا وەستاونەتەوە و لەدژی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن، کە جێی سەرنج و ئافەرین‌پێ‌وتنە.

لەم کاتە هەستیارەدا کەوا کۆماری مرۆڤ‌کوژی ئیسلامی بەرەوڕووی کۆمەڵێک قەیرانی گرینگ بووەتەوە و بەتەواوی ڕەواییی خۆی لەدەست داوە و سەرەڕای سەرکوتی دڕندانە، نەیتوانیوە ناڕەزایەتییەکان بکوژێنێتەوە؛ توێژی خوێندکار مەشخەڵی ڕزگاری و ئازادییان بە هەڵکراوەیی هێشتووەتەوە.

ئەمڕۆ وڵاتی ئێران لە بەردەم گۆڕانێکی بنەڕەتی‌دایە و ناڕەزایەتیی خەڵک و خوێندکارانی ئەو وڵاتە هەروا بەردەوامە. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی لە مانگی بەفرانباردا بە فیشەک و ڕەگبار وڵام دایەوە، بەڵام نەیتوانیوە دەنگی ئەو ناڕەزایەتییانە کپ بکات و تەقەی فیشەک بەسەر هاواری ڕزگاری‌دا زاڵ بکات.

لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستە دەنگ و چاو و گوێی توێژی ڕادیکاڵ و مەیدانداری خوێندکار بین و داوا بکەین لە هەموو چین و توێژ و پیشەیەکی دیکەش هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەم توێژە ئاگا و ماف‌ویستە دەرببڕن.

زانکۆ و خوێندکار هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی دژایەتیی سیستمە دیکتاتۆرەکان‌دا بوون، لە ئێستاش‌دا وێڕای دژایەتیی سیستمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی دەبێ هەوڵ بدەین دژایەتیی تەواوی خۆمان لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەی وا بەهیوان دوای نەمانی کۆماری ئیسلامی سیکلی دیکتاتۆری بەرهەم بێننەوە، دەرببڕین و لە بەرامبەریان‌دا بە هەموو هێز و توانای خۆمان بوەستینەوە. پێویستە ئەو دروشمانەی وا سنووربەندیی زەقیان لەگەڵ هەر ویستێکی نادێموکراتیک‌دایە بەرزتر بکرێنەوە، دروشمی وەک: “نە سلطنت نە رهبری، دموکراسی برابری”، ” مرگ بر ستمگر، چە شاە باشە چە رهبر”، “مرگ بر دیکتاتوری” و… خاڵی جیاوازییە لەگەڵ پاوانخوازی‌دا و پێویستە هەموو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەم دروشمانە بڕازێنرێنەوە.

ئێمە وەک یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە پێگەی توێژی فیداکار و ماف‌ویستی خوێندکار، پاڵپشتیی تەواوی خۆمان لەم ناڕەزایەتییانە و داواکاریی خوێندکاران ڕادەگەیەنین و جینایەت و دڕندەییی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین و لە هەمان کات‌دا داوا لە هەموو خوێندکاران دەکەین پەیوەستی ئەم ناڕەزایەتییانە بن و دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی هاوتوێژەکانیان؛ لە هەموو چین و توێژ و ئەنجمونە سینفی و سەندیکایی و حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەخوازین پشتیوانیی خۆیان بۆ توێژی شۆڕشگێڕی خوێندکار دەرببڕن.

سەر کەوێ خەباتی خوێندکاران!
نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی و هەموو دەسەڵاتێکی ناوەندگەرا!

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
٦ـی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here