ڕێنوار شەرەفکەندی
پێشەکی: مەعریفە و دەسەڵات لە سەردەمی دەوڵەت–نەتەوەدا
لە سەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە مۆدێرنەکانەوە، زانکۆ بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانە گرینگەکانی بەرهەمهێنانی دەسەڵات و نەزمی کولتووری. زانکۆ تەنیا شوێنی پەروەردە نییە، بەڵکوو ئامێرێکە کە دەوڵەت لەو ڕێگەیەوە نەزمی فیکری، بەها و ئەرزشەکانی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. لەم پێکهاتەیەدا خوێندکار سووژەیێکە کە لە چوارچێوەی سیستەمی دەوڵەت-سەنتەریدا پەروەردە کراوە؛ هەڵگری زمان و بەها و دیدگای دەوڵەتە، تەنانەت کاتێک لەدژی یاخی دەبێت.
لە ئورووپا، لە سەدەی نۆزدەهەمەوە تا بزووتنەوەکانی شەستەکانی سەدەی بیستەم، خوێندکاران توانییان لە ساتەوەختە مێژوویییەکاندا ئەم پێکهاتەیە بشکێنن.
لە فەڕانسە، ئاڵمان و ئیتالیا بزووتنەوە خوێندکارییەکان بوونە بەرهەڵستکاری ئیمپریالیزم و نەزمی بۆلیڤاری. ئەوان بەدوای “ئازادیی زانکۆ لە دەوڵەت” و “ڕزگارکردنی مەعریفە لە دەسەڵات”دا دەگەڕان، بەڵام لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی دواکۆلۆنیالیزم (پۆست کۆلۆنیالیزم)دا، دۆخەکە زیاتر و زیاتر دووفاقە دەبوو، بەو پێیەی دەوڵەت خۆی هێشتا درێژەپێدەری ئامێری کۆلۆنیالیزمی کۆن بوو – بە زمانێکی فەرمی، مێژوویەکی فەرمی و نەزمێکی ئیپیستمۆلۆژیک کە لە کۆلۆنیالیزمی ئورووپایییەوە وەریگرتبوو، دەجووڵایەوە و کۆلۆنییەکانی دەچەوساندەوە.
لە کۆلۆنیالیزمی دەرەکییەوە بۆ کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی
لێرەدا بۆ چوونە نێو بابەتەکە، لە وتاری “کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر”ی” سارۆ ئەردەڵان” کەڵک وەردەگرم بۆ ئەوەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی پێناسە بکەم.
لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کۆلۆنیالیزم بۆ سەر کوردستان دەرەکی نەبووە، بەڵکوو پێکهاتەکانی دەسەڵاتی نەتەوەیی لەنێو ئەو جوغرافیایە لۆژیکی کۆلۆنیالیزمیان بەرهەم هێناوەتەوە: نەتەوە جیاوازەکان لە پێوەندی لەگەڵ ناوەند هیچ مافێکی کولتووری و ئابووری و سیاسییان نییە، تەنیا بەشێکن لە “ئێرانی مەزن”. زمانە نافارسییەکان لە پێوەندی لەگەڵ زمانی فەرمی و لە ئاستی کولتووریدا، “ناسنامەکانی دیکە” لە پێوەندی لەگەڵ “ناسنامەی نەتەوەیی”؛ ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە دەکرێت پێی بڵێین کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی (Internal Colonialism). کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی واتە بوونی پێوەندییەکی نایەکسان لە نێوان ناوەند و پەراوێزدا لە چوارچێوەی یەک سنووری سیاسیدا. دەوڵەت لە ڕیزبەندییەکی لەو جۆرەدا ڕۆڵی “کۆلۆنیالیزەری گەورە” دەگێڕێت – بەبێ بوونی کۆلۆنیالیزەرێکی بیانی.
لێرەدا خوێندکارانی کورد کاتێک دەچنە زانکۆکانی ناوەندەەوە، پێ دەنێنە نێو جیهانێکەوە کە پێدەچێت بۆیان داڕێژرابێت.
خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئێران
خوێندکاری هاوچەرخی کورد لە تاران و شارە گەورەکان، کاتێک دەچێتە نێو ژینگەیەکەوە کە هەم ناوەندی دەسەڵاتی سیاسییە، هەم ناوەندی بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفەیە وهەروەها ناوەندی نوێنەرایەتیی کولتوورییشە. ئەم ژینگەیە وا دەخوازێت لە چوارچێوەی زمان و شوناسی گشتیی نەتەوەی ئێراندا خۆی پێناسە بکاتەوە. لەم پرۆسەیەدا زۆر لایەنی “بوونی”ـی ئەو لەنێو دەچن یان بێدەنگ دەکرێن: زمانی دایک، ئەزموونی ژیاوی و یادەوەریی مێژووییی بەکۆمەڵ. خوێندکار لە زانکۆ ئامادەیە، بەڵام زمانەکەی و کولتوورەکەی و ئاسۆی ژیانی لە دەقی فەرمیدا لەبەین دەچن. ئەم نەبوونەش هەمان بارودۆخی کۆلۆنیالیزمە لەنێو وڵاتدا: خوێندکار لە جەستەدا ئامادەیە، بەڵام ڕۆحی دەربەدەرە. دەوڵەت داوا دەکات ببێتە سووژەیێکی دەستەمۆکراوی – “قوتابیی ئێرانی مۆدێرن”. لام وایە لە دۆخێکی وادا خوێندکاری کورد ئەرکێکی هەیە کە لە ڕۆڵی ئاساییی “خوێندن” تێدەپەڕێت. ئەرکی ئەو سێلایەنەیە: خۆئاگابوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێکهاتەی دەسەڵات.
قۆناخی یەکەم: ئەوەیە کە خۆی لە پێوەندی لەگەڵ پێکهاتەی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا بناسێت. دەبێت بزانێت کە لە زانکۆدا تەنیا هاووڵاتی یان خوێندکار نییە، بەڵکوو سووژەیێکی مەوقەعیەتمەندە _ سووژەیێک کە سیستەمی پەروەردەیی و زمانی فێرکردن و بەها زانستییەکان پێشوەختە بۆی دیاری کردوون . ئەم دانپێدانانە سەرەتای ڕزگاربوونە، چونکە تێگەیشتن لە دۆخی مرۆڤ بە واتای تێپەڕاندن لە بێناسنامەیی دێت.
بیرمەندە گەورەکان (فانۆن و سپیڤاک و سەعید) فێرمان دەکەن کە یەکەم هەنگاو بۆ ڕزگاربوون گوێگرتنی دەنگی پەراوێزخستەنەوەیە لە هەناوی خۆماندا. ناسینی خۆت گەڕانەوەیە بۆ “ئەویتریێکی خامۆش”ـی ناوەنوو.
قۆناخی دووهەم: بریتییە لە هەوڵدان بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ سووژە هاوبیرەکانی تر – نەک تەنیا خوێندکارانی کورد، بەڵکوو هەر گرووپێک که لەنێو زانکۆ و کۆمەڵگەدا پەراوێز بخرێت (بەلووچ، ژن و کەمینه جێندەرییەکان)، بەڵام لە سەرەتادا دەبێت ئەم پێوەندییە، پێوەندیێکی جیاوازتر و سنووردارتر بێت، چ لە ڕووی کردارییەوە و چ لە ڕووی ئایدیۆلۆژیکییەوە، لەگەڵ دروستکردنی تۆڕی کۆمەڵگەکەی خۆت.
ئەم پێوەندی و تۆڕ سازکردنە، تەنیا ناڕەزایەتییەک نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنانی تۆڕێکی هۆشیارییە؛ تۆڕێک کە دەنگی بەهێزی پەراوێزخراو لە بەرامبەر یەکدەنگیی دەوڵەتدا دروست دەکات. دۆستایەتی بەم مانایە کردەی سیاسییە؛ ئەوەی ژیل دیلۆز بە “هاوڕێیەتیی فەلسەفی” ناوی دەبات – هاوڕێیەتییەک کە ڕاستی لە فۆڕمی فەرمی، خۆی ڕزگار دەکات و زمانێکی دیکە بۆ سەردەم دروست دەکات.
قۆناخی سێهەم: ڕووناکبیری و گەڕاندنەوەی ڕۆحی سەردەمە. لە کۆتاییدا خوێندکاری کورد دەبێ هەوڵی وەرگرتنەوەی ڕۆحی سەردەم لە قۆرخکاریی دەوڵەت بدات. دەوڵەت، لە سیاسەت، لە ڕاگەیاندن و لە زانکۆدا، بانگەشەی دەربڕینی ڕۆحی میللەت دەکات. هۆشیارکردنەوە واتە شکاندنی ئەم قۆرخکارییە و گەڕاندنەوەی ڕۆحی سەردەم بۆ گەلەکەی، بۆ کۆمەڵێک بابەتی فرەلایەن لەنێو کۆمەڵگەی خۆت. ئەم ئەرکە ڕەنگە بە تاک دەست پێبکات – لە شێوەی نووسین، قسەکردن، یان تەنانەت پاراستنی زمانی دایکی مرۆڤ لە گفتوگۆی ڕۆژانەدا – بەڵام دەتوانێت ببێتە کردەوەی بەکۆمەڵ، وەکوو بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی کولتووری، دروستکردنی پڕۆژەی توێژینەوە لە پەراوێز و لەنێو زانکۆدا.
بەراوردکردن لەگەڵ خوێندکارانی تری کورد لە جیهاندا
خوێندکارانی کورد لە وڵاتانی دیکەی وەک تورکیە و ئێراق و سووریە ئەزموونێکی هاوشێوەیان هەبووە. لە تورکیە زانکۆکانی ژێر دەسەڵاتی تورک، حاشایان لە بوونی نەتەوەی کورد کردووە، لە هەولێر و سلێمانی سەرەڕای بوونی ئۆتۆنۆمی، خوێندکارانی کورد هێشتا نیگەرانییان هەیە سەبارەت بە سەربەخۆییی ئیپیستمۆلۆژیک لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا. تەنانەت لە ئورووپاش خوێندکارانی کورد لە دیاسپۆڕا، پرسی پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و بەرهەمهێنانی مەعریفەی سەربەخۆ وەک پرسێکی سەرەکی دەبینن.
ئەوەی لە هەموو ئەم ئەزموونانەدا هاوبەشن، هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی زانستە لە پەراوێزەوە؛ خوێندکاری کورد، چ لە تاران بێت یان لە بێرلین، سەرقاڵی هەمان پرسیاری بنەڕەتیی فانۆنە: چۆن دەتوانم سووژەیێکی جیهانی بم ئەگەر سەرەتا خۆم لەو کۆلۆنیالیزمە ڕزگار نەکردبێت کە لە ناخمدا نیشتەجێ بووە؟
ئەنجام:
لە کۆلۆنیالیزمەوە بۆ ڕۆحی ڕزگاری: خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئێراندا، وردە گەردوونێکە لە دۆخی کۆمەڵگەی کوردی لە نەزمی نەتەوەییی ئێراندا، واتا بوونی جەستە و نەبوونی ڕۆح، بەڵام هەر ئەم دۆخە دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێکی گۆڕانکاری. تێگەیشتن لە دۆخی خۆت، وەرگرتنەوەی زمان و یادەوەری و پێوەندیکردن لەگەڵ کوردەکان. لە کۆتاییدا ئەرکی خوێندکاری کورد ئەوەیە کە هێگڵ ناوی دەبات “ڕۆحی جیهان” – گەیست دیس وێڵت – ئەو ساتەی کە هۆشیاری سنووردارکردنی دەرەکی تێدەپەڕێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ خودی مێژووییی خۆی.
خوێندکارانی کورد ئەگەر بتوانن ئەم ڕێگایە بگرنە بەر، چیی تر تەنیا خوێندکاری “قەومێکی ئێرانی” نابن، بەڵکوو سووژەی ئازادی سەردەمێک دەبێت؛ دەبێتە کەسێک کە بتوانێت مێژوو بنووسێتەوە، نەک لە پەراوێزدا، بەڵکوو هەر لە دڵی ئەو پەراوێزەی کە سەرچاوەی هێز و دەسەڵاتێکی نوێ دەبێت.
سپاس بۆ “هەڵگورد جەوانمەردی” کەوا یارمەتیدەرم بوو.





