توێژی خوێندکار لە مێژووی ئێران‌ بەگشتی و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا یەکێک بووە لە گرنگترین کۆڵەکەکان و بزوێنەری کۆمەڵگە، کە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی بەنسبەتی کۆمەڵگەکەی لە ئەستۆ گرتووە. خوێندکار نەک تەنها توێژێکی فێرخواز و  خوێنەرە، بەڵکوو هێزێکی  بیرمەند، وشیار و ئاگایە کە لەسەر دۆخی سیاسیی کۆمەڵگەکەی زانیاریی هەیە و ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر توێژەکانی تری کۆمەڵگە هەیە و زۆر جاریش داینامۆی جووڵەکانە.
لە زۆربەی وڵاتان‌دا زانکۆ و خوێندکار، بزوێنەری دەستپێکی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانن و باوەڕی ئازادییان لە زانکۆوە گواستووەتەوە بۆ سەر شەقام.
ناڕەزایەتیی خوێندکاران تەنیا ناڕەزایەتییەکی پیشەیی نییە، بەڵکوو وێنەیەکە لە ناڕەزایەتیی گشتیی کۆمەڵگە. کاتێک خوێندکار دەنگی ناڕەزایەتیی بەرز دەکاتەوە، ئەو دەنگە دەنگی نەوەیەکە کە  چارەنوس و داهاتووی وڵات وێنا دەکات.
کێشەی بێکاری، گرانی، ناڕوونیی داهاتوو، سانسۆر و سەرکوت و… هەموو ئەو هۆکارانەن کە خوێندکاران بەرەو ناڕەزایەتی دەبەن و ئەم ناڕەزایەتییانەش کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە دەبێت.

بزووتنەوەی نوێی خوێندکاری لە چوارچێوەی دۆخی ئێستادا باکگراوندێکی بەهێزی سیاسیی لە پشتە. ئەم بزووتنەوەیە ڕاستەوخۆ لە بزووتنەوە بەئاکام‌نەگەیشتووەکانی پێشوو و هەروەها بەتایبەتی لە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» ئیلهامی وەرگرتووە؛ بە واتایەکی تر ئەمەی ئێستا گڕی ئەو ژیلەمۆیەیە. تەنانەت ئێمە گەر سەرنجیش بدەین دروشمەکانیش لێک نزیکن و هەندێک دروشم دووپاتە دەبنەوە، ئەمە نیشان لەوەیە ئەو بزووتنەوەیەی سێ ساڵ لەمەوبەر هێشتا زیندووە و هیچ بزووتنەوەیەکی تر ناتوانێ لەژێر کاریگەرییەکانی دەربچێت.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە دروشمی سەرەکیی ژن، ژیان، ئازادی، بزووتنەوەیەک بوو کە ترسەکانی شکاند و یەکسانی و ژیان و کەرامەتی مرۆییی کرد بە داواکارییەکی سیاسی کە خەڵک داوای بکەن نەک بەتەنیا توێژێکی تایبەت.
ئەمڕۆکە خوێندکاران لەو بزووتنەوەیە فێر بوون کە ناڕەزایەتی تەنها بە دروشم  ناکرێت، بەڵکوو بەردەوامی، ڕێکخستن، تێچوودان، لەمەیدان‌دابوون و لەخۆبوردووییی دەوێت.
ئەمڕۆ خوێندکاران بە شێوەیەکی وشیارانەتر، ناڕەزایەتییەکانیان لە چوارچێوەی داواکاریی گشتیی کۆمەڵگەدا دەخەنە مەیدان. ئەوان بەجوانی لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کە دەبێ ویست و داواکارییەکان ڕێک بخرێن و هاوکات بن، هەروەها لەو ڕاستییە گرنگەش تێگەیشتوون کەوا گۆڕانکاریی ڕاستەقینە تەنیا بە یەک توێژ یان یەک دروشم  ناکرێت، بەڵکوو بە یەکگرتووییی نێوان خوێندکاران، بازاڕییان، کرێکاران، ژنان، مامۆستایان و هەموو چین و توێژە ناڕازییەکان دەکرێت.
لە داهاتووی ئێرانێکی دێموکراتیک‌دا، ڕۆڵی خوێندکار زۆر گرنگ دەبێت. خوێندکار دەتوانێت ببێتە بنەمای دروستکردنی کولتووری دێموکراسی، ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، مافی مرۆڤ و دروستکردنی متمانە. زانکۆ دەتوانێت ببێتە شوێنی ڕاهێنان بۆ نەوەیەکی نوێ کە دەتوانێت وڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ئازاد بەڕێوە ببات و چوارچێوەیەکی سیاسیی پێشکەوتوو بنیات بنرێت.
خوێندکار بنەمایەکی گرنگە بۆ بنیات‌نانی  کوردستانێکی ئازاد و ئێرانێکی دێموکرات لە داهاتوودا.

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید