لە چەند مانگی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی لە زانکۆ گەورەکانی ئێران، بەتایبەت زانکۆی تاران، زانکۆی پیشەسازیی شەریف و زانکۆی بەهەشتی و خاجە نەسیر و… سەری هەڵدا. خوێندکاران بە پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و دروشمدان، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە چەندین بابەتی جیاواز لەوانە: دەرکردنی سزای سێدارە بۆ چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، نزمیی ئاستی پێڕاگەیشتن، هەڵاواردن، خوێندنی پووڵی، کێشەی ئینتێرنێت، کێشەی خەوگە و… دەربڕی.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی دابەزینی زیاتری بایەخی تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا، سەرەتا لە بازاڕی موبایلی تاران چەندین ناڕەزایەتیدەربڕین ڕوویان دا و وردەوردە بۆ چەند شاری تریش گواسترایەوە. لەم نێوەدا خوێندکارانیش ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە زانکۆوە گواستەوە بۆ سەر شەقامەکان و وێڕای خەڵک لەو خۆپیشاندانە مەدەنییەدا بەشدارییان کرد و جارێکی دیکەش سەلماندیان توێژی خوێندکار لە ئاست پرس و کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکاندا بێدەنگ نابێت و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی بە گوێی دەسەڵاتدا دەگەیەنێت.
توێژی ئاگامەندی خوێندکار، لە مێژووی تێکۆشانی پیشەیی و سیاسی-کۆمەڵایەتیی خۆیدا هەمیشە یەکێک لە توێژە بزوێنەرەکانی کۆمەڵگە بووە، بە جۆرێک کە بەشێک لە گۆڕانە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان سەرەتا لە زانکۆوە دەستی پێکردووە، ئینجا گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگە. لە ئێستادا زۆربەی کارناسانی بواری سیاسی و چاودێرانی سیاسیی ئێران لەو باوەڕەدان زانکۆ و خوێندکار دەتوانن ڕۆڵی پێشەنگایەتییان لە داواکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەبێ و گەر زانکۆ وەک بزوێنەرێکی کۆمەڵایەتی وەجووڵە کەوێ، ئەوە ناڕەزایەتیی گشتی بە ئاقاری گەورەتردا تێپەڕ دەبێت.
لەم کاتە هەستیار و مێژوویییەدا خوێندکاری کوردی زۆرمان لە زانکۆ جیاوازەکانی ئێراندا هەیە و بێگومانین لە ناڕەزایەتیی خوێندکاراندا بەشدارییان کردووە و بەردەوامیشن لە بەشداریکردنیاندا، بەڵام چاوەڕوانییەکان لەو خوێندکارە کوردانە ئەوەیە لەم دۆخە هەستیارەدا، بتوانن خوێندکارانێکی شوناسپارێز بن و لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا بتوانن لە پاڵ ویستە پیشەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیاندا، ویست و دروشمەکانی بزووتنەوەی سیاسی و ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بەرز بکەنەوە و زانکۆش بکەنە گۆڕەپانێک بۆ بەرزکردنەوەی داخوازییەکانی نەتەوەی کورد.
ئێمە وەک یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان وێڕای ئەوەی لە ویستە سیاسی-کۆمەڵایەتی-پیشەیییەکانی خوێندکارانی ناڕازی پاڵپشتی دەکەین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ویستە نەتەوەیییەکانی خوێندکاری کورد لە پێشەوەی ویستەکانی تر دادەنێین و بەو مەرجەی ئەو داخوازییانەیان دژایەتییەکی لەگەڵ ئەو ویستە سەرەکییەی ئێمەدا نەبێ و مافی نەتەوەییی نەتەوە ستەملێکراوەکانی نێو ئێران پارێزراو بێت، پاڵپشتیی بێئەملاوئەولای خۆمان لە ویستە ڕەواکانیان ڕادەگەیەنین و داوا لە خوێندکارانی کوردیش دەکەین لەگەڵ دەنگهەڵبڕینی ئەواندا دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان هەڵبڕن و جەخت لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکەنەوە و هەوڵ بدەن هاوکارییەکی زیاتریان لەگەڵ خوێندکارە پێشکەوتنخواز و دێموکراتەکاندا هەبێت.
دەبێ ئاگاداری ئەوە بین سەنگەری زانکۆ لە هێرش و هەوڵی خۆسەپێنانەی هەندێک لایەنی پێشترتاقیکراوە بپارێزرێ و هەوڵ بدرێ لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانەی وا دان بە مافی نەتەوەییی نەتەوە ستەملێکراوەکاندا دەنێن و هەروەها خوێندکارانی خودی ئەو نەتەوانە، هاوپەیمانییەکی ستراتێژیک پێک بهێنرێت. دەبێ ئەو ڕاستییەمان لەبیر بێت ویستێکی هاوبەشی سەرەکیمان هەیە ئەویش نەمانی کۆماری ئیسلامییە، دەبێ ئەم هەوڵانە ببنە بنەمایەک بۆ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و لە ئاکامدا نەهێشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سەر کەوێ خەباتی خەڵکی ئێران لەدژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە
سەر کەوێ بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان و لە ئێران
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
۱۰ی بەفرانباری ۱۴۰۴ی هەتاوی
۳۱ـی دێسامبری ۲۰۲۵ـی زایینی





