فارووق سۆهرابی
نەوەی نوێی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی لە ئورووپا بەتایبەتی لە فەڕانسە، تووشی سەرلێشێوانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوون لە نێوان نۆرم و کولتوورە ئایینی و نەتەوەیییە کۆنەکانی خۆیان و خێراییی لەڕادەبەدەری پێشکەوتنی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی دوای جەنگ. ئەوان کە نەسلی نوێی دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکان بوون و تەمەنیان لە نێوان بیست بۆ سی ساڵ بوو، لە زانکۆ وەک مەزهەری پێشکەوتنخوازی و لە بەرامبەریشدا نەریتی بنەماڵە و دەوڵەتی موحافیزەکارەکاندا تووشی بەریەککەوتنی ئیدەکانیان و لە مەترسی کەوتنی داهاتووی کاری و کۆمەڵایەتییان بوون و هیچ بەرچاوڕوونی و تەزمینێکی سیاسییان نەبوو بۆ داهاتووە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانیان، لە هەمان کاتدا سیستەمی سەرمایەداری ببووە هۆی ئەوەی کەلێنی قووڵی چینایەتی لە نێوان سەرمایەداران و چینی مامناوەند و کەمداهاتی کۆمەڵگەدا دروست بێت و لە لایەکی دیکەشەوە جەمسەربەندیی دەسەڵاتی سیاسی لە نێوان دوو بلۆکدا کێشەی تایبەت بە خۆی لێ کەوتبووەوە.
لە وەها دۆخێکدا بوو کە بزووتنەوەی خوێندکاریی ۶۸ لە فەڕانسە سەری هەڵدا. بنەما فکرییەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی خوێندکاریی ۶۸ بریتی بوون لە مەکتەبی فڕانکفۆڕت و بیرۆکەی چەپی نوێ و لە سۆنگەی مێژوویییشەوە هەندێک ڕووداو لەو سەروبەندەدا کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوەی خوێندکاریی فەڕانسە هەبوو، کە دەکرێ ئاماژە بە شۆڕشی ۱۹۵۶ـی مەجارستان بکەین، لە هەمان کاتدا ئەو سەردەمە چەندین شۆڕش و بزووتنەوەی بەخۆوە دیبوو وەک: شۆڕشی کولتووریی چین و زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکای باشوور و کۆرە و ژاپۆن و هەتا ڕۆژهەڵاتی ناوینی بە ئێرانیشەوەی گرتەوە، کە بەگشتی وەک بەهاری بزووتنەوە خوێندکارییەکانی جیهان دەکرێ ئاماژەیان پێ بکرێ.
بێگومان پێوەندیی زانکۆکانی جیهان بە یەکتری لەسەر ئاستی زانستی و هەروەها تەقینەوەی تەکنەلۆژیای پێوەندیگرتن لەو سەروبەندەدا وەکوو تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و تەلەیفوون، بوو بە هۆی ئەوەی کە ڕووداوەکان کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەبێ و ڕەنگدانەوەیان لە سەرتاسەری جیهان بەدی بکرێ .
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی خوێندکاریی فەڕانسە بریتی بوون لە:
۱- سیاسەتی نازانستییانە و ناسەربەخۆ و هەڵەی سیستەمی خوێندنی باڵای فەڕانسە یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانە و لەڕاستیدا شۆڕشەکە لەو وێستگەوە دەستی پێکرد .
۲- گەندەڵیی سیستماتیک لە خوێندنی باڵا و نیزامی برۆکراسی، لە وەرگرتنی خوێندکار هەتا سیستەمی نومرە و پلەدان هەتا دەرچوون لە زانکۆ، لەژێر کاریگەریی سیاسییەکانی ئەو وڵاتە و حیزبەکاندا بوو و لە هەمان کاتدا سیستەمی دیاریکردنی مامۆستایانی زانکۆ بە دەسوەردانی ئاشکرای حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەڕێوە دەبرا.
۳- نەبوونی ڕوونکردنەوە (شەفافیەت) و بەرچاوڕوونی لەلایەن دەوڵەتی کۆنەپارێزی “شاڕڵ دوگۆل” و کەمکردنەوەی ئاستی خوێندنی باڵا لەو ساڵەدا و تایبەتکردنی بودجەیەکی زۆر بۆ بەرنامەی چەکی ناوکی و سەنعەتی نیزامیی فەڕانسە.
۴- نەبوونی ئازادییە تاکەکەسییەکان لە زانکۆکاندا .
۵- پێوەندیی ناتەندروستی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ هەم لە ئاستی زانستی و هەمیش کۆمەڵایەتی.
ئاوێتەبوونی شۆڕشی خوێندکاری و چینی کرێکار
ناڕەزایەتییەکان کە پچڕپچڕ بەردەوام بوو لە دەیەی پەنجا، بەڵام کە گەیشتە وێستگەی بەهاری ۱۹۶۸، سەرتاسەری شەقامەکانی پاریس و ڕۆم و شارەکانی وڵاتانی ئورووپاییی گرتەوە و شۆڕشەکە لە مانگی جۆزەردانی ۶۸ گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و لە ۶ـی مانگ سەرکردەکانی شۆڕشەکە کۆمیتەیەکیان پێک هێنا و “دانیەل کۆهن بێنێدیت” یەکێک لە سیما دیارەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری و سەرکردەی شۆڕشەکە، وتەکانی لە دیمانەیەکدا بووە هۆی ئەوەی لە ۱۳ هەتا ۲۰ـی مانگ، سەراسەری چینی کرێکاری وڵات پەیوەستی خوێندکاران بن و لە ۲۲ی مانگ خوێندکارەکان توانیان پاشەکشە بە هێزی سەرکوتی پۆلیس بکەن و دەست بەسەر زانکۆی “نانتری” پاریسدا بگرن و ئەوێ بکەن بە بنکەی سەرەکیی شۆڕشەکە. وردەوردە بەهۆی پەیوەستبوونی کرێکارەکان و ڕاگەیاندنی مانگرتنی گشتی، سەراسەری ڕێگای ئاسن و کانیی بەردەخەڵووزەکان، بەندەرەکان و دواتریش هەموو وڵاتی فەڕانسە لەو مانگرتنەدا بەشدار بوون و بوو بەهۆی ئەوەی کە لە وڵاتانی وەک ئیتالیا، ئاڵمان، ئەمریکا، هۆلەند و زۆربەی وڵاتانی دیکە بزووتنەوە خوێندکاری و کرێکارییەکان سەر هەڵبدەنەوە.
جان ڕایش لە ساڵی ۱۹۶۹ لە پەرتووکی “مارسی درێژخایەن و بەهاری کورتخایەن، شۆڕشێک لە ماڵێ و لە دەرەوە” لە سەر بزووتنەوەی خوێندکاریی فەڕانسە ئاوا دەڵێ: “ئەمجار لەژێر کۆنترۆڵ و کاریگەریی کۆمۆنیستەکان نییە و لە هەناوی وڵات سەری هەڵداوە.” هەروەها لەسەر سەلماندنی سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسیی شۆڕشەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڵێ: “بزووتنەوەی خوێندکاریی فەڕانسە لە شەستەکاندا، چووە هەناوی ژیانی تاکەکەسی و تایبەتی و کۆمەڵایەتی و نەریت و پێوەندییە بنەماڵەیییە کۆنەکانی هێنا ژێر پرسیار و شێوازی نوێی ژیانکردن هاتەوە ئاراوە و کۆی سیستەمی پەروەردەی ئەو وڵاتانەی هێنا ژێر پرسیار و ڕەتی کردنەوە و ئەو بایەخانەی کە سیستەمی پەروردەی لە سەر بونیاد نرابوو، تێکشکاند.” لابردنی نەریتە کۆنەکان، خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ ژیانکردن کرد و ئەوە لە تایبەتمەندی و لێکەوتەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری بوو .
لە وڵاتی ئاڵمان بۆچوونە شۆڕشگێڕانە و ڕادیکاڵەکانی شۆڕشی خوێندکاری بوو بە هۆی ئەوەی کە لە گۆڕانکاری و چاکسازییەکانی دەیەی حەفتای زایینیدا ببنە بنەمای هزری و تێئۆریک و هاوکات سەرلەبەری پێکهاتەی نیزامی فیدڕاڵیی ئەو وڵاتەی تەنی و دایڕشتەوە، لە ساڵی ۱۹۶۷ لە بێرلینی ڕۆژئاوا، کۆمۆنی سەرەتایییان پێک هێنا کە هەڵگری مانیفێستی ژیان و کاری سیاسیی هاوبەش بوو و بووە هۆی ئەوەی کە ببێتە جەمسەرێکی نوێ لە سیاسەتی وڵاتانی ئورووپایی و ئەحزابی ئینتەرناسیۆنالدا.
ئەو نەوە نوێیەی وا باس کرا و لەو شۆڕشەدا هەڵگری دروشم و بیری ڕادیکاڵ و چەپ و یەکسانیخواز بوون، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە شێوازێکی نوێیان بۆ ژیانکردن هەڵبژارد کە لەگەڵ نەریتە کۆنەکان و هەروەها ئایین و کلیسادا لە دژایەتیی تەواودا بوو. تەنانەت لە ڕووی هونەرییشەوە شێوازی نوێی گۆرانیخوێندنیان هەبوو کە لەسەر بنەمای ستایلی پاپ و ڕاک سەری هەڵدا و شێعر و ئاوازەکانی ڕچەشکێنانە و ساختارشکێنانە بوو و لەڕاستیدا ئەو شۆڕشە ببوو بە شۆڕشێکی کولتووریی بەرین کە ڕۆڵی هەبوو لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کولتووری وڵاتانی پێشکەوتنخواز لەسەر بنەمایەکی عەداڵەتتەوەر و ڕێز بۆ ژیانی تاکەکەسی و بایەخە مۆدێرنەکان.
دوو لە دیارترین جووڵە خوێندکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
شۆڕشی ۱۹۶۸ـی خوێندکاری فەڕانسە، هاوکات بوو لەگەڵ دیکتاتۆریی محەمەدڕەزا شای ئێران لە ساڵی ۱۳۴۶ـی هەتاوی، ئەو دیکتاتۆرییەی وا پێڕەویی لە سیاسەتی ئێرانشاری و دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی دەکرد و لەسەر بنەمای ئینکاری بوونی نەتەوە و زمانی جیاواز داڕێژرابوو و هەوڵی دەدا هەموو نەتەوەکانی دی لە نەتەوەی باڵادەستدا بتوێنێتەوە. خوێندکارانی کورد لەو سەردەمەدا بەسەر دوو دەستەدا دابەش ببوون کە بریتی بوون لە:
یەکەم: ئەو خوێندکارانەی کە بەناچاری و لەبەر نەبوونی ئیمکانی خوێندنی باڵا لەبەر هەڵاواردنی سیستماتیکی ژێرخانی خوێندن و نەبوونی زانکۆ لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕوویان لە شارە فارسەکانی ناوەندی ئێران وەک تاران کردبوو، لەوێش دیسانەوە وەبەر هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئەتنیکی و سیاسیی سیستەمی خوێندن و دامودەزگای ئەمنیی رێژیم کەوتبوون، کە بەرچاوترینیان شەهید سمایلی شەریفزادە و هاوڕێیانیان بوون.
لەو سەروبەندەدا خوێندکارانی کورد بەتایبەت لە تاران کە لەژێر کاریگەریی کەشوهەوای بیری چەپ بۆ دابینکردنی مافی خوێندکاراندا بوون، ئەم بیرەیان ئاوێتەی وشیاریی نەتەوەیی کردبوو و هەر لەسەر هەمان بنەماش خوێندکارە کوردەکانی زانکۆی تاران یەکیەتیی خوێندکارانی کوردیان دامەزراند و دوای ماوەیەک چالاکیی سیاسی و ئاشکرابوونیان، بەشێکیان ناچاربوون بوون وڵاتی ئێران بەجێ بهێڵن و پەیوەستی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان ببن و خەباتی پێشمەرگانەیان هەڵبژارد. ئەم کەسانە کە شەهید سمایل شەریفزادەش یەکێک لە سیما دیارەکانیان بوو، دواتر بوونە داڕێژەری شۆڕشێکی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیدا بە خەباتی ۴۶- ۴۷ بەناوبانگە. شەهید سمایل و هاوڕێیانی توانیان لەدوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، جارێکی دیکە ناوی کورد و باسی مافەکانی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیندوو بکەنەوە.
هەرچەندە وەک ئەنجامی پڕاگماتیکی لەسەر عەرزی واقع شۆڕشەکە بە چەندین هۆکار و یەک لەوانە نەبوونی پشتیوانی دەرەکی سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام شۆڕشگێڕانی ۴۶- ۴۷ سەلماندیان خوێندکارانی کوردیش بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان و نەتەوەکەیان شێلگیرن و تەنانەت تا ئەو ڕادەیە دەچنە پێش کەوا بە قرمەی تفەنگیان دەتوانن جەزیرەی ئەمنی بەناو ژاندارمی ڕۆژهەڵاتی ناوین بشڵەژێنن و ژیلەمۆی مەشخەڵی کۆماری کوردستان بگەشێننەوە و بیدەنە دەستی نەوەکانی داهاتوو .
دووهەم: ئەو خوێندکارە کوردانەی لەژێر گوشاری دامودەزگای ئەمنیی ئێراندا ناچار بوون وڵات بەجێ بهێڵێن و بەشێکیش بە لێهاتوویی و شیاویی خۆیان سەرەڕای ئاستەنگی زۆری ئابووری و ئەمنی توانیبوویان پلەکانی باڵای زانستی ببڕن و بۆرسییەی خوێندن لە دەرەوەی وڵات مسۆگەر بکەن و لە زانکۆکانی وڵاتانی ئورووپایی و بەتایبەتی فەڕانسە درێژە بە خوێندن بدەن، کە بەرچاوترینیان شەهید دوکتۆر عەبدوڕڕەحمانی قاسملوو بوو.
شەهید دوکتور قاسملوو لە دەرەوەی وڵات ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئورووپا بوو، ئەم کۆمەڵەیە جگە لە ڕۆشنگەری و هەوڵدان بۆ ناساندنی مافی نەتەوەی چەوساوەی کورد بە وڵاتانی ئورووپایی، لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی سیاسی بەشدارییان دەکرد و چالاکیی سیاسییان بەڕێوە دەبرد و بڵاوکراوەی تایبەت بە خۆیان هەبوو. ساڵی ۱۳۲۷ لە پاریس خوێندکارانی کورد و ئێرانی ناڕەزایەتییەکیان دژ بە ڕێژیمی شا بەڕێوە برد، لەو ناڕەزایەتییەدا دوکتور قاسملوو وتارێکی بەهێزی پێشکەشی ئامادەبووان کرد، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی باڵوێزی ئێران گوشار بخاتە سەر دەوڵەتی فەڕانسە و لە ئاکامدا دوکتور قاسملوو لەو وڵاتە دەرکەن و بەناچار ڕووی لە پراگ کرد.
هەوڵە سیاسییەکانی دوکتور قاسملوو لە پراگیش درێژەی هەبوو و لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە خوێندکارییەکانی ئەو سەردەمەدا دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی و نەتەوەکەی بە گوێی ئامادەبووان دەگەیاند و لە ناساندنی دیکتاتۆریی پەهلەویدا بەردەوام بوو. هەتا ئەو جێیەی لە ئاکامدا و بەهۆی شێلگیریی شەخسی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی مەشخەڵی کوردایەتی هەر بە داییساوی مایەوە و دوای ئەوەی لە بەرامبەر دوو دیکتاتۆریی پاشایەتی و ئایینیدا بەرگرییان لەم نەتەوەیە کرد بە ئەمانەتەوە گواسترایەوە بۆ نەوەی ئێستا.





