ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییەکانی زانکۆی ورمێ بە مەبەستی ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەرامبەر بە هەڵس‌وکەوتی نایاسایی و دوور لە ئەخلاقی حەراسەتی زانکۆ لە کاتی پێشوازی‌کردن لە خوێندکارانی قۆناغی یەکەم‌دا بەیان‌نامەیەکیان دەرکرد. لەو بەیان‌نامەیەدا خوازیاری ئەوە بوون بەرپرسانی زانکۆ بەخێرایی بەدواداچوون بکەن بۆ چارەسەری کێشەکانیان.

لەوێ‌دا هاتووە کە حەراسەتی زانکۆ بە دەرکردنی بەڕێوەبەرانی ڕێ‌وڕەسمەکە پێش کاتی دەسپێکردن، داواکاریی ناڕەوا لە پێوەندی لەگەڵ کۆتایی‌هێنان بە ڕێ‌وڕەسمەکە و هەروەها بەکارهێنانی هێزی سەرکوت بۆ کۆنترۆڵ‌کردنی خوێندکاران، کەشێکی ئاڵۆزی بۆ بەڕێوەبەران و بەشدارانی ڕێ‌وڕەسمی پێشوازی‌کردنەکە پێک هێناوە.

واژۆکەرانی ئەم بەیان‌نامەیە وێڕای ئەوەی کردەوەکانی حەراسەتی زانکۆیان مەحکووم کرد، لە هەمان کاتیش‌دا ئەو کردارانەیان بە کارێکی دوور لە ئەخلاق و پرەنسیپی خوێندکاری و دژەفەرهەنگ ناو برد و هاوکات ڕایانگەیاند کە ئەم هەوڵانە بەمەبەستی لاوازکردن و سانسۆرکردنی ڕۆحی فەرهەنگیی زانکۆ دەکرێ.

لە بەشێکی دیکەش‌دا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە بە زووترین کات بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە و لێپرسینەوە لە ڕەفتاری نابەرپرسانەی حەراسەتی زانکۆ بکرێ.

لە کۆتایی‌دا نووسەرانی بەیان‌نامەکە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆیان لە خوێندکاران و چالاکانی فەرهەنگی، خەجتیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییەکانی زانکۆی ورمێ بە شێوەیەکی یاسایی و ڕاگرتنی ڕێزی ئەندامانی، درێژە بە کار و چالاکییەکانی خۆی دەدات و هیچ کردەوەیەکی قیزەونی لەم چەشنە نایانوەستێنێ.

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید