جەماڵ فەتحی (کۆچەر)

یەکپارچەییی خاک، لە سادەترین پێناسەیدا، بە واتای پاراستنی هەموو جوگرافیایەکە کە لەژێر سەروەریی دەوڵەتێکدایە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە ڕەهەندە فەلسەفییەکەی بکۆڵینەوە، پرسیارێکی بەرچاو دێتە ئاراوە: بۆچی دەبێت خاک ببێتە بابەتێکی دەروەستانەی ئاکاری؟ وڵامی ئەم پرسیارە لێکدانەوەیەکی دوولایەنە لە خۆ دەگرێت، کە هەم پاساوە پاوانخوازییەکان و هەم مافە جیاییخوازانەکان لە بیاڤی “مافی دیاریکردنی چارەنووس” دەگرێتەوە.

چەمکی یەکپارچەیی، لە چەند حاڵەتێکدا دێتە ئاراوە: یەکەم، کاتێک خاک لەلایەن نەیارانی دەرەکییەوە چاوی تێدەبڕدرێت؛ دووەم، کاتێک بەهۆی ناڕازییانی نێوخۆوە دەخرێتە ژێر پرسیار و گرنگییەکەی لەدەست دەدات؛ و سێیەم -کە هەردوو حاڵەتی یەکەم و دووەم دەگرێتەوە- کاتێکە بەهۆی نەبوونی یەکسانی و دابەشکاریی دادپەروەرانە لە ڕەهەندە سیاسی و ئابوورییەکاندا زیانی پێ دەگات.

کاتێک مەبەستە پاوانخوازییەکان لە چوارچێوەی مۆدێلە ئۆلیگارشی و مۆنارشییەکاندا دەبنە هۆی پەراوێزخستن یان سەرکوتکردنی پێکهاتەکان و کەمینە مێژووییەکان، بە مەبەستی جێگیرکردنی دەسەڵاتی بێ ئەملاوئەولای گرووپێکی دیاریکراو، ئەم خاکە یەکگرتووە -لە جیاتی ئەوەی ‘ماڵێکی هاوبەش’ بێت- دەبێتە ‘قەفەسێکی هاوبەش’. لە ئەنجامدا، لە بارودۆخێکی وەهادا، لە ڕوانگەی ئیرادەی مرۆیی و سروشتی هەر گیانلەبەرێکەوە، شتێکی سروشتییە کە پێکهاتەیەک هەست بە دیلی و سووکایەتیکردن بکات، هەوڵی ڕزگاربوون لەم قەفەسە بدات و تێ بکۆشێت بۆ شکاندنی دەرگاکانی ئەم بەندیخانەیە.

ئەو کاتەی کە هەستی ڕزگاریخوازی بەهێز بوو، گرووپی پاوانخواز -کە لەنێو خەیاڵاتی مەزنخوازی و نەخۆشیی خۆپەرستیدا (نارسیسیزم) گیری خواردووە- لە جیاتی بیرکردنەوەی ژیرانە و چارەسەرکردنی کێشەکان، پەنا بۆ پاساوی بێبنەما دەبات. ئەوان ئاگایان لەو ڕاستییە نییە کە خۆیان ئەندازیاری پارچەپارچەکردنی ئەم ماڵە هاوبەشە خەیاڵییەن، نەک ئەو پێکهاتەیەی کە تەنیا بە دوای ڕێگایەکی سروشتی و ڕەوای مرۆیییەوەن و ئەگەر ئەوان (بندەستەکان) داوای هەر شتێک کەمتر لە سەربەخۆیی بکەن، دەبێت پاوانخوازەکان بە نیعمەتی بزانن؛ چونکە نەوەکانی داهاتوو هۆشیارتر دەبن، دەڤری سەبریان زووتر لێوڕێژ دەبێت و بە کەمترینەکان ڕازی نابن. لە یەکەم دەرفەتدا، ڕەنگە هاوکێشەکە پێچەوانە بێتەوە، و ئەو کاتە دەسەڵاتیان نەک هەر خاکی باوباپیرانیان بگرێتەوە، بەڵکوو خاکی پاوانخوازەکان بگرێتەوە و تۆڵەی ساڵانی دیلیەتی و ژێردەستەیی بکەنەوە. بە واتایەکی تر، لە ڕووی مێژووییەوە، ئەگەری زۆرە کە ژێردەستەکانی دوێنێ ببنە باڵادەستەکانی سبەینی، و لەو بارودۆخەدا، تەنانەت ڕوانگە مرۆیی و یەکسانیخوازییەکەشیان بۆ تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوە بگۆڕدرێت.

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here