خاتوو “کوێستان نستانی”، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی یەکیەتیی خوێندکاران، بەهۆی ماندووبوون و توێژینەوە بەردەوامەکانی لە ناوەندی ئەکادیمی، پلە زانستییەکەی لە “مامۆستای یاریدەدەر”ەوە بۆ “مامۆستا” لەلایەن زانکۆی کۆیەوە بەرز کرایەوە.
ڕۆژی دووشەممە، دەی خاکەلێوەی ۱٤۰٥ـی هەتاوی (۳۰ـی مارسی ۲۰۲٦ـی زایینی) م. کوێستان نستانی کە لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەردا پەروەردە کراوە و لە قۆناغەکانی پێشووی ژیانیدا وێڕای چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانی لەنێو ڕیزەکانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستاندا، هەرگیز کۆڵی لە خوێندن و فێربوون نەداوە و پاش ماندوو بوونێکی زۆر پلەی زانسیتییەکەی لە مامۆستای یاریدەدەرەوە بۆ مامۆستا بەرز کراوەتەوە.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان ئەم سەرکەوتنەی مامۆستا کوێستان بەرز دەنرخێنێت و وێڕای پیرۆزبایی، هیوا دەخوازین لە بڕینی پلەکانی تری ژیان و خوێندنیشیدا سەرکەوتوو بێت و بتوانێت زیاتر خزمەت بە زانست و تێگەیشتن بکات.


