پەیوەندی و گرینگی کۆڕبەندی مێپس بۆ خوێندکارانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
وڵات قادری، خوێندکاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان-دهۆک
میوانداریی کۆڕبەندی شەشەمی ساڵانەی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس)ی کرد. کۆڕبەندەکە، پسپۆڕانی نێودەوڵەتی، دیپلۆماتەکان، سیاسەتمەداران، پرۆفیسۆران، توێژەران و خوێندکارانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشە سەرەکییەکان و دەرفەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆکردەوە. بابەتەکان بریتی بوون لە ئاشتی، ئاسایش، ململانێی ئابووری، کێشەکانی کەشوهەوا و هاوکاریی جیهانی. یەکەم کۆڕبەندی مێپس لە ساڵی ۲۰۱۹ ڕێک خرا و بە خێرایی گەشەی کرد و بووە یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوە ئەکادیمی و سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان. لە ماوەی چەند ڕۆژی گفتوگۆکردن، کۆڕبەندەکە، دانیشتنی پانێلی، وتارە سەرەکییەکان، وۆرکشۆپەکان و گفتوگۆی کراوەی لەگەڵ دیپلۆماتەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان پێشکەش کرد. میوانە نێودەوڵەتییەکان بە دیدگای جیاوازەوە هاتبوون کە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ خوێندکاران تا گوێ لەوە بگرن کە چۆن وڵاتان و ڕێکخراوە جیاوازەکان ڕووداوەکان لێک دەدەنەوە و سیاسەتەکانیان دادەڕێژن. ئەم ژینگەیە وا دەکات خوێندکاران لەگەڵ نموونە زیندووەکانی دانوستاندن، دیپلۆماسی و بەڕێوەبردنی ململانێ، (کە هەموویان لە وانەکانی زانکۆدا دەخوێنن) ئاشنا بن. بۆ خوێندکارانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەهای کۆڕبەندی مێپس لەگەڵ پەیوەندیی نێوان تیۆری و پراکتیک دەست پێ دەکات. لە وانەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئێمە دەربارەی ڕیالیزم، لیبرالیزم، کۆنستراکتیڤیزم، حوکمڕانیی جیهانی، سیاسەتی دەرەوە، دیپلۆماسی و مافی مرۆڤ فێر دەبین. لە کۆڕبەندی مێپس، ئەم تیۆرییانە زیندوو دەبنەوە. کاتێک دیپلۆماتەکان باس لە دانوستانەکان دەکەن، ئەوە چەمکە لیبراڵەکانی هاوکاریی خۆیان دەردەخەن. کاتێک ڕابەرەکان سەرنج دەخەنە سەر ئاسایشی نیشتمانی، ئەوا بیرۆکە ڕیالیستییەکان ڕەنگ دەدەنەوە. کاتێک پسپۆڕەکان باس لە کاری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و لێکۆڵینەوە دەکەن، ئەوا مۆدێلەکانی حوکمڕانیی جیهانی پێشان دەدەن. بیستنی ئەم چەمکانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەو کەسانەی بەشداریی دانانی سیاسەت دەکەن، تێگەیشتنی خوێندکاران قووڵتر دەکات و ماددە تیۆرییەکان واتادارتر و بەردەستتر دەکەن. سوودێکی گەورەتر ئەوەیە کە کۆڕبەندەکە یارمەتیی خوێندکاران دەدات تێگەیشتنێکی باشتریان لەسەر ئەو وڵاتە هەبێت کە تێیدا دەژین. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژینگەیەکی داینامیک و زۆرجار پێشبینی نەکراوە، کە لەلایەن ململانێکان، هاوپەیمانییە گۆڕاوەکان، قەیرانە مرۆییەکان و گواستنەوە ئابوورییەکانەوە شێوەی پێدراوە. لە ڕێگەی کۆڕبەندەکەوە، خوێندکاران فێردەبن کە حکوومەتە بیانییەکان چۆن پەرەسەندنە هەرێمییەکان لێک دەدەنەوە، چۆن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سیاسەتەکانیان دادەڕێژن، چۆن توێژەرەکان داتا کۆدەکەنەوە و چۆن ڕابەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بڕیار دەدەن. بەشداریکردن لە کۆڕبەندی مێپس کارامەییە ئەکادیمی و پیشەییەکان بەهێزتر دەکات. خوێندکاران بە ڕاپۆرت و تێبینیی سەرنجڕاکێش مەشق دەکەن، فێردەبن چۆن دیدگا جیاوازەکان هەڵسەنگێنن و کاتێک پرسیار دەکەن یان بەشداری گفتوگۆکان دەبن، گفتوگۆکە بە گشتی باشتر دەکەن. نووسینی ڕاپۆرت یان داتاکان لە دوای دانیشتنەکان، توانای نووسینی شیکاریی خوێندکارەکان بەرزتر دەکاتەوە. ئەوانەی لە ماوەی کۆڕبەندەکە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە کار دەکەن، ئەزموون لە هەماهەنگکردنی بۆنەکاندا و کارامەیی پەیوەندیی پیشەیی لە بوارە جیاوازەکانی وەک دیپلۆماسی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان، میدیا و توێژینەوە بەدەست دەهێنن. سەرەڕای ئەوەش، دانیشتن لە هەمان هۆڵ لەگەڵ سەرۆکەکان، باڵیۆزەکان، وەزیرەکان و پسپۆڕە جیهانییەکان، یارمەتیی خوێندکاران دەدات لە دۆخە نێودەوڵەتییەکاندا ئاسوودەتر بن و ئامادەییان بۆ دەرفەتەکانی داهاتوو زیاتر بێت. لە بنەڕەتدا، کۆڕبەندی مێپس وەک پردێک کار دەکات کە خوێندکاران بە جیهانێکی فراوانتر ببەستێتەوە. ڕێگەیان پێ دەدات دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، ستراتیژە ئەورووپییەکان، سیاسەتی وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاسای نێودەوڵەتی، کێشە مرۆییەکان و کاری دامەزراوە جیهانییەکان ڕاستەوخۆ لە نوێنەرانی ئەم بوارانە فێربن. بە بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە، خوێندکارانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بیردانکی زانیارییان فراوان دەکەن، کارامەیی خۆیان پەرە پێ دەدەن و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببنە کەسایەتییەکی بە ئاگا و بە توانا بۆ وڵاتەکەیان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەم بابەتە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی سەرچاوە، وێبسایتی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان: MEPS Relevance and Importance for International Studies Students





