ئاسۆ مینبەری
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کەمپەینی کەزییەک دەبڕن، هەزاران کەزی دەهۆنینەوە سۆشیاڵ میدیای تەنی و ئەمەش توانیی ببێتە هەوێنی نووسین و لێکدانەوەی جیاواز.
لەم وتارەدا ئەمەوێ بە باسکردن لە سێ بڕگە لە خەباتی ژنان لە کوردستان، خوێندنەوەیەک بۆ ئەکتێکی کۆمەڵایەتی_ سیاسی بکەم، ڕەنگە ڕوانگەکان جیاواز بن بەڵام ئەوەی لەم وتارەدا زیاتر مەبەستمە، ئەوەیە کە بۆچی ئەکێتکی کۆمەڵایەتی دەتوانێ بزووتنەوەیەک دروست بکات و ببێتە هێمایەکی جیهانی، هاوکات پەراوێزخرانی پرسێکی دیکە دەتوانێ دەرفەت بۆ باسکردن لە پرسێکی گرینگ بەفیڕۆ بدات.
هەموومان بە باشی ئاگاداری دۆخی کوردستانین، کورد لەلایەکەوە لە ڕۆژاوا کەوتووەتە بەر شەپۆلی سڕینەوە و وڵامی داخوازییەکانی وەک هەمیشە بە قەڵاچۆ و گۆڕینی دێموگرافی و پێکهاتەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دەدرێتەوە و لەلایەکی تریشەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە دڕندەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بووەتە گۆمی خوێن و بە هێزی سەرکوتکەر گەمارۆ دراوە و ڕۆژ نییە هەواڵی شەهیدبوونی چەند لاوێکی ئەو بەشە لە کوردستانمان پێ نەگات.
لە ماوەی ڕابردوودا هەر کام لەم بەشانەی کوردستان بە سەرنجدان بە دەسەڵاتی زاڵ بەسەریاندا و بەپێی مێژووی خەبات و بەرخودانی تایبەت بە خۆیان، بینەری خۆڕاگری و بەرخودان و گیانفیدایی ڕۆڵەکانیان بوون. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی بە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتێرنێت دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ڕووداوەکانی سنووردار کردەوە بەڵام بەم حاڵەوە دیسان وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان قووڵبوونی زامەکانمان پێ نیشان دەدەن .
بەم پێشەکییەوە دێمە سەر بابەتی سەرەکیی ئەم وتارە کە خوێندنەوەیەک بۆ ئەکتێکی کۆمەڵایەتی_ سیاسییە بەتایبەت لەلایەن ژنانەوە.
بۆ ئەم مەبەستە پێویستە باس لە سێ بڕگە لە خەبات لە کوردستاندا بکەم.
یەکەم؛ شۆڕشی ژینا و ناڕەزایەتییەکانی ۱۴۰۱
لە خەرمانانی ۱۴۰۱دا، ژینا ئەمینی لە تارانی پێتەختی کۆماری ئیسلامیدا و لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئێرشادی ڕێژیمەوە بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی دڵخوازی ڕێژیم و بەدەرەوەبوونی چەند تاڵە قژێک زۆر بێبەزەییانە شەهید کرا، ژینا وەک قوربانییەکی قەتڵی حکوومەتی، بوو بە هێمای شۆڕشێک کە نە تەنیا کوردستان و ئێران بەڵکوو هەموو وڵاتانی گرتەوە و بوو بە باشترین نموونە بۆ باسکردن لە ستەمی ڕەگەزی و نەتەوایەتی.
ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستاندا زۆر دڕندانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی و هێزە سەرکوتکەرەکانییەوە وڵام درانەوە و کوشتنی خەڵکی بێتاوان، کوردستانی کردە گۆمی خوێن. لەم بڕگە زەمەنییەدا و هاوکات لەگەڵ شەهیدبوونی هەر لاوێکی کوردستان، وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان بە جۆرێک ئەکتی سیاسی_کۆمەڵایەتیی بنەماڵەکانیانی زەق کردەوە، دایکەکان لە جیاتی گریان و شین، پەیامی بەرخودانیان بە خەڵک دەگەیاند و وتەی باوکەکان ببوو بە مانیفیستێک بۆ درێژەدان بە شۆڕشەکە. لەم نێوانەدا، بڕینی قژ بوو بە یەکێک لە دیارترین ئەکتەکان! تا جێگایەک کە نە تەنیا لە کوردستان و ئێران کە شەپۆلەکانی جیهانی دەرەوەشی گرتەوە و زۆر کەسی دیکەش بۆ هاوخەمی لەگەڵ کوردستان، قژی خۆیان بڕی.
دووەم؛ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴
لە ڕۆژی ۷ی بەفرانبارەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بە دۆخی خراپی ئابووری و دابەزینی بەرچاوی نرخی ڕیاڵ لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستی پێ کرد. ئەم ناڕەزایەتییانە گەیشتنە هەندێک لە شارەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستانیش تێکەڵ بە شەپۆلەکانی ناڕەزایەتییەکان بوون. هاوکات لەگەڵ ئەم تێکەڵبوونە، هێزەکانی ڕێژیم بە دڕندانەترین شێوە سەرکوتی کوردستانییانیان دەست پێ کرد کە بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە شارەکانی وەک کرماشان و مەڵکشایی لە ڕۆژەکانی ۱۳ی بەفرانباردا چەند کەس شەهید کران. دوای گرژبوونەوەی دۆخەکە، ناوەندی دیالۆگ پێکهاتوو لە ۷ حیزبی کوردستانی، بانگەوازێکیان بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستاندا بڵاو کردەوە. لە ڕۆژی ۱۸ی بەفرانباردا، کوردستان لە مانگرتنێکی سەرتاسەریدا بوو تاکوو بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆی بەرانبەر بە دۆخی داسەپاوی ئابووری نیشان بدات. لە ئێوارەی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانبارەوە و هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی شارەکان، لە کاتژمێر ۸ و ۳۰ خولەکی شەو بە کاتی کرماشان، ڕێژیم هێڵەکانی ئینتێرنێتی پچڕاندن تاکوو لە بێدەنگیدا درێژە بە سەرکوتکارییەکانی خۆی بدات.
هەر لەو کاتەوە تاکوو ئێستا کە زیاتر لە ۲۰ ڕۆژی بەسەردا تێدەپەڕێت، پێوەندییەکان لەگەڵ نێوخۆی کوردستان زۆر سنووردارن و ئەو زانیارییانەی کە تاکوو ئێستا درکاون باس لە کوژرانی زیاتر لە ۳۰ هەزار کەس لە ئێراندا و بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. بەڵام ئەوەی کە جێگای نیگەرانییە دۆخی شارەکانی کوردستان بەتایبەت کرماشان، ئیلام و مەڵکشاییە کە هەر لە ڕۆژانی یەکەمەوە باس لە کوشتوبڕی خەڵک لەم شارانەدا کرا و بەداخەوە ڕۆژانەش هەواڵی شەهیدبوونی هاووڵاتییانمان بە ڕێژەیەکی زۆر پشتڕاست دەکرێتەوە.
لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵدا، ژمارەی لاوان و مێرمنداڵان زۆر بەرچاوە، بەڵام لەم ڕۆژانەدا بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی بەخاکسپاردنی یەکێک لە شەهیدەکانی ئەم ناڕەزایەتییانە زیاتر سەرنجی ڕاکێشام. لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی مێلیکا دەستیاب کچە مێرمنداڵی ۱۶ ساڵانی یارسانی خەڵکی کرێند کە لە شەوی ۱۸ی بەفرانباردا و لە کرماشان شەهید کرابوو، خوشکەکەی هاوکات لەگەڵ پرسەگێڕان و شینگێڕی بو مێلیکا، خەریکی بڕینی قژیەتی! دیمەنێکی ناخهەژێن کە قووڵبوونی زامەکەی تێدا بەدی دەکرێت و بێگومان سارێژبوونیشی زۆر دەخایەنێ!
سێیەم؛ بەخودانی ڕۆژاوا
لەو کاتەدا کە کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵات خەریکی تێپەڕاندنی ڕۆژانی سەختی قۆناغێکی نوێی خەبات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوون، پرسی ڕۆژاوای کوردستانیش هاتە گۆڕێ و فۆکۆسی میدیاکان بەگشتی چووە سەر ڕۆژاوای کوردستان. لەم ڕۆژانەدا ڤیدیۆی میلیشیایەکی سپای سووریە بڵاو کرایەوە کە تێیدا کەزیی کچەشەڕڤانێکی بەدەستەوە گرتووە و بە پێکەنینێکی قێزەونەوە باس لە سەرکەوتنەکانی خۆی دەکات! بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە شەپۆلێکی بەرین لە کاردانەوەکانی بەدواوی خۆیدا هێنا.
ژنان و کچان لە سەرتاسەری کوردستاندا پەیوەستی کەمپەینی “کەزییەک دەبڕن، هەزاران کەزی دەهۆنینەوە” بوون و ئەوەندە بەشدارییەکە بەرچاو بوو کە شەپۆلەکە سنوورەکانیشی تێپەڕاندن و ژنان لە سەرتاسەری دونیادا بە هۆنینەوەی کەزی، پشتیوانیی خۆیان لە شەڕڤانانی ڕۆژاوا دەبڕی. چەندین کچی تازەلەدایکبوو ناوی “کەزی”یان لێ نرا و کەزی وەک هێمای ژنانی شەڕڤانی ڕۆژاوا لە میدیاکاندا جێگای گرت. ئەم ئەکتە وای کرد کە میلیشیاکەی سووریە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی دیکە نکۆڵیی لە کارەکەی خۆی کرد و وتی ئەوەی بەدەستی منەوە بوو، کەزییەکی ڕاستەقینە نەبوو! درۆیەک کە نەک تووڕەیی خەڵکی نەڕەواندەوە بەڵکوو زیاتر بوو بە هاندەر بۆ ئەوەی کە ژنانی زیاتر پەیوەستی کەمپەینەکە بن.
ئەوەی کە لەم وتارەدا زیاتر دەمەوێ تیشکی بخەمە سەر، قژە وەک هێمایەک بۆ خەباتێکی سیاسییە، بۆیە لە چەند خاڵدا ئەم پرسە زیاتر ڕوون دەکەمەوە.
قژ وەکوو هێمایەکی مێژوویی؛
لە زۆربەی فەرهەنگەکاندا، “قژ” تەنیا بەشێک لە جەستە نییە بەڵکوو، مانای کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و سیاسیی هەیە. کۆمەڵناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە جەستەی مرۆڤ بەتایبەتیش جەستەی ژن، وەکوو “ڕووبەرێک بۆ نووسینەوەی هێز” پێناسەی بۆ دەکرێت و قژ یەکێک لە گرینگترین بابەتەکان لەم ڕووبەرەیە.
لە ڕوانگەی مێژووییەوە، کۆنتڕۆڵکردنی قژ بە مانای کۆنترۆڵی نەزمی کۆمەڵایەتییە و لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا داپۆشینی قژ جۆرێک لە گوێڕایەڵبوون و پێبەندبونی ژن بە ئەخلاقە. لەم مانایەدا قژ هێمای جوانی نییە بەڵکوو نیشاندەری بەستراوەبوون بە نەزمی داسەپاوە. هەر بۆیە زۆر جار بینراوە کە لادانی ژن لە نۆرمە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان، کۆمەڵگەی پیاوسالاری هان داوە تاکوو بە تاشینی قژی ژن، هەوڵ بۆ سزادان و سەپاندنەوەی هەژموونیی خۆی بدات.
قژ زۆرجار سنوورێکی ئیدئۆلۆژیکی دروست کردووە، سنوورێک لە نێوان ژنێکی گوێڕایەل و ژنێکی یاخی! لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا، قژ بەشێک لە دارایی بە ئەژمار هاتووە، داراییەک کە نە هی خودی ژن، بەڵکوو هی بنەماڵە یان هاوسەرە!
لە زانستی مرۆڤناسیشدا قژ پێگەیەکی گرینگی هەیە. لە یوونانی کۆندا ژنان لە پرسە و شینگێڕیدا قژی خۆیان دەبڕیەوە. لە فەرهەنگی کوردیشدا بڕینی قژ لە پرسەدا بە مانای لەدەستدانێکی قووڵە.
لە تێئۆریی پێوەندیی نازارەکیدا، قژ یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی “دەربڕینی شوناس”ە، لەو کاتەدا کە زمان قەدەغە دەکرێ، جەستە دەست بە قسەکردن دەکات.
لە نەزمی کۆنەپەرستانەدا، قژی ژن مەترسییەکی گەورەیە و لە ئەکتی ناڕەزایەتیدا قژی بڕدراو بە واتەی خەم، ناڕەزایەتییە و کەزی هۆندراویش بە مانای یەکگرتوویی، ژیان و داهاتوویە.
قژ لە مێژووی جەستەی ژندا، هەمیشە شوێنی بەریەککەوتنی هێز، ئەخلاق و سیاسەت بووە، ئەکتی ژنان لەسەر قژیان، نەک کردەوەیەکی تاکەکەسی، بەڵکوو دەستێوەردانێکی هێمایین لەو نەزمەیە کە جەستەی ژن وەکوو گۆڕەپانی هێز دەبینێ.
لەو سێ بڕگەیەدا کە پێشتر باسم کردن، قژ بوو بە هێمایەکی دیار، بەڵام خوێندنەوەکانی جیاواز بوون.
لە شۆڕشی ژینادا، بڕینی قژ بوو بە ئەکتێکی سیاسی چونکە، ژن ئەم خاوەندارەتییەی ئەوی تری لەسەر جەستەی خۆی ڕەت کردەوە، ئەگەرچی زۆر جار باس کراوە کە شۆڕشی ژینا بەستێنی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی تایبەتی هەبوو و بە پێچەوانەی کوردستان و باقی جوغرافیا پەراوێزخراوەکەی ئێران کە سەر بە نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکەیە، ئەوە تەنیا لە ناوەنددا بوو کە پرسەکە گرێدراوی قژ و حیجابی زۆرەملێ بوو، بەڵام بڕینی قژ وەک هێمایەکی بەرچاو لەم شۆرشە توانیی وێژمانی گرینگ دروست بکات. لەم شۆڕشەدا بڕینی قژ نیشانەی دیاری ناڕەزایەتی بە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەسی بوو، بەم ئەکتە کۆمەڵایەتی_سیاسییە ئەو پەیامە گەیەندرا کە ژنان خاوەندارەتی لە جەستەی خۆیان دەکەن و هەژموونی دەسەڵات بەسەر جەستە و دەروونی خۆیاندا ڕەت دەکەنەوە.
ئەوەی کە لە بەرخودانی ڕۆژاوادا ڕووی دا، دیسان نیشاندەری زاڵبوونی ژن بەسەر جەستەی خۆیدا بوو، کاتێک کە میلیشیایەک بڕینی کەزیی شەڕڤانێک بە سەرکەوتن دەزانێ، ژنان بە هۆنینەوەی کەزی ئەو پەیامە بە جیهان دەگەیێنن کە لە بەرخودان بەردەوامن و بڕینی کەزیی شەڕڤانێک ناتوانێ خەبات و خۆڕاگریی شەڕڤانان بباتە ژێر پرسیارەوە. ژنان بە هۆنینەوەی کەزی وەک پێشتر باسم کرد، پەیامی یەکگرتوویی، ژیان و داهاتوویان بە گوێی جیهاندا چرپاند و ئەم ئەکتەش توانیی ببێتە هێمایەک بۆ زیاتر ناساندنی خەباتی ڕۆژاوا و هاوکات ڕۆڵ و پێگەی شەڕڤانانی کورد لە پارێزگاریکردن لە خاکی کوردستان.
بەڵام بابەتێکی دیکە کە پێم وایە لەم ڕۆژانەدا پەراوێز خرا و کەمتر بایەخی پێ درا، ئەکتی خوشکەکەی شەهید مێلیکا دەستیاب بوو!
ڕاستە کە کۆماری ئیسلامی بە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتێرنێت، نەیهێشت ڕاستییەکان وەک خۆیان و بە وردەکارییەکانیانەوە بدرکێن و بە سانسۆری ڕاستییەکان زۆر ڕووداوی تراژیک و هاوکات حەماسەی قووڵی لە چاوی جیهان شاردەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە کە خوشکی شەهیدێکی کوردستان، لەوپەڕی قووڵیی خەمێکی کوشندەدا، دەست بۆ بڕینی قژەکانی دەبات، خۆی دەیتوانی یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانی ڕۆژ بێت و باسی لێ بکرێت!
بڕینی ئەو قژە لەو کاتەدا و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە کە کەزیی خوشکەکەی مێلیکا لەسەر تەرمە بێگیانەکەی ڕەوانەی گۆڕستان دەکرێت، دەکرا بە دەیان وتارێ لەسەر بنووسرێ، دەکرا بە سەدان ڤیدیۆی لێ ئامادە و بڵاو کرابایەوە بەڵام بۆچی پەراوێز خرا؟
ڕەنگە هۆکارەکان زۆر بن، بەڵام لێرەدا دوو هۆکاریان دێنمە بەر باس و وتارەکەم بە چەند پرسیارێکەوە بۆ خوێنەرەکانی بەجێ دەهێڵم؛
یەکەم: ڕۆڵی میدیا و ڕاگەیاندن لەسەر ئەم پرسە؛
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی میلیشیا سووریەکە لە سۆشیاڵ میدیادا توانیی بە زامدارکردنی هەست و سۆزی خەڵک، جۆرێک لە ئەکتێکی گشتی بەرهەم بێنێت. کەڵکوەرگرتنی میدیاکان و بەتایبەتیش سۆسیاڵ میدیا لەم بابەتە وەک خۆراکێکی میدیایی پڕبینەر، کاریگەرییەکی ئێجگار زۆری هەبوو. لەم ئەکتە گشتییەدا ناودێرکردنی ئەکتەکەش بە “کەزییەک دەبڕن، هەزارن کەزی دەهۆنینەوە” ناونیشانیکی دروست کرد کە خەڵک زۆربەیان خۆیانی تێدا ببیننەوە و بتوانن پەیوەستی بن. لەم قۆناغەشدا دیسان میدیا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو و خەڵک دەیانتوانی ئاکامی کاردانەوەکەی خۆیان ببیننەوە.
دووەم: هێماسازی؛
لە زانستی کۆمەڵناسی و هێماناسیدا، هێماکان زیاتر لە مانای ڕاستەوخۆ، باس لە پرسێکی گرینگتر دەکەن. بۆ نموونە قژ تەنیا بابەتێکی فیزیۆلۆژیک نییە بەڵکوو ئاماژە بە شوناس، ڕەگەز، ئازادی، جوانی یان تەنانەت کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیش ئەکا. هێماکان کاتێ دروس دەبن کە ئەزموونێکی تاکەکەسی دەتوانێ مانای گشتی و بەکۆمەڵ لەخۆ بگرێ. هەر ئەکتێک بۆ ئەوەی کە ببێت بە هێما پێویستە کە پێشتر بارێکی مانایی هەبووبێ. قژ لە زۆربەی فەرهەنگەکاندا لەگەڵ ژنانەبوون، کۆنتڕۆڵی جەستە و تەنانەت شینگێڕیدا مانا کراوەتەوە. ئەو ئەکتە دەبێ سادە بێت و بۆ زۆر کەس بە ئاسانی دەست بدات و هاوکات دەبێ بتوانێ تووڕەیی، هاودەنگی، یان هیوایەک بەرهەم بێنێت و بیگوازێتەوە کە بەم شێوەیە زۆر زوو ئەتوانێ ببێت بە هێما. ئەو ئەکتە دەبینرێ و پێویستی بە ڕوونکردنەوە نییە، ئەکتێکە کە بەخێرایی پەیامەکەی خۆی دەگەینێ و خاڵیکی دیکە کە گرینگە، گرێدراویی ئەو ئەکتە بە ڕووداوێکی مێژووییە کە دەتوانێ لە جێگیربوونی وەک هێما ڕۆڵی بەرچاوی هەبێ و دووپاتبوونەوەی ئەو ئەکتە لە تاکەوە بۆ کۆمەڵ ئەتوانێ لە جێگیربوونیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبێ.
کەوایە قژ بۆیە بە ئاسانی بوو بە هێما چونکە هۆنینەوە یان بڕینی کارێکی ئاسان بوو، قژ چ لەو کاتەدا کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی و دەربڕینی خەم دەبڕدرێ و چ لەو کاتەدا کە دەهۆندرێتەوە، هێمایەکە کە زۆر زوو دەبیندرێت و پەیامی خۆی دەگەینێ؛ لە مەرگی ژینا ئەمینیدا بڕینی قژ وەک ئەکتێکی سیاسی_ناڕەزایەتی و لە پرسی ڕۆژاواشدا هۆنینەوەی کەزی نیشایەک لە شوناس و بەرخودان بوو کە لە شەڕی داعشەوە زیاتر خۆی نیشان دابوو.
بە هەموو ئەمانەوە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بڕینی قژی خوشکەکەی شەهید مێلیکا نەیدەتوانی هێمایەک بێت بۆ هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵات؟ کارێکی ئەستەم بوو؟ لایەنی هەستەکیی مرۆڤەکانی نەخستبووە ژێر کاریگەرییەوە؟ میدیایەک نەبوو پشتیوانیی لێ بکا؟ پێشینەی مێژوویی نەبوو؟ یان لایەنی جوانیی هۆنینەوەی کەزی گرینگتر لە هاوخەمی و بڕینی چەند تاڵەقژێک بوو؟





