ئارمان یەعقووبی

پێشەکی:

کەرتی پەروەردە و فێرکردن یەکێکە لە گرنگترین بنچینەکانی پێشکەوتن و گەشەسەندنی هەر وڵاتێک. بەرزبوونی ئاستی پەروەردە دەبێتە هۆکاری گەشەی کولتووری، ڕۆشنبیریی نەتەوەیی و هەروەها بەهێزبوونی ئاسایشی کۆمەڵگەش. بۆیە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەم کەرتە دەتوانێت وەک پێوانەیەکی گرنگ بۆ ناسینەوەی ئاستی پێشکەوتنی وڵاتێک بەکار بهێنرێت.

مانای پەروەردە و فێرکردن

پەروەردە و فێرکردن بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی و ڕۆشنبیریی تاکەکان، گەشەپێدانی تواناکان و زیادکردنی لێهاتووییی هێزی مرۆیی، کە لە ڕێگەی سیستەمێکی پەروەردەییی سەربەخۆ و زانستییەوە، وڵات دەتوانێت بەرەو گەشەسەندنی هەمەڕەنگ هەنگاو بنێت.

هەڵسەنگاندنی کەرتی پەروەردە لە وڵاتی ئێران

بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کەرتی پەروەردە لە وڵاتی ئێران، پێویستە ئاوڕێک لە چەند فاکتەرێکی سەرەکی بدرێتەوە، وەک: ڕەوشی مامۆستایان، ژینگەی زانستی بۆ قوتابییان و خوێندکاران و نێوەرۆکی کتێبەکانی خوێندن. ئەم توخمانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دیاریکردنی کوالێتیی پەروەردە و ئاستی فێرکردن لە هەر وڵاتێک‌دا.

لە ئێستادا، دۆخی مووچە و بارودۆخی ژیانی مامۆستایان لە ئێران‌دا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئاستێکی خراپ‌دایە. مووچەی زۆربەی مامۆستایان زۆر خوارترە لە ئاستی هەڵئاوسانی ئابووری و نرخەکانی ژیان، کە ئەمە کاریگەرییەکی خراپ لەسەر دڵسۆزی، هەوڵدان و کوالێتیی وانەوتنەوەیان دادەنێت. ئەم دۆخە هۆکارە بۆ ئەوەی مامۆستایان ناچار بن بەدەر لە پیشەی مامۆستایی پیشەیەکی دیکەش بۆ خۆیان هەڵبژێرن.

لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی کەمیی ژمارەی مامۆستا، زۆرێک لە خوێندکاران لە ڕووی تێگەیشتن و خوێندنەوەی کتێبەکان‌دا تووشی ئاستەنگی جددی دەبنەوە. ژمارەی زۆری قوتابیان لە پۆلەکان‌دا زۆرە، کە ئەمە ڕێگە بە مامۆستا نادات بتوانێت بە شێوەیەکی باش گرنگی بە قوتابییان بدات.

لە بواری دامەزراندن و بەڕێوەبردنی کەرتی پەروەردەدا، زۆر جار گرنگی بە پسپۆڕیی زانستی و توانای پەروەردەیی نادرێت، بەڵکوو هاوڕاییی ئایدۆلۆژی و سەربە دەسەڵات‌بوون وەک پێوانەی سەرەکی بەکار دێت. ئەمەش بووەتە هۆکاری لاوازبوونی ئاستی وانەوتنەوە و دروست‌نەبوونی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەپێدانی تواناکانی قوتابیان. لە هەندێک حاڵەت‌دا، تەنانەت کەسانی ناپسپۆڕ، وەک فەقێکان و ئەندامانی سیستەمی ئایینی، وەک مامۆستا لە قوتابخانەکان‌دا دانراون، کە ئەمە لەگەڵ بنەماکانی پەروەردەی زانستی ناگونجێت.

هەروەها نێوەرۆکی کتێبەکانی خوێندن زۆر جار لە ئاستی ئەو پێشچوونی زانستی و تەکنەلۆژییەدا نین کە وڵاتانی پێشکەوتوو گرتوویانەتە بەر، ئەمەش هۆکاری دوورکەوتنەوەی سیستەمی پەروەردەی ئێران لە گەشەی زانستیی سەردەمە.

بەگشتی دەکرێ بڵێین کە کەرتی پەروەردە لە وڵاتی ئێران تووشی کێشە بنەڕەتییەکان بووەتەوە و پێویستی بە چاکسازیی هەیە، چاکسازییەک کەوا مامۆستا و خوێندکار و نێوەرۆکی وانەکان لە ناوەندی گۆڕانکارییەکان‌دا بن.

سەربەخۆ بوونی نێوەرۆکی بابەتەکانی خوێندن

ئێران وڵاتێکی فرە‌نەتەوەیییە کە نەتەوە جیاوازەکانی مێژوویەکی دوور و درێژی  سیاسی و کولتووریان لە ناوچەکەدا هەبووە، بەڵام نێوەرۆکی کتێبەکانی خوێندن و سیستەمی فێرکردن ئەو ڕاستییەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە مافی نەتەوەیی و ئایینی و کەمینەیی لە نێوەرۆکی کتێبەکانی خوێندن‌دا پشتگوێ خراون. لە زۆربەی کتێبەکانی مێژوو و جوگرافیادا، گرنگیی سەرەکی تەنیا بە نەتەوەی فارس و چەمکی «ئێرانی یەکپارچە» دراوە، لە کاتێک‌دا ناسنامە و مێژووی نەتەوەکانی دیکە وەک کورد بە شێوەیەکی تەواو فەرامۆش کراون، ئەمەش  ئەو ڕاستییەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە سیستەمی  پەروەردە لەو وڵاتەدا سەربەخۆ نییە، نێوەرۆکی کتێبەکان لە ڕووی زانستییەوە باوەڕپێکراو نین.

ئایدۆلۆژیا و مێتۆدی خوێندن

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کەرتی پەروەردە لە ئێران‌دا، سەپاندنی ئایدۆلۆژیایەکی ئایینی-سیاسییە کە بە شێوەیەکی فراوان بۆ نێوەرۆکی کتێب و سیستەمی خوێندن زیاد کراوە. ئەم ئایدۆلۆژیایە نەک تەنیا لە وانە ئاینییەکان‌دا، بەڵکوو لە زۆربەی بابەتەکانی دیکەش‌دا ڕەنگدانەوەی هەیە، ئەمەش هۆکارە بۆ سنووردارکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و زانستی لەنێو قوتابیان‌دا.

پشتگوێخستنی زمان و کولتووری نەتەوەکانی دیکە

وڵاتی ئێران وڵاتێکی فرە‌نەتەوەیییە کە هەر نەتەوەیەک زمان و کولتووری تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام بەهۆی سەپاندنی زمانی فارسی وەک تاکە زمانی فەرمیی پەروەردە، مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ نەتەوەکانی دیکە سنووردار کراوە. ئەم بارودۆخە بووەتە هۆکاری لاوازبوونی تێگەیشتن و ئاستی بەشداریی قوتابیان لە پرۆسەی خوێندن‌دا، بەتایبەتی لە ناوچە نەتەوەیییەکان وەک پارێزگا کوردییەکان.

ئەنجام

لە کۆتایی‌دا دەتوانین بڵێین کە کەرتی پەروەردە لە وڵاتی ئێران‌دا بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو گۆڕراوە بۆ ئامرازێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی. ئەم بارودۆخەش هۆکاری فەرامۆشکردنی فرە‌نەتەوەیی، لاوازکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و سنووردارکردنی گەشەسەندنی ڕاستەقینەی هێزی مرۆیییە. چارەسەری ئەم کێشانە پێویستی بە سیستەمێکی پەروەردەیی هەیە کە لەسەر بنەمای زانست، یەکسانی، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە جیاوازییە نەتەوەیی و کولتوورییەکان دامەزرابێت. لە ئێستادا، بەشێک لەم ئەرکە کەوتووەتە سەر ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە هەوڵی پاراستنی زمان، ناسنامە و مێژووی نەتەوەیی و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر بابەت و ڕوداوە گرنگەکان دەدەن.

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید