نماد سایت یەکیەتیی خویندکارانی دێموکراتی کوردستان

کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی لاوانی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی لاوانی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی کارگرووپی خوێندکارانی بەڕێوە برد.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە تایبەت بە خوێندکاران بوو و لەژێر ناونیشانی “ڕۆڵی بزووتنەوە خوێندکارییەکان لە گۆڕانکارییەکان‌دا: بزووتنەوە خوێندکارییە جیهانییەکان لە وتووێژ-ڕاستییەکان، ئاڵەنگاری و هاوپێوەندییەکان”دا بەڕێوە چوو، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەشداریی کرد.

نوێنەری یەکیەتیی خوێندکاران، خاتوو “ئاگرین محەممەدی”، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران، باسێکی چڕوپڕی لەسەر دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی دۆخی خوێندکاران لە کوردستان کرد.

ناوبراو وێڕای ئەوەی بەکورتی باسێکی لەسەر مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاری لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، بەردەنگەکانی کە لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە بەشدار بوون لەگەڵ دۆخی هەنووکەییی خوێندکارانی کورد و هەڕەشەکانی بەردەمیان و هەروەها ویستە سەرەکییەکانی ئەم توێژە لە کۆمەڵگەی کوردستان کە بریتییە لە چارەسەری پرسی نەتەوەییی نەتەوەی کورد، ڕێگەچارەی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم توێژە و هەروەها پرسە پیشەیییەکانی خوێندکارانی کورد، ئاشنا کرد و لە هەمان کاتیش‌دا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە ئەو نوێنەرانە دەنگی خوێندکارانی کوردستان بگەیەننە وڵاتەکانی خۆیان. محەممەدی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە گەشبینین بەوەی لە ئێران‌ و ناوچەدا گۆڕانی بنەڕەتی و گرنگ ڕوو ئەدات و بێ‌گومان و بەتایبەتی لە ئێران‌دا ئەم گۆڕانانە لە دەروازەی زانکۆکانەوە تێپەڕ ئەبن و خوێندکاران یەکێک لەو توێژانە ئەبن کە داینامۆی شۆڕشی نوێن.

شایەنی باسە لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی خوێندکارانی چەندین وڵات لەوانە: “ئاڵمان”، “ئیسپانیا”، “هۆلەند”، “هیندوستان”، “نیپال” ، “ئەرمەنستان”، و هتد… بەشدارییان کردبوو.

خروج از نسخه موبایل