وڵات قادری
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر ئێران و هەڕەشەکان زیاتر دەبن. بەڵام ئەوەی لە خودی هێرشەکە گرنگترە، ڕووداوەکانی دوای هێرشەکەن؛ پرسیارە بنەڕەتییەکە لێرەدا ئەوەیە: سەرەتای ڕووخانی ڕژێم چۆن دەبێت و پێویستە چی بکرێت؟
ئەگەر “دۆناڵد ترامپ” سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران بدات و ڕژێمەکە بڕووخێت، کاتژمێرە سەرەتایییەکان وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبێت و ڕۆژە یەکەمەکانیش هەموو شتێک یەکلایی دەکەنەوە. مێژووی ئەم ناوچەیە نیشانی داوین کە کاتێک ڕژێمێک بەبێ پلانێکی ڕوونی قۆناغی گواستنەوە دەڕووخێت، پاشاگەردانی و ئاژاوە بۆشاییی دەسەڵات پڕ دەکەنەوە. ئەمە لە عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣دا بینرا، کە چۆن بە خێرایی ئاسایشی ناوچەکە تێکچوو، میلیشیاکان گەشەیان کرد و وڵاتانی ناوچەکە و لایەنە بیانییەکان لەسەر باڵادەستی و کاریگەریی خۆیان کەوتنە کێبڕکێوە.
ئێران لە ڕووی دانیشتووان، پێکهاتەی نەتەوەیی، سیستەمی سیاسی و جوگرافییەوە، زۆر ئاڵۆزترە لە عێراق. ئەگەر پێکهاتەی دەوڵەت لەناکاو هەڵوەشێتەوە، ئەوە تەنها نابێتە ساتێکی ئازادیی سادە، بەڵکوو دەبێتە وەرچەرخانێکی هەستیار کە وێڕای ڕەخساندنی دەرفەت، دەبێ پێشبینیی هاتنە پێشی ئاڵۆزی و هەڕەشەی گەورەش لەلایەن ئەکتەرە ناوخۆیی و ناوچەییەکانەوە بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرچاو بگیرێت.
لە سیناریۆیەکی وەهادا، لەپێشترین کار دەبێت ڕێگریکردن بێت لە شەڕی ناوخۆ. ئێران تەنها لە نەتەوەی فارس پێکنەهاتووە، بەڵکوو کورد، ئازەری، بەلووچ، عەرەب، گیلەک، تورکمان و نەتەوەکانی تریشی تێدایە و دەبێت ماف و چارەنووسی هەمووان پارێزراو بێت. کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی درێژی لەگەڵ چەوسانەوەی سیاسی، لەسێدارەدان، پەراوێزخستنی ئابووری و قەدەغەکردنی زمان و کولتووردا هەیە. هەمان دۆخ، بە شێوازی جیاواز بۆ بەلووچەکان لە سیستان و بەلووچستان و بۆ عەرەبەکان لە ئەحوازیش ڕاستە. ئازەرییەکانیش، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی ژمارەوە زۆرن و لەسەر مەزهەبی شیعەن، بەڵام ئەوانیش ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و ناوەندگەرایییەکی پێکهاتەیی بوونەتەوە؛ ئەمەش وای کردووە هەست بە دابڕان لەو سیستەمە بکەن و بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانیان تێبکۆشن، کە ئەمەش کێشە ناوخۆیییەکانی ئێران ئاڵۆزتر دەکات. ئەگەر ڕژێم بڕووخێت، ئەم نەتەوانە بە ئاسانی مل بۆ دەوڵەتێکی تری ناوەندگەرای پاوانخوازی فارس کەچ ناکەن.
بەتایبەت بۆ گەلی کورد، ئەم ساتەوەختە مێژوویی دەبێت، بەڵام ئەگەر کورد پەرتەوازە بێت، زۆر مەترسیدار دەبێت. پێویستە حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەجێ سوپایەکی یەکگرتووی پێشمەرگە پێکبهێنن، چونکە تەنها ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان حیزبەکان ناتوانێت گەرەنتیی پاراستنی خاک و مافەکانی کورد بکات و ڕێگە لە شەڕی ناوخۆ و ناکۆکییە ئایدۆلۆژییەکان بگرێت. مێژوو سەلماندوویەتی کە پەرتەوازەیی هەمیشە بزووتنەوە کوردییەکانی لاواز کردووە. یەکگرتوویی شەرعییەتمان پێ دەبەخشێت، ڕێگری لە پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەکات و ئاسایش و سەقامگیریی خەڵکی کوردستان دابین دەکات. دوای ڕووخانی ڕژێم دەبێت ئەنجومەنێکی کوردیی هاوبەش کە نوێنەرایەتیی هەموو حیزبە سەرەکییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بکات، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا ڕابگەیەنرێت.
لە هەمان کاتدا دەبێت واقیعبین بین؛ ئەمە ساتی تۆڵەسەندنەوە نییە لە تورک و فارس، بەڵکوو ساتی خۆگونجاندنە لەگەڵ بارودۆخەکە و زیندووکردنەوەی وتاری نەتەوەییمانە لە ناو خەڵکدا. ئەو جۆرە حکومەتەی لە سەرەتادا پێویستە، دەبێت سیستەمێکی کاتی (ئینتقالی)، فیدراڵی و دیموکراتی بێت کە بە ڕوونی دان بە واقیعی فرەنەتەوەییی ئێراندا بنێت.
بیرۆکەی گەڕاندنەوەی پاشایەتی بۆ ئێران لەژێر سێبەری کەسێکی وەک ڕەزا پەهلەوی چارەسەر نییە. چونکە ئەو نەک تەنها خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی بەربڵاو نییە، بەڵکوو کەسایەتییەکی ناوەندخواز و دژی هەرچەشنە مافێکی دیموکراتیی نەتەوەکانی ئێرانە. ئەو ناتوانێت نوێنەرایەتیی ویستی نەتەوەکان بکات، چونکە باوەڕی بەوە نییە کە کورد، ئازەری، بەلووچ و عەرەب نەتەوە بن، بەڵکوو بە “قەوم” ناویان دەبات؛ ئەمەش واتە بەردەوامیدان بە چەوسانەوە و سەرکوتکاری، ڕێک وەک ئەوەی باوکی و باپیری لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەنجامیان داوە.
(محەمەد ڕەزا پەهلەوی) باوکی و (ڕەزا شا) باپیری لە ڕێگەی ناوەندگەرایییەکی توند، سەرکوتکردنی نەتەوەکان، قەدەغەکردنی دەربڕینی کولتووری و سیاسەتی تواندنەوەی زۆرەملێ حوکمیان کردووە. ئەوان لە دژی ویستەکانی گەلی کورد وەستاونەتەوە و سەرکردە ناسراوەکانی وەک “سمکۆی شکاک” و “پێشەوا قازی محەمەد”یان شەهید کردووە. لە ڕووی ئابووریشەوە، ئەگەرچی سامانی نەوت هەبوو، بەڵام گەشەپێدان نادادپەروەرانە بوو و گەندەڵی هەموو شوێنێکی گرتبووەوە. سەرکوتکارییەکانی “ساواک” و نەبوونی دیموکراسی بوونە هۆی تووڕەییەک کە لە ساڵی ١٩٧٩دا تەقییەوە و خەڵکی ئێران لە نێوان “خراپ” و “خراپتر”دا، خراپیان هەڵبژارد و بە ئومێدی دادپەروەری ڕاپەڕین و کۆماری ئیسلامییان هێنایە سەر کار.
لە دۆخێکی وەهادا، گەڕانەوە بۆ مۆدێلی پاشایەتی واتە پشتگوێخستنی ئەزموونی شکستی ئەو سیستەمە. داهاتوو لەسەر بنەمای نۆستالژیا و ڕابردوو بونیات نانرێت، بەڵکوو دەبێت لەسەر بنەمای بەشداریی هەموو نەتەوەکان بێت.
کۆمارێکی فیدراڵی دیموکراتی کە تێیدا سەروەریی نەتەوەکان لە هەرێمە جوگرافییەکاندا، مافی ئازادیی ڕادەربڕین، خوێندن بە زمانی دایک، پاراستنی کولتوور و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات بە دەستوور گەرەنتی کرابێت، تەنها ڕێگەی واقیعییە بۆ سەقامگیری وڵات. بەڕێوەبردنی خۆجێییی پارێزگاکان و هەبوونی پەرلەمان و دادگای سەربەخۆ لە پێویستییە سەرەکییەکانن. هەروەها دەبێت هێزە ئەمنییەکان سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە و هەموو نەتەوەکان تێیدا بەشدار بن بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە باڵادەستیی یەک گرووپی نەتەوەیی.
خەڵکیش بەرپرسیارێتیی گەورەیان لەسەرە. لە ئەگەری ڕووخانی ڕژێم، دەبێت تۆڕە مەدەنییەکان ڕێک بخرێن بۆ پاراستنی شار و گوندەکان لە تاڵانکاری و دەستدرێژیی گرووپە هەڵپەرستەکان. ڕۆشنبیران، خوێندکاران و لاوان دەبێت وتاری ڕەگەزپەرستانە ڕەت بکەنەوە، چونکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها نەتەوەی کوردی تێدا ناژی. پێویستە سەرکردەکانی کورد، ئازەری، بەلووچ و عەرەب دەستبەجێ هەماهەنگی بکەن. هەروەها دەبێت بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە وریایییەوە مامەڵە بکەن، چونکە دەنگۆیەکی ناڕاست دەتوانێت لە چەند کاتژمێرێکدا شەڕ و ئاژاوە بنێتەوە.
لە بواری دیپلۆماسیشدا دەبێت کاری جیدی بکرێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەورووپا دەبێت میکانیزمی ئاگربەست و پڕۆسەیەکی تەندروستی گواستنەوەی دەسەڵات بگرنەبەر. میدیا جیهانییەکانیش دەبێت لەوە تێبگەن کە ئێران تەنها لە “فارس” پێکنەهاتووە و تیشک بخەنە سەر داواکارییە ڕەواکانی هەموو نەتەوەکان.
ئەگەر هێزە بیانییەکان تەنها وەک تەختەی شەتڕەنجێکی جیۆسیاسی سەیری ئێران بکەن، ناسەقامگیری قووڵتر دەبێتەوە و سیناریۆکانی سووریا دووبارە دەبنەوە. بەڵام پشتگیریکردن لە دەورانێکی گواستنەوەی گشتگیر، دەبێتە دەرچەیەک بۆ سەقامگیری و هاوپەیمانیی بەهێز لە داهاتوودا.
بۆ کورد، ئەم ساتەوەختە هەم دەرفەتە و هەم تاقیکردنەوە. ئەگەر یەکگرتوو و خاوەن ستراتیژ بین و جەخت لەسەر مافە دەستوورییەکانمان بکەینەوە، دەتوانین فیدڕاڵییەکی ڕاستەقینە دەستەبەر بکەین. بەڵام ئەگەر پەرتەوازە بین، دیسانەوە کەسانی تر بڕیار لەسەر چارەنووسمان دەدەن.
لە کۆتاییدا دەبێت بزانین کە ڕووخانی ڕژێم کۆتاییی خەبات نییە، بەڵکوو سەرەتای دەوڵەتسازییە؛ دەوڵەتسازیش پێویستی بە ژیری، یەکگرتوویی و بوێریی هەموو ئەو نەتەوانە هەیە کە لەو خاکەدا نیشتەجێن.
مێژوو چاوەڕێمان ناکات تا خۆمان ڕێک دەخەین، دەبێت پێش ئەوەی بگات، ئێمە ئامادە بین.

