بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ جیاجیاکانی ئێران لەوانە: فێردەوسیی مەشهەد، بەهەشتیی تاران، عەلامە تەباتەبایی و تاران لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتن و خۆپیشاندانە خەڵکییەکاندا ڕاگەیاندراویان بڵاو کردەوە.

ڕۆژی دوو شەممە ۸ی بەفرانباری ۱۴۰۴ی هەتاوی خوێندکارانی زانکۆی “بەهەشتیی تاران” بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە کە لە بەشێکی‌دا دەڵێن: “خوێندکارانی بەهەڵوێست دەبێ دژی گەندەڵیی بەربڵاو بن و دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک بەرز بکەنەوە.”

هاوکات کاناڵی تێلێگرامیی “ئەمیرکەبیر”یش ڕایگەیاند: “خوێندکارانی زانکۆی تارانیش لە بەیاننامەیەک‌دا دەڵێن: “ئێستا کاتی سەیرکردن نییە و کاتی ڕووبەڕووبوونەیەوە” هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەیان‌دا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە “کۆتاییی دیکتاتۆری زۆر نزیکە و ستەم لە هەموو کاتێک لەرزۆکترە.”

هەر لەم پێوەندییەدا بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی “فێردەوسیی مەشهەد” ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە، لە بەشێک لەم ڕاگەیەندراوەدا کە بەبۆنەی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: “ئێمە خوێندکارانی زانکۆی “فێردەوسیی مەشهەد” لە بەرامبەر زوڵم، نادادپەروەری، سەرکوت و گەندەڵی ڕادەوەستین و بێ‌دەنگی بە پاڵپشتی لە ستەم دەزانین، بۆیە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ڕووبەڕووی ئەم ستەمانە ببینەوە. لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە، لەلایەن بەشێک لەو خوێندکارانەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو و دروشمی: “خوێندکار تەماشاوان نییە، ناڕەزایەتی‌دەربڕین مافی ئێمەیە” بەرز کرایەوە.

شایانی باسە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە چەندین ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە شارە جیاوازەکانی ئێران بەڕێوە چوون، کە لەم ناڕەزایەتییانەدا وا بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەچن، خوێندکارانیش بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبووە.

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید