بەپێی ئەو هەواڵانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاو بوونەتەوە، شەپۆلێکی نوێ و توندوتیژ لە سەرکوتکردنی خوێندکاران، مامۆستایان و چالاکانی مەدەنی لە شارە جیاوازەکانی ئێران بەهۆی ناڕەزایەتییەکان لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ‌کردووە. هێزە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی حکوومەت، بە بەکارهێنانی چەکی قورس و سووک و تەقەی ڕاستەوخۆ، ژمارەیەک خوێندکاریان کوشتووە و دەیان کەسی دیکەشیان ڕاپێچی گرتووخانەکان کردووە. ئەم ڕاپۆرتە وردەکاریی دۆخی خوێندکاران و مامۆستایانی دەسبەسەرکراو و گیانبەختکردوو دەخاتە ڕوو:

بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەندین شار بە تەقەی ڕاستەوخۆ خوێندکارانیان کردووەتە ئامانج.

شەوی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانبار، دوو خوێندکاری کچ لە تاران کرانە ئامانج. ئایدا حەیدەری، تەمەن ۲۱ ساڵ و خوێندکاری زانستە پزیشکییەکانی زانکۆی تاران لە گۆڕەپانی سادقییە و زەهرا بۆهلوولی‌پوور، تەمەن ۱۹ ساڵ و خوێندکاری زمانی ئیتالیاییی زانکۆی تاران لە شەقامی فاتمی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانیان لەدەست دا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆبینا ئەمینیان، خوێندکاری تەمەن ۲۲ ساڵی زانکۆی بەهەشتی کە خەڵکی مەریوان و دانیشتووی کرماشان بوو، لە کاتی دەرچوون لە زانکۆ لە دواوە تەقەی لێ کرا و گیانی سپارد. بنەماڵەکەی لەژێر گوشاری توندی ئەمنییەتی‌دا ناچار کران تەرمەکەی بەدزییەوە و بەبێ‌ئامادەبوونی خەڵک لە کرماشان بە خاک بسپێرن.
یاسین میرزایی قەلعەزەنجیری، خوێندکارێکی کوردی یارسان کە لە ئیتالیا و بەمەبەستی سەردان هاتبووەوە کرماشان، لە ڕۆژی ۱۸ی بەفرانباردا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست دا، یاسین خوێندکاری قۆناغی ماستەری ژێئۆفیزیکی زانکۆی مێسینای ئیتالیا بوو.

هەروەها لە بەندەرعەباس، خالید مەولایی، خوێندکاری سەر بە کەمینەی ئایینیی سوننی، لە ۱۸ی بەفرانباردا بە تەقەی هێزەکان گیانی لەدەست دا و ناوەندە ئەمنییەتییەکان خۆیان لە داناوەی تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی بوارد. لە شاری کەرەجیش، دانیال مستەفەوی، خوێندکاری ۱۹ ساڵ، لەگەڵ دایک و باوکی (بێژەن مستەفەوی و زەهرا بەنی‌عامریان) لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیان‌دا درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و هەرسێکیان گیانیان لەدەست دا. لە شاری برووجێرد خوێندکارێک بەناوی ئاریانا ئەرجومەندی، خوێندکاری دەروون‌ناسی بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە دڵی، گیانی لەدەست داوە، شایانی باسە ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە دایک‌وباوکی ناوبراویان وتووە گەر کوڕەکەیان وەک بەسیجی بناسێنن، ئەوە تەرمەکەیان پێ دەدەنەوە، بەڵام ئەو داوایەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان ڕەد کراوەتەوە و باوکی ئاریانا ڕایگەیاندووە: “کوڕی من بۆ ئازادی خوێنی ڕژاوە، من خەیانەتی لێ ناکەم و کارێک ناکەم ڕۆحی لە ئازاردا بێت.”
لە شەهسەوار “سورنا گلگون” خوێندکار و تاقە کوڕی بنەماڵەکەی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان گیانی لەدەست داوە.
لە شاری بابۆلیش ئەحمەدڕەزا قادری، خوێندکاری بەشی بەرهەم‌هێنانی زانکۆی نەوشیروانیی بابۆل، لە ڕێکەوتی ۱۸ی بەفرانباردا و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست داوە.

شەپۆلی دەسبەسەرکردنی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران

هاوکات لەگەڵ کوشتنی خوێندکاران، هەڵمەتێکی بەربڵاوی دەسبەسەرکردن لە زانکۆکانی تاران، هونەر، زانست و عیلم و سەنعەت و شارەکانی دیکە دەستی پێ‌کردووە.

لە زانکۆی هونەری تاران، سامیار موتەلیبی (خوێندکاری مۆسیقا) و ڕامین پووڕئەسڵ (دەرچووی ئاوازدانان) لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕفێندراون.

لە زانکۆی تاران، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران دەسبەسەر کراون کە ناوەکانی ژمارەیەکیان بریتین لە:
   ئێحسان مەسعوودی (زیست‌ناسی)
   موبین سەفدەری (فیزیک)
   عەلی تاهیری‌کیا (دەرهێنان)
   سۆها ئیلبەیگی (هەوافەزا)
   میلاد کاکاوەند (دکتۆرای ژینگە)
   پارسا قەباخلوو (ئەندازیاریی کارەبا)
   موبین ئەمینیان و عارف هادی‌نژاد (فەلسەفە)
   مانی ئیدی (ئەندازیاریی کیمیا – ئازاد کراوە)
   شاهین شوکوهی (دکتۆرای کۆمەڵناسی)
   ئەمیرحوسێن قولی‌زادە (ئەندازیاریی کارەبا)

هەروەها نەوید کووهرەو، براوەی میدالیای زیوی ئۆلەمپیادی زیست‌ناسی و خوێندکاری زانستە پزیشکییەکان، لە شاری ڕەشت دەسبەسەر کراوە. لە زانکۆی زانست و پیشەسازییش، سەمەند نەجات‌بەخش، ئەمین کەریمی و مەجید جەمشیدزادە دەسبەسەر کراون.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە شارەکانی یەزد، مازەندەران و نەهاوەند، خوێندکارانێک بە ناوەکانی عەلی‌ڕەزا خەزایی، محەممەد سائیبی، عێرفان دێهقانی، ئەمیرمحەممەد ڕۆستەمی و پارسا لوقمانی دەسبەسەر کراون. دۆخی محەممەد سائیبی لە یەزد بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە جێگەی نیگەرانییە.

سەرکوت و دەسبەسەرکردنی مامۆستایان

جگە لە خوێندکاران، مامۆستایانیش کراونەتە ئامانجی ئەم سەرکوتە. عەبدوڵڵا ڕەزایی، ئەندامی ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایانی هەرسین و ئەبولفەزل ڕەحیمی‌شاد، مامۆستای خانەنشینکراو لە تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

حوکمی قورس و ناڕەزایەتییەکان

لە دۆسیەیەکی دیکەدا، مەحموود بێهزادی‌ڕاد، پارێزەری ئێحسان فەریدی، خوێندکاری ۲۲ ساڵەی زانکۆی تەورێز، ڕایگەیاندووە کە دۆسیەی ئەم خوێندکارە لە دۆخێکی سادەوە گۆڕدراوە بۆ “افساد فی‌الارض” و حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

سەرەڕای ئەم گوشارانە، خوێندکارانی زانکۆی شاهروود درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکان داوە و دروشمی وەک “ئەم حکوومەتە بەتاڵە، پۆلیس خۆی بکوژە” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”یان بەرز کردووەتەوە.

ئەم دۆخە نیشاندەری ئەوەیە کە دام‌ودەزگا ئەمنییەتییەکان بەبێ‌گوێدانە یاسا، هەوڵی بێ‌دەنگ‌کردنی دەنگی ناڕەزایەتیی زانکۆکان دەدەن و گیانی خوێندکاران لە مەترسیی جیددیدایە.

“شایانی باسە ئەم زانیارییانە لە دۆخێک‌دا کۆ کراونەتەوە کە ئینتێرنێت بەتەواوی پچڕاوە و تا ئێستا تەنیا ئەم هەواڵانە گەیشتووەتە دەستی ئێمە و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، بەدڵنیایییەوە ئەمە تەنیا بەشێکی بچووک لەو پێشێلکارییانەیە وا لە هەمبەر خوێندکاران لە ئێران‌دا ڕوویان داوە.”

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید