نماد سایت یەکیەتیی خویندکارانی دێموکراتی کوردستان

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی هاتنی نەورۆزەوە

خەڵکی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕ!
خوێندکارانی گۆڕان‌خواز!
ئێمە لە کاتێک‌دا گەیشتووینەتە ساڵی ٢٧٢٦ـی کوردی کە ساڵی ڕابردوو ساڵێکی پڕ لە ڕووداوی گرینگ بوو بۆ کۆی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران‌دا. لەو ساڵەدا و لە درێژەی کێشە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو قەیرانانەی بۆ نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ساز کردبوو، ڕێژیم و خەڵکی ئێرانیش بەرەوڕووی کۆمەڵێک کێشە و گرفت بوونەوە.

بۆ یەکەم جار لەدوای شەڕی ئێران و ئێراقەوە، ئێران هێرشی کرایە سەر و بەشێکی بەرچاو لە فەرماندە نیزامییەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران و بەشێکی زۆر لە بەرگریی ئاسمانی و چەک‌وچۆڵی ڕێژیم و هەروەها دامەزراوە ناوکییەکانی بەهۆی ئەو هێرشانەوە لەنێو چوون.
سەرەڕای ئەو شکستە نیزامییانەی بەسەر کۆماری ئیسلامی‌دا هاتبوو، ڕێژیم خۆی وەک براوەی شەڕی دوازدە ڕۆژە ڕادەگەیاند و دەستی لە هەڕەشە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی هەڵنەدەگرت، بەم جۆرە ڕێی درێژەدان بە گرژییەکانی هەڵبژارد.

لە ئاکامی ئەم سیاسەتانەدا دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو خراپتربوون چوو، هەر بۆیەش خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتوو دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی‌دەربڕین و زۆر زوو ئەم ناڕەزایەتییانە تەشەنەی سەند و بۆ زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران گوازرایەوە.

خوێندکاران لە ئێران لە یەکەم توێژەکان بوون کەوا پەیوەستی ئەو ناڕەزایەتییانە بوون و زۆر زوو ئاراستەیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەیان بەو ناڕەزایەتییانە بەخشی. بەداخەوە لە ئاکامی سەرکوتی دڕندانە و جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی لە خوێن گەوزان و گیانیان لێ ئەستێنرا کە لەم نێوەدا خوێندکارانیش بەشێک بوون لەو قوربانییانە؛ کە جێی خۆیەتی لەم دەسپێکی ساڵی نوێیەدا یادی ئەو گیان‌بەخت‌کردووانە بەرز ڕابگرین و لەگەڵ ئامانجە مرۆیی و ڕەواکانیان‌دا پەیمان نوێ بکەینەوە.

سەرەڕای ئەو سەرکوتە دڕندانەیەش، ئەوە دیسان خوێندکاران بوون کەوا مەشخەڵی ئەو شۆڕشەیان بەهەڵکراوی هێشتەوە و گۆڕەپانی زانکۆکانیان کردەوە مەکۆیەک بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕینی دووبارە و نافەرمانیی مەدەنیی جۆراوجۆر، بەڵام کۆماری ئیسلامیی بەزیو جارێکی دیکەش دانی بەوەدا نا کەوا لە بەرامبەر زانکۆ و خوێندکاردا دەستەوەستانە، هەر بۆیە دەستووری دا زانکۆکان دابخرێن و کلاسەکان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە بچن، کە خودی ئەم بڕیارەش لەلایەن خوێندکارانەوە بایکۆت کرا.

هاونیشتمانییانی بەشەرەف!
کۆماری ئیسلامیی شەڕەنگێز بۆ جارێکی دیکەش نە دەنگی خەڵکی بیست و نە گوێی لە دەنگ‌دانی وڵاتان گرت و هەر درێژەی بە سیاسەتی دژایەتی و سڕینەوە و خۆپڕچەک‌کردن دا و لە ئاکامی ئەوەش‌دا ڕێی بۆ شەڕێکی دیکە خۆش کرد، کە هەتا ئێستاش بەردەوامە. لە سێبەری ئەم شەڕەش‌دا درێژە بە هەڕەشە و گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدامەکانی دەدات و لە ئێستادا بەندکراوانی سیاسی لە یەکێک لە خراپترین دۆخەکان‌دان کە پێویستە هەموومان دەنگی کپکراوی ئەوان بین.

ئەمڕۆ لە کاتێک‌دا ساڵی نوێ دەست پێ‌دەکەین کەوا کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین پێگەی خۆی‌دایە و ئاسۆی ئازادی و ڕزگاریی خەڵکی ناڕازی لە هەموو کاتێک گەشتر دەنوێنێت. لە ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکان، پێکهاتنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە بووە مایەی خۆشحاڵی و پێشوازیی خەڵکی کوردستان و ئێمە هیوادارین هەوڵی لەم چەشنە بەرینتر بێتەوە و ببێتە سەرچەشنێک بۆ باقیی نەتەوەکانی ئێرانیش لە بەگژداچوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەهیوای ئەوەی ئەمساڵ ببێتە ساڵی کۆتاییی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ساڵی دەسپێک بێت بۆ ئازادیی ئەو وڵاتە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی وڵاتێک کە تێی‌دا هیچ‌کام لە پێکهاتە و چین و توێژەکانی هەست بە هەڵاواردن و جیاوازی نەکەن.

ساڵی نوێی هەموو لایەک پیرۆز بێت!
بە ئومێدی وەدی‌هاتنی ئامانجەکانمان!
نەمێنێ کۆماری شەڕەنگێزی ئیسلامی!

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
نەورۆزی ٢٧٢٦ـی کوردی و ١٤٠٥ـی هەتاوی

خروج از نسخه موبایل