“ئەوڕۆ تۆفانێکی بەتەوژمی شۆڕشگێڕانە سەرانسەری وڵاتەکەمانی داگرتووە و هەموو لایەک بە هومێدێکی بێپایانەوە دەڕواننە خەباتی نەتەوەکەمان…”
شەهیدی ڕێبەر، سمایلی شەریفزادە
ئەم ڕستەیە پەنجاوهەشت ساڵ لەمەوبەر هاتووەتە سەر لاپەڕە، واتە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٤٦، ئێستاش هەمان تۆفانی بەتەوژمی شۆڕشگێڕانە و ئاڵوگۆڕخوازانە لە ئارادایە و ئێستاش چاوانێکی زۆر لەسەر وڵاتەکەمانە و بە هیواوە لێی دەڕوانن.
هاوڕێیانی هێژا!
ئەوە ڕاستییەکە لە مێژووی هاوچەرخی جیهاندا زانکۆ و خوێندکار، هەمیشە توانیویانە بەرهەمهێنەری بیر و ئاگایی بن و لە جووڵاندن و بزواندنی کۆمەڵگەدا ڕۆڵ و نەخشی بەرچاو بگێڕن.
کەمتر شۆڕش و سەرهەڵدانێک لە مێژووی هاوچەرخدا هەیە کە مۆرکی زانکۆی پێوە نەبووبێت، یان لانیکەم زانکۆ و خوێندکار لەگەڵیدا نەبووبێتن.
بە هەستکردن بەو گرنگییە و هەروەها بۆ دانانی کاریگەریی زیاتر بووە کە خوێندکارانی نەتەوەی کوردیش هەوڵیان داوە، توانا و هێز و پوتانسیەلی ئەم توێژە ئاگا و ئاگاییبەخشە ڕێک بخەن و لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکاندا ئەم توانایییانە پڕبەهرەتر بکەن.
کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئورووپا لە کۆتایییەکانی دەیەی بیستی هەتاوی و یەکیەتیی نەتەوەییی خوێندکارانی کورد لە ئێران لە سەرەتاکانی دەیەی چلی هەتاویدا لەو هەوڵانەن وا لەو ڕاستایەدا دراون کە ئاماژەی پێ کرا.
ئەم ڕێکخراوانە و کەسایەتییە هەڵقوڵاوەکانی نێو ئەم ڕێکخراوانە لەسەر ئاگاییی نەتەوەی کورد و ناساندنی نەتەوەی کورد و مافەکانی بە نەتەوەکانی دیکە، ڕۆڵێکی یەکجار گرنگیان گێڕاوە؛ نموونەی کەسانی هەڵکەوتەی وەک: دوکتور قاسملوو، سمایلی شەریفزادە، سوارە ئیلخانیزادە و چەندان ناوی دیکەش لە زومرەی ئەو کەسانەن.
بەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران و نزیکەی دوو دەیە سەرکوت و زەبروزەنگ بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران گیانێکی نوێی وەبەر هاتەوە و توانیی جەستەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاران بلەرێنێتەوە، لەژێر کاریگەریی ئەو کەشەدا و بە ڕەچاوکردنی پاشخانی خەباتی خوێندکاریی کوردی، خوێندکارە کوردەکانی دەیەی حەفتا و سەرەتای هەشتای هەتاوی لە ئێراندا، توانییان جارێکی دیکە لە سەنگەری زانکۆوە خەباتی نەتەوەییی خۆیان درێژە پێ بدەن.
هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە ئەم خوێندکارانە بەشێکی بەرچاویان تووشی گرتن و کۆچی ناچاری بۆ وڵاتانی دەرەوە بوون و لەم نێوەدا ژمارەیەکیشیان بۆ درێژەدان بە چالاکیی سیاسیی خۆیان، ڕێی حیزبایەتییان گرتە بەر؛ لە وەها دۆخێکدا بوو کە حیزبی دێموکرات کەوا هەمیشە گرنگیی تایبەتی بە ڕێکخراوە سێنفی و مەدەنییەکان داوە، لە پاڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان وەک دوو یادگاری سەردەمی کۆمار، هەنگاوی کرداریی هەڵێنا بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی گرینگ و کاریگەر، کە لەگەڵ نۆرمەکانی کۆمەڵگەدا ئاشناییی زیاتری هەبوو و پێویستییەکی ژیانەکی بە ئەژمار دەهات.
خوێندکارانی وشیار!
ڕێکخراوی ئێمە لە ڕێکەوتی ٢٣ـی ڕێبەندانی ١٣٨٣ـی هەتاویدا و لەسەر دەستی کۆمەڵێک خوێندکار و خوێندەڤانی ئارمانخواز دامەزرا و خۆی بە میراتگری ڕێکخراوە خوێندکارییە کوردییەکانی پێشوو دانا. ئەم ڕێکخراوەیە بەمەبەستی کۆکردنەوەی وزەی خوێندکارانی کورد و هەروەها ڕێکخستنی ئەو خوێندکارانە و تێکەڵکردنیان بە کاروباری سیاسی و ئامادەکردنیان بۆ خەباتێکی سیاسی، پیشەیی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، دامەزرا.
بەخۆشییەوە ڕێکخراوەکەمان لە پاییزی ئەمساڵدا حەوتەمین کۆنگرەی خۆی لەژێر ناوی “خوێندکارانی شوناسپارێز”دا بەسەرکەوتوویی گرت و بە وزەیەکی نوێترەوە بەرەوپیری ئاڵوگۆڕە نێوخۆیی و ناوچەیییەکان هەنگاوی ناوە.
هەر لەم ماوەیەدا ئێمە لە وڵاتی ئێران شایەدی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی گشتی و بەربڵاوی دیکە بووین کە خوێندکارانی کورد و باقیی نەتەوەکانی تریش لە یەکەم توێژەکان بوون کەوا پەیوەستی ئەم ناڕەزایەتییە گشتییانە بوون و بەداخەوە لەم نێوەدا تووشی سەرکوتێکی دڕندانە و ڕەهای هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەوە کە لە ئاکامی ئەو سەرکوتانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لەو خوێندکارانە گیانی خۆیان لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون یان دەسبەسەر کران.
پێویستە بوترێ بەو حاڵەشەوە ئێستاش بەتەواوی گڕی ئەم ناڕەزایەتییانە لە زانکۆکاندا نەکوژاوەتەوە و خوێندکاران دەتوانین بڵێین تاکە توێژێکی کۆمەڵگەی ئێرانن، کەوا هەر ئێستاش لە سەنگەری ناڕەزایەتیدەربڕین و بایکۆتکردن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدان.
توێژی خوێندکار نیشانی داوە توێژێکی وشیار، ڕادیکاڵ، گۆڕانخواز و دیکتاتۆرنەویست و دیکتاتۆریبەزێنە و لەگەڵ هیچ جۆرە دیکتاتۆری و تاکتەوەرییەکدا سەری سازانی نییە.
زانکۆ و خوێندکار یەکێک لە دەگمەن مەشغەڵەکانی شۆڕشن کەوا هەر بە هەڵایساوی ماونەتەوە.
ئامادەبووانی هێژا!
لەم ڕۆژەدا کە یادی دامەزراندنی پێویستییەکی سیاسیی وەک یەکیەتیی خوێندکاران دەکەینەوە، ڕادەگەیەنین:
بۆ گەیشتن بە ڕزگاری، بۆ ئازادبوون لە ژێردەستی، بۆ مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەیییەکانمان، بۆ بەدەستهێنانی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، بۆ ئاگاکردنەوەی کۆمەڵگە، بۆ تێئۆریزەکردنی خواستەکانمان دەبێ سەرنجێکی زۆر زیاترمان لەسەر زانکۆ و توێژی خوێندکار بێت، پێویستە گرنگیی زیاتر بەم سەنگەرە پڕکاریگەرە بدەین.
پیرۆز بێت یادی ٢١ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان!
ئامانجەکانی وەدی بێن!
سەر کەوێ خەباتی نەتەوەی کورد لە هەر چوار بەشی نیشتمان!
بڕووخێت هەموو دەسەڵاتێکی ناوەندگەرا!
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
٢٣ـی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی

