پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی شازدەی ئازەرەوە
ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ۱۶ی ئازەر (سەرماوەز)، ڕۆژی خوێندکار لە ئێران دەکەینەوە، کە کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە و لە بەرامبەریشدا بزووتنەوە سیاسی-کۆمەڵایەتی-پیشەیییەکانیش پوتانسییەلێکی زۆر باشیان هەیە بۆ ئەوەی خەڵک لەدژی ئەو دەسەڵاتە هان بدەن و بە مافە لەمێژینەکانیان بگەن.
بزووتنەوەی خوێندکاری یەکێک لەو بزووتنەوە گرینگانەی مێژووی هاوچەرخی ئێرانە کە توانیویەتی ڕۆڵێکی بەرچاو و ئەرێنی لە مەیدانی سیاسیی ئێراندا بگێڕێ. هەر لە دەیەی بیستی هەتاوییەوە تا ئێستا لە چەندین بزووتنەوە و ناڕەزایەتیدەربڕینی گشتیدا بەشداریی چالاکی هەبووە. یەکەمین مانگرتنی بەرفراوانی خوێندکاران لە ساڵی ۱۳۱۵ کە لەژێر دەسەڵاتی ڕەش و سەرکوتکەرانەی ڕەزاخانی پەهلەویدا بەڕێوە چوو، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر وشیارکردنەوە و شکاندنی ترسی کۆمەڵانی خەڵک لەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەدا هەبوو. هەروەها مانگرتنی ساڵی ۱۳۱۶ لەسەر بنەمای ویستی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە پاڵ خەبات لەپێناو وەدەستهێنانی داخوازییە پیشەیییەکاندا، نیشان لە وشیاریی ئەم توێژە لە کۆمەڵگە بوو. بە لابردنی دەسەڵاتی پەهلەویی یەکەم و سەرهەڵدانی کەشێکی ئازادی ڕێژەیی، چالاکیی خوێندکاران و ڕێکخستنەکانیان چووە ئاستێکی جددیترەوە، هەتا ئەو ڕادەیەی کە خوێندکاران بە ڕادەیەکی بەرچاو لە ڕیزی دژبەرانی دەسەڵاتی پاشایەتیدا جێیان دەگرت.
لەگەڵ ئەوەی لەدوای کودەتای ۲۸ـی گەلاوێژی ۱۳۳۲ سێبەری سەرکوت دیسانەوە زاڵ بوو بەسەر کەشی سیاسیی ئێراندا، بەڵام دیسانیش بزووتنەوەی خوێندکاریی ئەو وڵاتە لەدژی دیکتاتۆری و بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی درێژەی بە چالاکییەکانی دا؛ هەتا ئەو جێگەی کە لە ڕۆژی ۱۶ی سەرماوەزی ۱۳۳۲دا خوێندکاران بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە هاتنی “ڕیچارد نیکسۆن” بۆ ئێران و هەروەها بووژانەوەی پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی ئێران لەگەڵ بریتانیا ناڕەزایەتییان دەربڕی و بە دروشمی “مەرگ و نەمان بۆ شای بەکرێگیراو” کەشی زانکۆیان خستە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی یەکگرتووانەی خۆیان، هەر ئەمەش دژکردەوەی ڕێژیمی لێ کەوتەوە و هێزی چەکدار ڕەوانەی زانکۆکان کرا و لە ئاکامی تەقەکردنیاندا سێ خوێندکار بە ناوەکانی “مصطفی بزرگنیا”، “احمد قندچی” و “مهدی شریعترضوی” لە خوێندا گەوزان و ئەو پەڵە ڕەشە بە نێوچاوانی دەسەڵاتی پەهلەوییەوە هەر مایەوە.
لێرەوە بوو ڕۆژی ۱۶ی سەرماوەز بووە ڕۆژێکی ڕەمزی و سیمبۆلیک لە بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێراندا کە لەوێدا خوێندکارانی بەهەست و وشیار بەرەوڕووی دەسەڵاتی سەرکوتکەری پەهلەوی بوونەوە و ئەم بزووتنەوەیە بەتەواوی لە بزووتنەوەیەکی بەتەنیا پیشەیی بووە بزووتنەوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی-پیشەیی. سەرەڕای ئەم سەرکوتانە زانکۆ هەتا دوایین ڕۆژەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی، سەنگەرێکی لەگیراننەهاتوو بوو و دەسەڵاتی ئەوکات هەرگیز نەیتوانی بەتەواوی دەستی بەسەردا بگرێ.
لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۵۷ـیش، دەسەڵاتی خومەینی و کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕێچکەی پەهلەوی بە دروشمی “پێنووسەکان بشکێنن” و “زانکۆ مەکۆی گەندەڵی” و… هەروەها وەڕێخستنی بەناو شۆڕشی کولتووری هەوڵیان دا ئەم سەنگەری ئازادیخوازییە لە ڕۆڵە ئازادیخوازەکان بسڕنەوە و ئەم هەوڵەیان هەتا ئێستاش بەردەوامە. لە بەرامبەردا ڕاستە ئەم بزووتنەوەیە هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆوە دیوە لەم ماوەیەدا، بەڵام هەرگیز لەنێو نەچووە و لە وێستگە گرینگەکاندا هەڵوێستی بوێرانەی لە خۆی نیشان داوە. ناڕەزایەتیی خوێندکاری لە پووشپەڕی ۱۳۷۸ـی هەتاویدا، بەشداریی دیاری خوێندکاران لە ناڕەزایەتیدەربڕینەکان بۆ ئاکامی هەڵبژاردنی ساڵی ۱۳۸۸، بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ۱۳۹۶، ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە لێدانی فڕۆکەی ئۆکراینی، بەشداری لە ناڕەزایەتیی خەزەڵوەری ۱۳۹۸ و بەشداریی چالاکانە و بەربڵاوی خوێندکاران لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم بزووتنەوەیە لە پێ نەکەوتووە و هەردەم ڕاوەستاو ماوەتەوە.
ئێمە وەک یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژێکی تایبەت و مێژووییمان هەیە بۆ یادکردنەوە لە خوێندکاری کورد، ئەویش ڕۆژی شەهیدبوونی شەهید “سمایل شەریفزادە” خوێندکاری شۆڕشگێڕی نەتەوەکەمانە کە لە ۱۲ی بانەمەڕی ساڵی ۱۳۴۷ـی هەتاویدا شەهید بوو. لە هەمان کاتدا بە چاوی ڕێزەوە لە کۆی بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران و ڕۆژی ۱۶ی سەرماوەز وەک ڕۆژێکی مێژوویی دەڕوانین و هەوڵ دەدەین لەگەڵ ئەو خوێندکارە دێموکرات و پێشکەوتووانەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێراندا پێوەندییەکی پتەومان هەبێ.
لە کەشی سیاسیی ئێستای ئێراندا زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستە تۆکمەتر و یەکڕیزتر بین و بیر لە داهاتوویەک بکەینەوە کە دەتوانێ لەسەر بنەمای دروشمی “یەکڕیزی، خەبات، سەرکەوتن” کە لە شازدەی ئازەردا دەبیسترا، بنیات بنرێ و ئازادی و نەمانی هەڵاواردن و بەدەستهێنانی سەروەریی نەتەوەیییش بخرێتە سەر ئەو دروشمە. پێویستە لەگەڵ ئەوەی بە چاوی ڕێزەوە لە تێکۆشانی پیشەیی دەڕوانین و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی خوێندنی چینایەتی، هەڵاواردن لە خوێندن و چاکترکردنی دۆخی خوێندکاران لە ڕووی پێداویستی و… بەرز دەنرخێنین، لە هەمان کاتدا دەبێ بە خوێندنەوەی ڕێک و قووڵ لەسەر دۆخی سیاسیی هەنووکەییی ئێران و ڕێکخستنێکی تۆکمە و خەباتێکی نەپساوە و قەتیسنەمانەوە لە جەغزی ویستە پیشەیییەکانماندا، بەرەو ویستی گشتیتر و سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو بنێین.
پیرۆز بێ شازدەی ئازەر ڕۆژی خوێندکار لە ئێران!
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
سەرماوەزی ۱۴۰۴- دێسامبری ۲۰۲۵





