۲۵ـی نۆڤامبر؛ دەرفەتێکە بۆ پچڕاندنی پێوەندیی دەسەڵات و نەریتی دواکەوتووانە
۲۵ـی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژیی دژ بە ژنانە، ئێمە لە کاتێکدا ئەم ڕۆژە یاد دەکەینەوە کە زۆربەی ژنان لە ئاستی جیهانی و بەتایبەت ناوچەییدا هێشتا لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان دوورن و بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕۆژانە دەکەونە بەر توندوتیژیی چەندلایەنە. لە بەرەبەری ۲۵ـی نۆڤامبری ئەمساڵدا چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکرانی مافی ژناندا بڵاو کردەوە، بەپێی ئەم ئامارە لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ۱۱۰ حاڵەتی ژن‌کوژی، ۶۳ حاڵەتی دەسدرێژی، ۹ حاڵەتی ئەسیدپرژاندن و دەیان حاڵەتی دیکەی توندوتیژیی سیستماتیک لەدژی ژنان ڕوویان داوە؛ بێ‌گومان وەک هەمیشە پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە ئەم ئامارە ناتوانێ دەرخەری هەموو ئەو حاڵەتە لەو شێوانە بێ وا ڕوویان داوە و بەدڵنیاییەوە زۆر زیاتر ڕوویان داوە و تۆماریش نەکراون.
مەبەست لە دیاری‌کردنی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بردنەوە سەری ئاستی تێگەیشتوویی کۆمەڵگە و هێنانە خواری ڕێژەی قوربانیانی دەستی ئەم نائاگاییەیە. بەداخەوە و سەرەڕای هەوڵی زۆری چالاکانی ئەم بوارە لە ئێراندا نەتەنیا ئەم ئامارانە بەرەو داکشان نەهاتوون، بەڵکوو زیاتریش بوون و ڕەهەندی توندوتیژانەتریشیان بەخۆوە گرتووە. لە ساڵی ۱۴۰۳دا ۱۸۰ کوشتن بەناوی نامووس لەو وڵاتەدا ڕووی داوە، لەم نێوانەدا دەسەڵاتی پیاوسالاری کۆماری ئیسلامی نەتەنیا لە پێوەندی لەگەڵ ئەم دۆخە ڕێکارێکی یاسایی و گونجاو ناگرێتە بەر، بەڵکوو یاساکەی ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی پیاوان بەئاسانی بتوانن دەست بدەنە کوشتنی ژنانی ژیانیان، ماددەی ۶۳۰ـی یاسای سزای ئیسلامیی کۆماری ئیسلامی شایەدێکە لەم بارەوە کە دەستی پیاوانی بۆ ژن‌کوشتن ئاوەڵا هێشتووەتەوە.
سەرەڕای ئەوانەی کەوا کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و بەبۆنەی بوونی یاسای لەم شێوەیە و باری پەرەوەردەی ئیدئۆلۆژیک و نەبوونی پەروەردەی سەردەمیانە و… دەستی لەو کوشتن و توندوتیژییانەدا هەیە، بە شێوەی ڕاستەوخۆش توندوتیژی لەدژی ژنان بەکار دێنێ؛ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، سزا و زیندان و لێدانی قامچی و لەسێدارەدانی ژنان و… لەو نموونانەن کە دەلالەت لەسەر توندوتیژبوونی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ژنان دەکەن.
ئەم ئامارانە لە کوردستانیش هەر بەو شێوەیە سەرسوڕهێنەرن، لە کوردستاندا وەک بەهەق جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە ژنان بە دوو شێوەی ڕەگەزی و نەتەوەیی دەچەوسێنرێنەوە و دەکەونە بەر توندوتیژی، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چینایەتییشەوە هەمان چارەنووسی تاڵیان هەیە و ساڵانە بە دەیان حاڵەت ڕوو دەدەن کە لەوانەدا ژنانی هەژاری کورد بۆ بژیوی ژیان ڕوو لە کاری تاقەت‌پڕووکێن و نائەمنی جۆراوجۆر دەکەن کە زۆر جار ژینگەی کارەکانیان دەبێتە هۆی نیگەرانیی بەردەوامیان و تەنانەت ڕوودانی دەسدرێژی لەلایەن خاوەن‌کار و هاوکارانیانەوە کە پێویستە ئەم حاڵەتانەش لە شاراوەیی بێنە دەر و بەدۆکۆمێنت بکرێن.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا کە بەبۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان بڵاوی کردووەتەوە، لانی‌کەم ۳۰ حاڵەتی ژن‌کوژی و ۲۳ حاڵەتی دەسبەسەرکردنی ژنان بەبۆنەی چالاکیی مەدەنی و سیاسیی تۆمار کردووە. ژنانی کورد لە ئێراندا لەلایەکەوە لەگەڵ دەسەڵاتێکی تا سەر ئێسقان دژەژن و پیاوسالار بەرەوڕوون و لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ کۆمەڵێک نەریتی دژەژنانەی کۆمەڵگەی کوردستان کە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ‌دایە، بەرەوڕوون.
هەر بۆیە لەسەرمانە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی و یاساکانی مەحکووم دەکەین، دەبێ هەر چەشنە هەڵس‌وکەوتێکی دواکەوتووانەی کۆمەڵگەکەمان کە زیانی قەرەبوونەکراو بە ژنان دەگەیەنێ مەحکووم بکەین و هەوڵ بۆ نەمان و نەهێشتنیان بدەین، بۆ ئەوەی لەم بارەوە هاوبەشی تاوان بۆ کۆماری ئیسلامی نەهێڵین. وەک چۆن کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە سەرباشقەیەکە بۆ هەموو ئێران دەبێ لەم بارەشەوە ببێتە سەرباشقە با چیی تر شایەدی ژن‌کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە کوردستان و لە ئێران و لە هیچ کوێی جیهاندا نەبین.

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید