خوێندکارانی زانستگەی خاجە نەسیرەددینی تووسی لە تاران، ڕۆژی سێشەممە ۲۹ی ڕەزبەر، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر گرینگیپێنەدان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە لە پێوەندی لەگەڵ داخوازییەکانیاندا، جارێکی دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ئەو کۆبوونەوەیە لە پەردیسی ڕەزایینژاد لە زانکۆی بیرکاری دەستی پێکرد و پاشان بۆ شوێنی گشتیی زانستگەش گواسترایەوە. خوێندکاران بە دروشمی “نە پادگان، نە بنگاە، درود بر دانشگاە” و “دانشجو میمیرد، ذلت نمیپذیرد” جەختیان لەسەر بەدواداچوونی داواکارییەکانیان کردەوە.
داواکارییە سەرەکییەکانیان بریتین لە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریی گواستنەوە بەتایبەتی بۆخوێندکارانی کچ، دڵنیابوون لە ئەمنیەتی بەشە نێوخۆیییەکان، باشترکردنی کوالێتی و کەمکردنەوەی نرخی خواردن، چارەسەرکردنی بارودۆخی بەشە نێوخۆیییەکان و کێشە پەروەردەیییەکان و کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتی ئەمنیەتی.
ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە دەستی پێکرد و دوای ئەوەی بەرپرسان هەنگاوێکی کردارییان هەڵنەهێنایەوە، دیسان دەستی پێکردەوە. هاوکات هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان و بەشێک لە مەئمووران بە جلوبەرگی خەڵکی ئاسایییەوە، هەوڵی ناسینەوەی خۆپیشاندەرانیان داوە.
لە کۆتاییدا خوێندکاران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ”بە پووڵی کردن” و خراپیی دۆخی خۆشگوزەرانیی زانستگەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە لەناڕەزایەتییەکانیان تا کاتی وەدیهاتنی دادپەروەری و نەهێشتنی سەرکوت، بەردەوام دەبن.



