ئارمان یەعقووبی

لێکەوتەکانی هەڵئاوسانی ئابووری و تەشەنەسەندنی هەژاری لەنێو کۆمەڵگەدا، تەنیا لە چوارچێوەی ژمارە و ئامارەکاندا نامێننەوە، بەڵکوو کارەساتێکی فرەڕەهەندن کە ڕیشە دەروونی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەهەژێنن. بەپێی نوێترین ڕیزبەندییە جیهانییەکان، وڵاتی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە “پشکی شێری” لە هەڵئاوسان و داڕمانی ئابووری بەرکەوتووە. ئەم دۆخە لە قۆناغی یەکەمدا دەروونی تاک وردوخاش دەکات و پاشان وەک شێرپەنجەیەک دەچێتە نێو شیرازەی خێزان و کولتووری گشتیی کۆمەڵگەوە.

هەژارکردن وەک چەکێکی سیاسی
یەکێک لە مەترسیدارترین دەرئەنجامەکانی ئەم قەیرانە، بریتییە لە “بەبارمتەگرتنی بژیوی تاک”. کاتێک دەسەڵاتی سیاسی دەبێتە بزوێنەری سەرەکیی قەیرانەکان، ستراتیژییەکی شاراوە دەردەکەوێت: سەرقاڵکردنی خەڵک بە پارووە نانێک. لە ژینگەیەکی ئاوادا، تاک لەبری بیرکردنەوە لە مافە نەتەوەیی، سیاسی و مرۆیییەکانی، تەواوی وزەی خۆی بۆ پەیداکردنی بژیوی ڕۆژانە تەرخان دەکات. ئەمە جۆرێکە لە کۆیلایەتیی مۆدێرن کە تێیدا برسی‌کردن دەبێتە ئامرازێک بۆ بێ‌دەنگ‌کردنی ناڕەزایەتییەکان و ناچارکردنی خەڵک بۆ پەنابردنە بەر دەزگاکانی دەسەڵات.

داڕمانی چینایەتی و هەڵدێری تاوان
لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئێران بووەتە گۆڕەپانی هەڵئاوسانی یەک لە دوای یەک و گەندەڵییەکی سیستماتیک و دامەزراوەیی. ئەم دۆخە نەک هەر چینی مامناوەندی لەنێو بردووە، بەڵکوو کۆمەڵگەی بەسەر دوو جەمسەری دژبەیەکدا دابەش کردووە: کەمینەیەکی دەوڵەمەندی سەر بە دەسەڵات و زۆرینەیەکی هەژاری ژێر هێڵی نەمان. لێرەوەیە کە تاوان و دیاردە قێزەونەکان سەر هەڵدەدەن؛ کاتێک مرۆڤ لە نێوان “مانەوە” و “ڕەوشت”دا سەرپشک دەکرێت، نائومێدی پاڵی پێوە دەنێت بەرەو تاوان یان لە خراپترین حاڵەتدا بەرەو خۆکوشتن.

مرۆڤی ماندوو و ژینگەی وێران
ئەگەر سەیری سیمای تاکی ئێستای ئێران بکەین، کەسایەتییەکی بێزار، ماندوو و نائومێد دەبینین. ئەم نائومێدییە بەرهەمی دەیان ساڵ شکستی بەڕێوەبردنە. لە ژینگەیەکی وەهادا، بەها ئەخلاقی و نیشتمانییەکان کاڵ دەبنەوە؛ کاتێک سکی مرۆڤ برسی بێت، پاراستنی ژینگە و کولتوور دەبنە بابەتێکی لاوەکی. تەنانەت بینیمان کە چۆن بۆ بەرژەوەندییەکی داراییی کاتی، دارستان و کوێستانەکان دەسووتێنرێن و سامانە سروشتییەکان تاڵان دەکرێن.

بازنەی ترس و ئاسۆیەکی لێڵ
ئەم بێ‌متمانەیییە تەنانەت نێو ماڵی بەرپرسانیشی گرتووەتەوە. ئەوانەی لە لووتکەی دەسەڵات‌دان، بە ناردنی سەرمایە و بنەماڵەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات، دەری‌دەخەن خۆیشیان بڕوایان بەو سیستمە نییە کەوا دروستیان کردووە. تاکی ئەم کۆمەڵگەیە لەنێو سێ‌گۆشەیەکی ترسناکی “هەژاری، جەنگ و دڵەڕاوکێ”دا گەمارۆ دراوە. بێ‌دەنگیی بەردەوامی کاربەدەستان و نەبوونی هیچ پلانێکی ڕاستەقینە بۆ چاکسازی، ئاسۆکانی باشبوونی دۆخەکەی تاریک کردووە و کۆمەڵگەی بەرەو داهاتوویەکی نادیار و پڕ لە قەیرانی قووڵتر بردووە.

دوایین وتە
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ قەیرانێک هەتا سەر نییە و ئیرادەی مرۆڤەکان بۆ ژیانێکی شایستە، هەمیشە لە کۆتاییدا بەسەر تاریکترین بەشەکانی ژیاندا سەردەکەوێت. ۆشیاریی کۆمەڵایەتی و یەکگرتووییی تاکەکان، ئەو چرایەیە کە دەتوانێت لەنێو جەرگەی ئەم نائومێدییەدا، ڕێگەی ڕزگاری و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ نەوەکانی داهاتوو ڕوون بکاتەوە.

https://t.me/yxdk_83

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید