ڕێباز جوانڕۆیی
پێشەکی
لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی شۆڕشەکان تەنیا گەڕانەوە نییە بۆ ڕووداوەکان، بەڵکوو تێگەیشتنێکە لەو هێزانەی وا مرۆڤ دەجووڵێنن و ئاراستەی کۆمەڵگەکان دیاری دەکەن. یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە مێژوویییەکانی سەدەی بیستەم، شۆڕشی خوێندکارانی فەڕانسە لە ئایاری ۱۹۶۸دا بوو. سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوەیە لەوەدا نەبوو کە بەتەواوی سیستەمی سیاسی بڕوخێنێت، بەڵکەو لەوەدا بوو کە بووە هۆی گۆڕانکارییەکی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتی.
پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی ئەو بزووتنەوەیە سەر کەوت؟ وەڵامەکە لە چەند فاکتەرێکی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە:
یەکەم: هۆشیاریی فراوان و زیندووکردنەوەی پرسیارە بنەڕەتییەکان لەبارەی ئازادی و سنوورەکانی دەسەڵات.
دووەم: ئامانجی دیاریکراو کە سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوونەکان، هەموویان خێمایەکی هاوبەشیان هەبوو.
سێیەم: لایەنی دەروونناسیی سەرکردەکان، توانایان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەم و بەکارهێنانی وێنەی نوێی ئازادی.
ئەم فاکتەرانە، بە تایبەت فاکتەری دەروونناسی و هۆشیاری، ڕێگایەک دەخەنە بەردەست بۆ لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی نەتەوەییی کورد.
بەشی یەکەم: روانگەی دەروونناسیی ناسیۆنالیزم
ناسیۆنالیزم لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی دەروونناسییە پێش ئەوەی سیاسی بێت. ئەو پڕۆژەیە لەسەر دروستکردنی “ئێمە” لە بەرامبەر “ئەوان” و بەستنەوەی تاکەکان بە یەک ئامانجی گەورە دامەزراوە.
بۆ تێگەیشتن لەم پرۆژەیە، دەتوانین نموونەی فیلمی “نورنبرگ” (Nuremberg) بورووژێنین، کە باس لە دادگاییکردنی پلەدارە نازییەکان دەکات. دیالۆگێکی پڕ لە مانای نێوان ئەفسەرێکی نازی و دادوەر هەیە. دادوەر پرسیار ئەکات چ شتێک بووبە هۆی ئەوەی کە هیتلێر توانای ئەوەی بەدەست هێنا ئەو سوپا گەورەیە پێک بێنێت؟ وڵامی تاوانبار: هیتلێر وتارێکی دا بۆ نزیکەی سی کەس باسی لە قیزەونبوونی بندەستی کرد و وتی بۆ ئیش و کار و کرێکاری بکەین فەڕانسە سوودەکەی وەرگرێت؟ بۆ دەبێت ئێمە زگمان برسی بێت؟ بۆ ئێمە مەگەر مرۆڤ نین؟ ئەم قسانە ڕق و نەفرەتی بەرامبەر بە فەڕانسە لە دڵمانا چاند. فێری پرسیاری کردین فێری کردین نەتەوەیەک پرسیارکەر نەبێت ئەبێتە دەستەمۆی مێگەلەوان.
باس لە “سەرکەوتنی خەونی هیتلێر” دەکات. ئەم تێڕوانینە، نیشانەی سەرکەوتنی پڕۆپاگەندە و گەیشتنە قووڵاییی مێشکی خەڵکە. هیتلێر و نازییەکان لە ڕێگەی وێناکردنی نەتەوەیی و دوژمنێکى دیاریکراوەوە، توانییان “هۆشیاریی نەتەوەیی” بەو شێوەیە دابمەزرێنن کە بەرەو ڕەگەزپەرستی و جینۆساید ڕۆیشتن.
لێرەدا پێوەندییەکە ڕوون دەبێتەوە: هەرچەندە ئامانجە نەتەوەیییەکەی نازییەکان ڕەگەزپەرستانە بوو، بەڵام گەیشتنە ئاستێک لە یەکبوون و ئارەزووی بەشداریکردن لە پرۆژەی نەتەوەیی. ئەمە پێویستیی بە “هۆشیاریی نەتەوەیی”ـیە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی ڕاستەقینەدا.
ئەمڕۆ، ئەگەر ناسیۆنالیزمی کوردی دەیەوێت بە سەرکەوتنی بەردەوام بگات، پێویستی بە مێشکی پرسیارکەر (ذهن پرسشگر) هەیە. مێشکی پرسیارکەر ئەو هۆشیارییەیە کە بەردەوام سنوورەکان دەباتە ژێر پرسیار، ئایا ئەوەی دەیکەین لە پێناوی خودی نەتەوەدایە یان لە پێناوی سەرکردەیەکی دیاریکراودا؟ ئایا بۆ دەبێت ئێمە هەر بندەست بین بۆ دەبێت ئێمە لەسەر داوای مافی خۆمان بکوژرێین؟ جینۆساید بین؟ ئەنفال بکرێین؟ بۆ دەبێت خاوەنی دەوڵت نەبین؟
کاتێک وڵامی ئەم پرسیارانە درایەوە ئەوکات بەئاسانی بیر لە برایەتی و خوشکایەتی لەگەڵ ئەو نەتەوانە ناکەینەوە کەوا دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان سوور بووە.
بەشی دووەم: گۆڕینی ڕوانگەی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا
گەلی کورد لە مێژووی نوێی خۆیدا، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوچاری گۆڕانکارییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بووەتەوە کە زیاتر لە هەموو شتێک بە پاشکۆی سیاسەتە هەرێمایەتییەکان کراوە. ئەو “ڕوانگە”یەی کە بۆ کورد گونجاوە، زۆر جار لە دەرەوەی ئیرادەی کوردی دامەزراوە.
لێرەدا دەبێت ڕەخنەیەکی توند لەو بۆچوونە بگرین کە ئیسلام یان ئایین بەگشتی هۆکاری دواکەوتنی گەلی کورد دادەنێت. ئەمە ڕوانگەیەکی ڕووکەشییە و مێژووی ڕاستەقینەی پشکپێنەدانی کورد چارەسەر ناکات. دواکەوتنی کورد، بە شێوەیەکی سەرەکی، پێوەندیی بەو زلهێزانەوە هەیە کە بەردەوام لەسەر مافەکانی کورد وەستاونەتەوە. ڕووسیە، ئەمریکا، بریتانیا و دواتر بەدیهێنانی پەیماننامەی سایکس-پیکۆ، بە پلانێکی چەند لایەنە پڕۆژەی نەتەوەییی کوردیان پارچەپارچە کرد. کاتێک زلهێزەکان نیازیان بە کورد بووە وەک کارتێکی گوشار بەکاریان هێناون، بەڵام کاتێک ئیرادەی سەربەخۆییی کورد جیددی بووە، ئەوا تورک و فارس و عەەربیان بەرامبەر بە کورد بەکار هێناوە بۆ ئەوەی دەنگمان بخنکێنن.
ڕەخنەیەکی تری گرنگ دەبێت ئاراستەی بەشێک لە وەچەی نوێی کورد بکرێت، بەتایبەت ئەو لاوانەی کە لەژێر کاریگەریی مۆدێرنیزمی پڕ لە چەواشەکاریدان. دیاردەی “شانازی بە زمانی بێگانە” – بەکارهێنانی زمانەکانی ئینگلیسی، ڕووسی و ئەو وڵاتانەی نەیاری گەلی کوردن بە پلەی یەکەم لە ژینگەی کوردیدا – و بەداخەوە لاوانی ئێمە بەناوی ڕۆشنبیری نوێی ئەم سەدەیە خۆیان دەناسێنن کە دژ بە ئیسلام و زمانی عەرەبین، پێیانوایە ئەوەی وا کوردی دوا خستووە و بووەتە هۆی بندەستیی نەتەوەییی کورد، ئیسلامە؛ کەچی هەر ئەو وڵاتە زلهێزانە بوون کە گرێبەستی سایکس-پیکۆیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی کوردستانێک بوونی نەبێت.
بەشی سێیەم: دوکتور قاسملوو وەک نموونەی سیمبۆلیک
سەرکەوتنی هەر نەتەوەیەک لە گۆڕەپانێکی قورسدا، بەندە بە بوونی ڕێباز و کەسایەتییەکی گشتگیرەوە. دوکتور قاسملوو (ڕێبازی دوکتور عەبدوڕڕەحمان قاسملوو) وەک یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی ئەو پێویستییە لە مێژووی کوردا دەردەکەوێت. کورد پێویستی بە کەسایەتییەکی وەک دوکتور قاسملوو هەیە کە دیسانەوە بتوانێت:
۱- ڕێبازێکی نەتەوەییی ئاواڵا و دێموکراتیک لەگەڵ چاودێریی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی پێکەوە گرێ بدات.
۲- بۆچوونی نەتەوەیی بە شێوەیەکی زانستی و مێژوویی بخاتە ڕوو.
تێڕوانینێکی نوێ لەسەر هۆکاری شەهیدکردنی
دوکتور قاسملوو و کاردانەوەی وڵاتە بەناو دۆستەکانی گەلی کورد
لێکۆڵینەوە لە هۆکاری شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو، کە لە خاکی وڵاتێکی ئورووپایی ڕووی دا، دەبێت لە چوارچێوەیەکی سیاسی-دەروونناسیی نێودەوڵەتیدا لێک بدرێتەوە. لە تێڕوانینێکی قووڵ، ئەم کارە ئاسان نەبوو و پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ترسی زلهێزەکان لە پرۆژەی سیاسیی کوردەوە هەیە.
ئەو ترسە ترسێک نەبوو لە پیاوێک، بەڵکوو لەو ڕێبازە بوو کە دوکتور قاسملوو نوێنەرایەتیی دەکرد: دێموکراسی و فیدرالیزمی ڕاستەقینە کە گەرەنتیی مافی هەموو پێکهاتەکانی لە چوارچێوەیەکی نەتەوەییدا دەکرد. زلهێزەکان نەیاندەویست گەلێکی ژێردەست بە ئیرادەی خۆی ببێتە نموونەی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە.
ئەنجام:
لێکۆڵینەوەکە نیشانی دا کە سەرکەوتنی شۆڕشەکان و چارەنووسی نەتەوەیی، لە ئاستێکی قووڵتردا، بەندە بە چوار پرەنسیپی دەروونناسی-سیاسییەوە:
۱- گرنگیی مێشکی پرسیارکەر: ئەگەر نەتەوە ئامادە نەبێت بەردەوام پرسیار لە سەرکردە و ڕێبازەکانی خۆی بکات، ئەوا بەئاسانی دەچێتە نێو تەڵەی پڕۆپاگەندە و ڕێبازە شکستخواردووەکانەوە. مێشکی پرسیارکەر ڕێگرە لەوەی گەورەترین پرۆژەی نەتەوەیی ببێتە قوربانیی تاکە سەرکردەیەکی دیاریکراو.
۲- زیندووکردنەوەی هەستی نەتەوەییی ڕاستەقینە: ئەم هەستە نابێت تەنیا وڵامێک بێت بۆ هەڕەشەی دەرەکی، بەڵکوو دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە زمان، مێژوو و ڕێبازێکی پڕ لە دادپەروەری بنیات بنرێت.
۳- چاکسازی لە نێوەرۆکی خەبات: چارەسەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکانەوە دەست پێدەکات، بە پشتبەستن بە بنەماکانی دێموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین وەک ئامرازی نێودەوڵەتی، نەک وەک داواکارییەکی تەنیا نێوخۆیی.
۴- دەرسوەرگرتن لە مێژوو و گۆڕان و نوێکردنەوەی بیری سیاسی
چارەنووسی نەتەوەییی کورد لە ئێستادا، پڕۆژەیەکە کە پێویستی بە پێکدادانی نێوان هۆشیاریی مێشکی پرسیارکەر و ئیرادەی سیاسیی یەکگرتوو هەیە.
نووسەر لە بەرامبەر نێوەرۆکی ئەم بابەتەدا بەرپرسیارە.





