نماد سایت یەکیەتیی خویندکارانی دێموکراتی کوردستان

سپاسنامەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی بەڕێوەچوونی بەشکۆی مانگرتنی گشتیی ١٨ی بەفرانبار لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە

خەڵکی بەئیرادەی کوردستان!

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، بووە ڕۆژێکی مێژوویی و پرشنگداری دیکە لەنێو ڕۆژژمێری پڕلاپەڕەی تێکۆشانی سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان. ئەم ڕۆژە مێژوویییە بە هەوڵ و هیممەتی خەڵک و پێوەندیی ئۆرگانیکی حیزب و جەماوەری کوردستان خولقێنرا و بووە حەماسەیەکی لەبیرنەکراوی دیکە.

مانگرتنی ئەم جارە لە دوو ڕەهەندەوە زۆر گرینگ بوو، یەکەم: ئەوەی کە پاڵپشتی لە خوشکان و برایانی ڕاساومان بوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نیشان درا کە نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی یەکگرتوو و یەکڕیزە، دووهەم: ئەوەی کە نیشانی دا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوەندییەکی نەپساوەی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆی‌دا هەیە و ناوچەیەکی ڕێکخراوە بەواتای تەواوی وشە و سەرلێشێواو نییە و بە پلان هەنگاو دەنێت.

ئەم پەیامە ڕوون و ڕاشکاوە لە قۆناغی ئێستای خەباتمان‌دا کە قۆناغێکی هەستیارە و لە بەرەبەری ئاڵ‌وگۆڕێکی بنەڕەتی‌داین و ئاسۆی دەسەڵاتی داهاتووش لە ئێران‌دا ناڕوون دەنوێنێت، چەندین قات گرینگتر بوو و سەلماندی هێزی مرۆییی بەڕێکخراوی کوردستان، هێزێک نییە لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و ناوچەدا لەبەرچاو نەگیرێت.

ئێمە وەک یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین سپاسی هەموو چین و توێژێکی کوردستان: کاسبکاران، دووکانداران، مامۆستایان، کرێکاران، خوێندکاران، ژنان، لاوان و… بکەین کەوا بە بوێریی خۆیان ئەم لاپەڕە مێژوویییەیان تۆمار کرد و هاوکات هیواخوازین ئەم یەکڕیزییە هەتا دوا وێستگەی سەرکەوتن و دوای سەرکەوتنیشمان درێژەی هەبێت.

بژیی خەڵک و بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان!
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی و هەر دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای دیکەش!

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی

خروج از نسخه موبایل