خەڵکی بەئیرادەی کوردستان!

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ۱۸ی بەفرانباری ۱۴۰۴ی هەتاوی، بووە ڕۆژێکی مێژوویی و پرشنگداری دیکە لەنێو ڕۆژژمێری پڕلاپەڕەی تێکۆشانی سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان. ئەم ڕۆژە مێژوویییە بە هەوڵ و هیممەتی خەڵک و پێوەندیی ئۆرگانیکی حیزب و جەماوەری کوردستان خولقێنرا و بووە حەماسەیەکی لەبیرنەکراوی دیکە.

مانگرتنی ئەم جارە لە دوو ڕەهەندەوە زۆر گرینگ بوو، یەکەم: ئەوەی کە پاڵپشتی لە خوشکان و برایانی ڕاساومان بوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نیشان درا کە نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی یەکگرتوو و یەکڕیزە، دووهەم: ئەوەی کە نیشانی دا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوەندییەکی نەپساوەی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆی‌دا هەیە و ناوچەیەکی ڕێکخراوە بەواتای تەواوی وشە و سەرلێشێواو نییە و بە پلان هەنگاو دەنێت.

ئەم پەیامە ڕوون و ڕاشکاوە لە قۆناغی ئێستای خەباتمان‌دا کە قۆناغێکی هەستیارە و لە بەرەبەری ئاڵ‌وگۆڕێکی بنەڕەتی‌داین و ئاسۆی دەسەڵاتی داهاتووش لە ئێران‌دا ناڕوون دەنوێنێت، چەندین قات گرینگتر بوو و سەلماندی هێزی مرۆییی بەڕێکخراوی کوردستان، هێزێک نییە لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و ناوچەدا لەبەرچاو نەگیرێت.

ئێمە وەک یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین سپاسی هەموو چین و توێژێکی کوردستان: کاسبکاران، دووکانداران، مامۆستایان، کرێکاران، خوێندکاران، ژنان، لاوان و… بکەین کەوا بە بوێریی خۆیان ئەم لاپەڕە مێژوویییەیان تۆمار کرد و هاوکات هیواخوازین ئەم یەکڕیزییە هەتا دوا وێستگەی سەرکەوتن و دوای سەرکەوتنیشمان درێژەی هەبێت.

بژیی خەڵک و بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان!
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی و هەر دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای دیکەش!

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
۱۸ی بەفرانباری ۱۴۰۴ی هەتاوی

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید