“حەسەن فەرەجی”، مامۆستا و هەروەها ئەندامی هەیئەتی زانستیی “زانکۆی ئازادی مەریوان” و خاوەنی بڕوانامەی دوکتورای فیزیۆلۆژیی وەرزشی، ڕۆژی سێشەممە ۲۲ی ڕەزبەری ۱۴۰۴ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە و لەدوای تێپەڕینی پێنج ڕۆژ، هیچ ئاگاداری و زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەردەست نییە.

ئەو مامۆستایە لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە، لەو کاتەوە هیچ جۆرە پێوەندییەکی بە خێزانەکەیەوە نەکردووە.
لە دوای تێپەڕینی پێنج ڕۆژ لە بێ‌سەروشوێن‌بوونی ئەم مامۆستایە، هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکرانەکەی نەدراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێشتر و هەر لە شاری مەریوان، خوێندکارێکی تەمەن ۲۰ ساڵ بە ناوی “موبین تاڵەبانی” و نیشتەجێی ئەو شارە لە ڕیگەی چوونی بۆ زانکۆ دەسبەسەر دەکرێ و بەبێ بوونی بڕیارێکی دیاریکراو بۆ دەسبەسەرکردنەکەی، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لە بارەی بارودۆخ و شوێنی مانەوەی ئەو خوێندکارە لەبەردەست‌دا نییە.

هێزە ئیتلاعاتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕفاندن و دەسبەسەرکردنی خەڵک‌دا کارنامەیەکی ڕەشیان هەیە، بە درێژاییی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە ئەم چەشنە سەرەڕۆیی و ڕەشبگیریانە بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ خوێندکاران و کەسانی ڕووناکبیردا بەمەبەستی ترساندن و پێشگیری لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بووە.

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید