سەرەتا وتار دەروونناسیی کۆمەڵایەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی تاکی کورد بەرامبەر سەردەستەکانی لە ڕوانگەی “ئێریک بێڕن”ـەوە

    دەروونناسیی کۆمەڵایەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی تاکی کورد بەرامبەر سەردەستەکانی لە ڕوانگەی “ئێریک بێڕن”ـەوە

    0
    40

    نــــەکەرۆز

    کورد وەکوو نەتەوەیەکی داگیرکراو، چلۆن لەگەڵ سەردەست دەبێ هەڵس‌وکەوت بکات؟ هەڵس‌وکەوتەکانی بەرامبەر بە سەردەست بە چ شیوازێک لە بەرژەوەندیی خۆی‌دایە؟ پێوەندیی نێوان کورد و سەردەستەکانی چۆنە و ئەبێ بە چ شێوازێک بێت؟

    “مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە”، ئەم ڕستە لەلایەن بیرمەندانی دێرین و نوێ پشڕاس کراوەتەوە و پێویست ناکات من لەم نووسراوەدا شیکاریی لەسەر بکەم. بەم ڕستەیە دەزانین لە نێوان مرۆڤەکان پێوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هەیە. دەروونناسیی کۆمەڵایەتی کاری ئەوەیە کە شێوازی ئەم پێوەندییانە بناسێت کە لە نێوان جڤاکە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت لە نێوان کولتوورەکان‌دا هەیە. لەم نووسراوەدا هەوڵ دەدەین زیاتر بابەتی زەینی داگیرکراو بەرامبەر بە زەینی باڵادەست زەق بکەینەوە. ئێریک بێڕن زانای بواری دەروونناسیی کۆمەڵایەتییە و لە کتێبی “یارییەکانی خەڵک”دا یارمەتیی ئێمە دەدات کە شێوازی هەڵس‌وکەوتی کەسی داگیرکراو بەرامبەر بە کولتووری باڵادەست بناسین. هەرچەندە دەبێ ناوی “تۆماس هەریس” لەبیر نەکەین کە لە درێژەی ئەم تیۆرییەدا هەوڵی داوە و ئێمەیش کەڵکمان لێ وەرگرتووە.

    باشترین تایبەتمەندیی کتێبەکەی ئێریک بێڕن ئەوەیە کە دەقێکی زانستی بە زمانێکی زۆر ئاسان و حازربەدەستی لە پێش چاوی خوێنەر داناوە. بەپێی تیۆرییەکە کەسایەتیی مرۆڤ لە سێ بەش پێک هاتووە؛ بەشەکانی لەژێر ناوی باوان، پێگەیشتوو و مناڵ دابەش کردووە.

    بەشی یەکەم، باوان: ئەم بەشە ئەو شێوازە هەڵس‌وکەوتانە لەخۆ دەگرێ کەوا لە دایک و باوک و کەسانی دەسەڵات‌دا وەرمانگرتووە. هەرکات ویستمان کەسێک ئامۆژگاری بکەین و وەکوو دایک و باوک یان کەسێکی دڵسۆز قسە بکەین، ئەوە باوانی ناخی کەسایەتیی خۆمان دەورووژێنین. نموونەکانی باوان بریتین لە: دایک و باوک، مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ، پۆلیس و هەمووی ئەو کەسانەی کە خۆیان بە ڕێک‌وپێک و وشیار دەزانن و تەنانەت خۆیان لە ئاستی یاسادانەریش دەبیننەوە. باوانی ئێمە هەموو کات لە هەوڵی ئامۆژگاری و فرمان و بڕیاردان‌دایە و بەگشتی دەسەڵاتداریی دەوێت.

    بەشی دووهەم، پێگەیشتوو: ئەمە ڕوویەکی لۆژیکی و زانایانەی کەسایەتیی ئێمەیە. پێگەیشتوو وەکوو کامپیۆتێرێک کار دەکات؛ زانیارییەکان کۆ دەکاتەوە، شییان دەکاتەوە و دواتر ئاکامەکەی باس دەکات. پێگەیشتوو هیچ هەست و سۆزی نییە و بەس بەو شتەی کە خۆی پێی ڕاست و لۆژیکییە کار دەکات و لە کاتی بڕیارە گرینەگەکان خۆ دەردەخات.

    بەشی سێهەم، مناڵ: بەشێکی بەڕاستی هەستیار و دڵ‌ناسک کەوا لە ناخی ئێمەدایە. کاتێک ئێمە لەگەڵ مناڵێکا کایە و یاری دەکەین یان کار و کایە و هەڵس‌وکەوتی مناڵان دەبینین، تێ‌دەگەین زۆر هەستیارە. کاتێک دەگریین یان خۆمان بۆ کەسێک نازدار دەکەین یان تووڕە دەبین ئەوە مناڵیی ناخمانە کە وەکوو هەست دەری‌دەبڕین.

    باس و بابەتی سەرەکیی کتێبەکەی بێڕن “شیکاریی هەڵس‌وکەوتی مرۆڤەکان بەرامبەر بە یەکترە”، کە پێوەندییەکانی نێوان ئەم سییانە یان ئەم سێ بەشەی کەسایەتیی مرۆڤە. کاتێک کەسێک بتوانێت ئەم سێ بەشە لە جێگەی خۆی‌دا و بە دروستی بەکار بێنێ، بەدڵنیایییەوە دەتوانێت لەگەڵ خۆی و تەنانەت لەگەڵ کەسانی دیکەیش ڕابێت و لە هاوکاری‌دا بێت. کاتێک خەسارێکی دەروونی ڕوودەدات، ئەوە یەکێک لەو سێ بەشە بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ دەبێت و ناهێڵێت هەرکام وەکوو بەشێکی سەربەخۆ بەدروستی کار بکات.

    بێڕن پێی‌وایە هەموو مرۆڤەکان پلانیان بۆ ژیان هەیە و لە هەمان کات‌دا ئەو پلانەی ژیانی خۆیان بەڕێوە دەبەن. بۆ نموونە: لەوانەیە کەسێک وەکوو فیداکارێک بێتە بەرچاو و یان کەسێک وەکوو زۆردارێک یان وەکوو کەسێکی شاد و سەربەرز، ئەمانە لەپێش‌دا پلانی بۆ داڕێژراوە. بە بڕوای بێڕن هەموو هەڵس‌وکەوتەکان و پلانەکانی ئێمە لە ژیانی کۆمەڵایەتیمان‌دا وەکوو یارییەکانی کاتی مناڵی وایە؛ بەڵام دوو جیاوازیی هەیە. یەکەم ئەوەی کە ئێمە لە منداڵی یاریمان دەکرد هیچ شتێک لە قووڵایی‌دا نەبوو کە ئێمە پلانی بۆ بگێڕین و بەبێ گەڵاڵەداڕشتنی پێشتر بەڕێوە دەچوو. دووهەم هەڵس‌وکەوتی ئێمە زۆرتر ئاڵۆزە و ماوەیەکی زۆریشە گەڵاڵە کراوە و پلانی بۆ داڕێژراوە. هەروەک ئەوەی هێگڵ دەڵێت: “حەز، حەزێکی ترە”. هەمووی ئێمە یارییەکانی کاتی پاش مناڵیمان دەبێتە سێ بەش کە هەریس لە کتێبی “من باشم- تۆ باشی”دا دەیکاتە چوار بەش، یارییەکان بەم شێوازەن:

    ۱- من خراپم – تۆ خراپی (یاریی دۆڕاو – دۆڕاو): کاتێک دەسەڵاتی بەرگری بۆ مناڵان نامێنێ، دەزانێ کە خراپ (دۆڕاو) ە. هەوڵ دەدات بەرامبەرەکەیشی بێنێتە ئاستی خۆی و ئەویش وەکوو دۆڕاوێک نیشان بدات. هەڵس‌وکەوتی ئەم تاکە، پەرچەکردارانەیە؛ بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەی کەسی بەرامبەر بە دۆڕاو پێناسە دەکات،خراپی و دۆڕاویی خۆی پەسەند کردووە.

    ۲- من خراپم – تۆ باشی (یاریی دۆڕاو- براوە): لەوانەیە ڕۆژانە لە کۆمەڵگەدا چەمکی “خۆ بە‌کەم‌زانین” ببیستن. ئەم کەسە تووشی ئەو کێشە دەروونییە بووە کە تایبەتمەندییەکانی خۆی بە کەم دەزانێت و خۆی لە بەرامبەری ئەو تاک یان جڤاکە کەوا دەیانبینێتەوە بە بێ‌دەسەڵات دەزانێ و خۆ بەدەستەوە دەدات. تەنانەت ئەگەر ڕاستیی بابەتەکەش وا نەبێت ئەم کەسە ناتوانێ لە تایبەتمەندییەکانی خۆی بەرگری بکات. لەم دۆخەدا خەریکە فێری “دۆشدامانی فێرکراو” دەبێت. کە لە بەشێکی ترا باسی ئەم کێشە دەروونییە دەکەم.

    ۳- من باشم – تۆ خراپی (یاریی براوە- دۆڕاو): لێرەدا تاک تووشی خۆبەزل‌زانین دەبێت و تەنانەت ڕۆڵی باوان (کەسایەتیی جۆری یەکەم) دەگێڕێت. دێتە نێو یاریی کۆمەڵایەتییەوە و ئامۆژگاری دەکات، بەڵام نەک ئامۆژگاریی باش بەڵکوو بە ئامۆژگارییەکەی کەسایەتیی بەرامبەرەکەی ورد دەکات. ئەو کەسانەی کە زۆر لە مناڵی‌دا ئازار دراون و خۆیان شکاونەتەوە حەز بە شکاندنەوەی بەرامبەریان دەکەن. ئەم کەسانە هەرچی خاڵی ئەرێنی و نەرێنیی ئەو کەسە یان ئەو جڤاکەی کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە وەکوو یەکی دەزانن و هەمووی بە هیچ‌وپووچ و بێ‌نرخ دەزانن. لە بیر نەکەین ئەم سێ هەڵس‌وکەوتەی باس کران، بەر بە داهێنانیش دەگرن و ناهێڵن گەشە بکەین.

    ۴- من باشم – تۆ باشی (یاریی براوە- براوە): ئەمانە کەسانێکی تێگەیشتوو و لۆژیکین. خۆیان بە تەواوی پێناسە دەکەن و دەرفەتیش بە بەرامبەریان دەدەن خۆی پێناسە بکات و ڕێز لە تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی بەرامبەریان دەگرن. ئەو شتە باشەی بۆ خۆیان دەوێت بۆ بەرامبەریشیان دەوێت. بۆ نموونە: کاتێک کوردێکی زانا دەڵێت کوردی زمانە، بەرامبەرەکەیشی ئەگەر زمانێکی جیاوازی بێت ڕێزی لێ دەگرێت و زمانەکەی ئەویش وەکوو یەکێک لە زمانەکانی جیهان پەسەند دەکات.

    ئەم چوار جۆر پێوەندی‌گرتنەی مرۆڤەکان لە نێو کۆمەڵگەدا،لە پێوەندیی نێوان تاکی کورد و سەردەستیش‌دا هەیە. بەو مانایەی کە ئێمە لە هەر چوارەکەی تاقمێک کەسمان هەیە. ئێستا ئەمانەوێ شیکاریی ئەو بابەتە بکەین و بەپێی هەڵس‌وکەوتیان پۆلێن‌بەندییان دەکەین و دابەشیان دەکەین بەسەر قۆناغی جیاوازدا؛ بۆیە پێویستە بزانین ئێمە وەکوو تاکی کورد لە کوێوە بۆ کوێ دەچین تا ئەو ئاستە مەبەستەی کە ئەمانەوێت وەدەستی بێنین.

    قۆناغی یەکەم، دۆشدامانی فێرکراو، شێوازی دووهەمی یارییەکە (دۆڕاو – براوە): دۆشدامانی فێرکراو چەمکێکە لە دەروونناسی‌دا کە تاکەکان لەدوای ئەزموونی دۆڕان بۆ چەند جارێک لە ژیانیان‌دا، هێز و تینی تێکۆشانیان نامێنێت و هەر خۆیان بە دۆڕاو دەزانن. ئەم کەسانە تەنانەت کاتێک یەک هەنگاویان مابێت بۆ لووتکەی سەرکەوتن ئەو هەنگاوە هەڵناهێنن؛ بەهۆی ئەوەی فێر کراون هەمیشە دۆڕاون. ئێستا ئەم چەمکەی “سێلیگمەن”ـی ئامریکایی دایهێناوە لەنێو کوردا ڕەنگی داوەتەوە؟ وەڵامەکەی زۆر ڕوونە: بەڵێ. تاکێکی کورد کە بەتەواوی لەژێر کاریگەریی سەردەست‌دا بێت و سەردەستیش بە هەموو هێزی میدیایی و خوێندنی خۆی هێرشی کردووەتە سەری، زەینی تووشی ئەو کێشەیە دەبێت. هەر بۆیە کاتێک باس لە کولتووری خۆی دەکرێت بە نەریتی دەناسێت و کاتێک باس لە کولتووری سەردەست دەکرێت، بە شتێکی مۆدێرنی دەزانێ. وەکوو نموونەگەلێک کە لە سۆشیاڵ میدیا دەبینرێت کە تاکێکی بەکۆلۆنی‌کراو زۆر تامەزرۆیانە باس لە کولتووری ئەویتر دەکات و وەبەرچاوی جەماوەری دێنێت؛ بەڵام کاتێک باس لە کولتووری خۆی دەکرێت پێی خۆشە خاڵی نەرێنی بدۆزێتەوە و ئەو خاڵانە بکاتە هۆکاری چەقبەستووییی نەتەوەکەی خۆی. تاک ئەگەر لەم قۆناغە تێپەڕێت و کەمێک خۆی بدۆزێتەوە بە شێوازێکی نەزانکارانە خێرا تووشی قۆناغێک دەبێت کە ماڵی خۆی و ئەویتریش کاول دەکات.

    قۆناغی دووهەم، ناسیۆنالیزمی هەستەکی،شێوازی یەکەمی یاری (دۆڕاو – دۆڕاو): لێرەدا هەستی نەتەوایەتیی تاکی کورد دەبزوێت و ئەیەوێت لە زەینە کوردییەکەی کە تازە خەبەری کردووەتەوە بەرگری بکات؛ بەڵام بەداخەوە ئەو توانایییە هزری و مەعریفەتی و لۆژیکییەی نییە و کاتێک ڕووبەڕووی سەردەست دەبێتەوە خراپییەکەی خۆی پەسەند دەکات و قسەیەکی نازانستییش بە سەردەست دەڵێت. بۆ نموونە ئەگەر بە تاکێک کە لەم قۆناغەیە بڵێن کوردی زمان نییە و بن‌زارێکی فارسییە، کوردەیش خێرا دەڵێت فارسییش زمان نییە و زارێکی زۆر لاوازی زمانی عەرەبییە. لەم نموونەدا کە زۆرن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، دوو خەسار دەبینرێت: یەکەم ئەوەی کە تاکی کورد نەیتوانیوە بە شێوەی زانستی بەرامبەرەکەی تێ‌بگەیەنێت کەوا کوردی زمانە، دووهەم ئەوەی کە باسێکی نازانستی تێکەڵاو بە هەست و تووڕەیی دەبێت و دەبێتە خاڵێکی نەرێنی لەسەری. بۆ ئەوەی لەم قۆناغە ڕزگار بین ئەرکی سەرشانی زانایان و بیرمەندانی کوردە کە زانست و مەعریفەی زیاتر پێشکەشی زانستی گشتی بکەن. کاتێک تاک زانست و مەعریفەی دەست کەوت، ئەم جار خۆی دەناسێت بەڵام دیسانەوە کۆنترۆڵی بەسەر هەستی خۆی‌دا نییە و تووشی وەهمی ئەوە دەبێت کە دەتوانێت وەکوو باوانێک قسە بکات؛ ئەم جار دەچێتە قۆناغی سێهەم و پەرچەکرداری زۆر توندوتیژ لە خۆی نیشان دەدات.

    قۆناغی سێهەم، ناسیۆنالیزمی پەرچەکردارانە، شێوازی سێهەمی یاری (براوە-دۆڕاو): تاک وەکوو کەسێک کە لە کاتی مناڵی‌دا ئازاری بینیوە کاتێک کە گەورە دەبێت و هێزێکی دەست دەکەوێت، تۆڵەی مناڵیی خۆی لە کەسانی دیکە دەکاتەوە و سووکایەتیان پێ دەکات و بە هیچ‌وپووچ ناوبردەیان دەکات. ئەم جار تاکی کورد کە زانیاری و زانستی بەدەست هێناوە و خۆی ناسیوەتەوە، هەرچی ناکوردە دەیداتە بەر ڕەخنەی وێرانکەر و تەنانەت تایبەتمەندییە باشەکانیان دەخاتە ژێر پێ و دەڵێت بەس کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست مرۆڤێکی بەتەواومانایە. تەنانەت باسێک دێنێتە نێو ئەقڵی گشتییەوە کە “ئێمە یەکەم چەڵتووکچێنی جیهان بووین” و “یەکەم شارستانییەتی سەر گۆی زەوی بووین” و یەکەیەکەی یەکەمینەکان دەکاتە موڵکی خۆی. ئەم جۆرە ڕستانە بۆ پشت‌پێ‌بەستن نابن، لەبەر ئەوەی زانستەکان بەردەوام لە پێشکەوتن‌دان و ئەگەر ڕۆژێک بێت و شتێکی کۆنتر لە ئێمە دەربکەوێت دیارە بنەمای قسەکانمان فەشەل دێنن. لەوانەیە گەر کەسێکی لەم چەشنە بە چەکی زانستییەوە بەرامبەری سەردەست بێتەوە، هەموو شتێکی ئەوان – بە ئەرێنی و نەرێنییەوە – بکاتە هاوکێشی پەڕی کایەک و لە دنیای شارستانی‌بوونیش دەریان بکات. هۆکاری هەمووی ئەمانە ئەو زام و ئێشانەیە کە لە کاتی نەزانی‌دا بەم تاکە کوردەیان گەیاندووە. بیرمەند و ڕۆشنبیری کورد دەبێت لەم قۆناغەدا خەبەری بێتەوە و بزانێت پێویستە لۆژیکی هەڵس‌وکەوت بکات؛ بۆ ئەوەی مەعریفەیەکی لۆژیکی و گوتارێکی قووڵ و پتەومان بێت، دەچینە قۆناغی چوارەم کە لە تایبەتمەندییەکانی بیرمەندانی بەهێزی ناسیۆنالیزمی کوردییە.

    قۆناغی چوارەم، ناسۆنالیزمی ئاگامەند، شێوازی چوارەمی یاری (براوە – براوە): لێرەدا تاکی کورد بە بەرزترین ئاستی هەڵس‌وکەوت لەگەڵ ئەویتر دەگات. بەم شێوەیە، تاک شوناسی خۆی دەزانێت و بوونی خۆی بە شێوازێکی لۆژیکی و سەربەخۆ شەرعییەت پێ دەدات. لە بەرامبەریش‌دا بوون و شوناسی ئەویتر قبووڵ دەکات و بوونی ئەو بە مەترسی لەسەر بوونی خۆی نازانێت. هیچ کاتیش بە شێوازی سۆزدارانە هەڵس‌وکەوت ناکات و هیچ جۆرە تێکەڵاوەیەکی شوناسەکان پەسەند ناکات. تاک دەبێت لە یارییەکانی نێو کۆمەڵگە ئاگادار بێت کە تووشی خەساری دەروونی نەبێت و کەس تووشی خەسار نەکات؛ تاکی کوردیش بە هەر شێوازە هەڵس‌وکەوتێکی ئەبێ ئاگاداری ئاکامەکانی بێت، کە بە خۆی و نەتەوەکەی و ئەو ڕێگەی کە هەزاران شەهیدی بۆ داوە و ئێستایش ڕۆڵەکانمان خەباتی بۆ دەکەن خەسار نەگەیەنێت.

    ئاکام

    ئەو شێوازە هەڵس‌وکەوتە شیاوەی کە تاکی کورد لە بەرژەوەندیی خۆیەتی بەرامبەر بە سەردەست بیگرێتە بەر، ئەوە بێ‌گومان شێوازی چوارەمە. هەرچەند ئەو پۆلێن‌بەندی و قۆناغبەندییەی کە ئێمە لەم وتارەدا خوێندمان لە تاکێکەوەیە کە بەتەواوی لەسەر پرسی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم بێ‌ئاگایە. قۆناغی چوارەم ئەو شێوازە هەڵس‌وکەوتەیە کە سەردەست ناتوانێت ڕەخنەی لێ بگرێت؛ بیرۆکەیەک کە سەرچاوەکەی تەنانەت لە شێوازی سێهەمیش بێت، دەتوانێت دیسانەوە ببێتە ئامرازێکی سەرکوت بۆ سەر سەری خۆمان.

    بێ بۆچوون

    وەڵامێک بنووسە

    لطفا نظر خود را وارد کنید
    لطفا نام خود را اینجا وارد کنید