نماد سایت یەکیەتیی خویندکارانی دێموکراتی کوردستان

بەڕێوەچوونی گفتوگۆی ماستەرنامەیەکی تایبەت بە جووڵانەوەی ٤٦- ٤٧ لە زانکۆی سلێمانی

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ـی خاکەلێوەی ١٤٠٥ـی هەتاوی تێزی ماستەری خاتوو “شێوە عوسمان” لەژێر ناونیشانی “جووڵانەوەی چەکدارانەی کوردستانی ئێران ١٩٦٧- ١٩٦٨” لە زانکۆی سلێمانی گفتوگۆی لەسەر کرا.

نێوەرۆکی ئەم ماستەرنامەیە تایبەتە بە جووڵانەوەی پڕشانازیی ساڵانی ٤٦- ٤٧ـی کۆمیتەی شۆڕشگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە جووڵانەوەکە لاپەڕەیەکی زێڕینی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بەشێک لە ڕێبەرانی ئەم ڕاپەڕینە خوێندکارانی دەروەستی کورد بوون.

نووسەر لە تێزەکەی‌دا ئاماژەی بە بەستێنەکانی سەرهەڵدانی ئەم جووڵانەوەیە و بەشێک لە کاریگەرییەکانی لەسەر بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و لە بەشێکی تریش‌دا پەرژاوەتە سەر گرینگیی خەباتی خوێندکاران و کاریگەرییەکانی ئەم جووڵانەوەیە لەسەر خوێندکارانی کورد لە ساڵانی دواتردا.

شایانی باسە یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی گفتوگۆی ماستەرنامەکە، یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان سیمای ناسراو و ئەکادیمیکی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. سمایل بازیار بوو.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە خاتوو شێوە عوسمان، خۆشحاڵیی خۆی بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی تێزێکی ئەکادێمیک لە پێوەندی لەگەڵ لاپەڕەیەکی زێڕین لە خەباتی نەتەوەکەمان لەژێر ڕێبەریی خوێندکارانی دەروەست‌دا، دەردەبڕێت.

خروج از نسخه موبایل