نماد سایت یەکیەتیی خویندکارانی دێموکراتی کوردستان

بەشداریی چالاکانەی ئەندامانی یەکیەتیی خوێندکاران لە کۆنگرەی SPDـی ئاڵمان

ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕێبەندان، لە نێوان بەڕێوەچوونی کۆنگرەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان (SPD)، بڕیارێکی مێژوویی لەسەر دۆخی سیاسیی ئێران و پشتیوانی لە دۆزی کورد پەسەند کرا. ئەم دەسکەوتە لەسەر داواکاری و پێشنیاری ڕاستەوخۆی هەژار خاتەمی، ئەندامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە ئاڵمان بوو، کە وەک ئەندامی فەرمیی حیزبی SPD و نوێنەری یەکیەتیی خوێندکاران بەشداریی کۆنگرەکەی کردبوو.
لەم کۆنگرەیەدا شاندێکی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە سیاوەش محەممەدی، ئانیتا فاڕابی و فرمێسک مورادی و هەژار خاتەمی بەشدار بوون.

لەسەر داوای هەژار خاتەمی، بابەتی پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان و هەروەها مەحکووم‌کردنی جەنایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خرایە دەنگدانەوە و بەفەرمی پەسەند کرا، کە تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە پێویستە حیزبی SPD پشتیوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ویست و داخوازییەکانی گەلانی نێو ئێران بکات و هەوڵ بدات کاریگەریی لەسەر حکوومەتی ئاڵمان دابنێت.
هەروەها ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ ئەوەی حیزبی ناوبراو فشارەکانی بۆ سەر دەوڵەتی ئاڵمان چڕ بکاتەوە تا هەڵوێستی توندتر و کردەییتر بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی بگرێت و پشتیوانی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد بکات.

خروج از نسخه موبایل