🔹بەشداریی هەیئەتێکی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەلی کار لە زانکۆی نوڵج
ڕۆژی چوارشەممە ۷ـی خەزەڵوەر هەیئەتێکی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی ئەیوب مەحموودزادە وێڕای چەند ئەندامی یەکیەتیی خوێندکاران: جەماڵ ڕەسووڵ دنخە و ئاسۆ مینا بەشداریی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەلی کار لە زانکۆی نۆڵجیان کرد و لەلایەن دوکتور هێمن عومەر، سەرپەرستی پێشانگاکەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەم هەیئەتە وێڕای دیدار لە پێشانگاکە لەگەڵ چەندین خوێندکار و کۆڕوکۆمەڵی خوێندکاری ئاڵوگۆڕی بیروڕای کرد و بەشێک لە ئامانج و بەرنامەی کاریی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی بۆ ڕوون کردنەوە.
لەو پێشانگایەدا دوایین تێکنۆلۆژییەکانی سەردەم، بەرهەمە ئەدەبییەکان، وێنە و نیگاری ڕێبەرانی کورد، هەروەها کلتووری کوردەوارییش خرابوونە بەر چاوی میوانان و بەشداربووانی پێشانگاکە.
ئامانج لەو پێشانگایە ئەوە بوو کە لاوانی کورد لەگەڵ وڵاتانی بیانی بتوانن گرێبەستی ئابووری لە بواری بەرهەمەکان واژۆ بکەن و بتوانن هەلی کار لە کوردستاندا زیاتر بکەن.
ئەو پێشانگایە بە هاوکاریی دەوڵەتی ئاڵمان کرابووە و بەشێکی بەرچاو لە غورفەکانی ئەو پیشانگایە تەرخان کرابوو بە داهێنەران و خوێندکارانی کوردستان.
زانکۆی نۆڵج ساڵی ۲۰۰۹ی زایینی لە شاری هەولێر دروست کراوە و لە شەش کۆلێژی تایبەت بە ڕشتەکانی ئەندازیاری، زانست، دەرمانسازی، پەروەردە، زانستە کارگێڕی و دارایییەکان پێک هاتووە.






