لە هەر کۆمەڵگایەکدا کە دەسەڵات لە دەستی گروپێکی سنوورداردا چڕبێتەوە، یاسا لەبری ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ دادپەروەری، دەبێتە چەکێک بۆ پاراستنی باڵادەستی. لەم جۆرە سیستمانەدا پێوەری ئەخلاق و ئایین تەنیا بەسەر خەڵکی ئاساییدا دەسەپێندرێت نەک بەسەر ئەو کەسانەی دەسەڵاتدارن. نموونەیەکی ڕوونی ئەم دووانەیە لە پرسی باڵاپۆشی زۆرەملی دەبینرێت؛ لەو شوێنانەی دەسەڵاتداران بە پشت بەستن بە دروشمی ئایینی و کولتووری لە کۆمەڵگادا فشار دەخەنە سەر ژنان، بەڵام لە ژیانی تایبەتی و کەسیدا خۆیان و بنەماڵەکانیان هەمان ئەو ڕێسایانە، پەیڕەو ناکەن کە بەسەر خەڵکدا سەپاندوویانە.

باڵاپۆشی زۆرەملی؛ ئامرازێکی سیاسی نەک ئایینی:

لە ڕووکەشدا باڵاپۆشی وەک “بابەتێکی ئایینی” پێشکەش دەکرێت، بەڵام لە پراکتیکدا بۆتە ئامرازێکی سیاسی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا. بە بەکارهێنانی، دیکتاتۆرەکان کۆنترۆڵی جەستە و ڕەفتاری ژنان بەدەست دەهێنن بۆ پێوانەکردنی ئاستی گوێڕایەڵی کۆمەڵگا بۆ سیستەمەکە. لەم پێکهاتەیەدا جلوبەرگی ئافرەتان ئیتر بژاردەیەکی شەخسی نییە، بەڵکوو دەربڕینی دڵسۆزی یان نافەرمانی سیاسییە. هەر کەسێک لەم چوارچێوەیە لابدات، وەک “تاوانبار” دەناسرێت، نەک وەک مرۆڤێکی ئازاد.

بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئەگەر حیجاب بەڕاستی بەهایەکی ئایینی و ئەخلاقییە، بۆچی جێبەجێکردنی تەنها بەسەر خەڵکی ئاساییدا دەسەپێنرێت؟ بۆچی کچ و ژنی بەرپرسان و سیاسییەکانی ڕژیم بە تایبەتی ئازادن، بەڵام ژنانی کرێکار و خوێندکار و مامۆستا دەبێت هەڕەشەی غەرامەکردن و زیندانیکردن و توندوتیژیی شەقامیان لەسەر بکرێت؟

وەڵامەکە ڕوونە: چونکە لە دەسەڵاتە پاوانخوازەکاندا یاسا لەسەر بنەمای دادپەروەری جێبەجێ ناکرێ، بەڵکوو لەسەر بنەمای بۆچوونی چینایەتی جێبەجێ دەکرێت.

دووانەیی دەسەڵات؛ لە مینبەرەوە تا کۆشک:

هەمووکات بۆشاییەکی قووڵ لە نێوان قسەی حاکمان و کردەوەکانیاندا هەیە. لەسەر مینبەر باس لە “پاک و ئیمان و سادەیی” دەکەن، بەڵام لە ژیانی تایبەتدا ئەزموونی شتە گرانبەها و خۆشگوزەرانی و چەواشەکاری دەکەن. ئەم دووانەیە ئەخلاقییە نیشانەی داڕمانی شەرعیەتی سیاسییە. هەرکاتێک حکومەتێک لە ڕووکەشدا ئایین بەکاربهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک بەڵام بە کردەوە پابەند نەبووە بە هەمان بەهاکانەوە، بناغەکانی لەسەر دووڕوویی و درۆ بنیات دەنرێت نەک لەسەر ئیمان و دادپەروەری.

ئەم دۆخە تەنیا لە وڵاتێک یان کاتێکی دیاریکراودا سنووردار نییە، تایبەتمەندی هەموو ڕژێمە تاکڕەوەکانە. لە هەر شوێنێک دین و سیاسەت تێکەڵ ببن، ئایین دەستە خزمەت دەسەڵات و بەهاکانی دەکرێنە قوربانی. بۆیە باڵاپۆشی زۆرەملی نیشانەی ئیمان نییە، بەڵکو نیشانەی ستەمکارییە.

کاریگەری کۆمەڵایەتی ئەم دووبەرەکییە:

کاتێک خەڵک نایەکسانی نێوان خۆیان و چینی دەسەڵاتدار دەبینن، ئیمان و متمانەیان بە حکومەت لەناو دەچێت. ئەو ژنانەی کە بەناچاری باڵاپۆشن، لەکاتێکدا وێنەی ئاهەنگ و شێوازی ژیانی دەسەڵاتداران دەبینن، ئیتر باوەڕیان بە دادپەروەری و ڕوحانییەتی حکومەت نامێنیت. دەرئەنجامی دژایەتییەکی لەم شێوەیە، زیادبوونی توڕەیی کۆمەڵایەتی و داڕمانی بەها ئەخلاقییەکان و بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵاتدارانە.

لە کۆمەڵگایەکدا کە حیجاب بۆتە پێوەرێکی تاوان و گوناه، ئازادی و بیرکردنەوە لەناو دەچێت. حکومەت لەبری ئەوەی وەڵامی هەژاری و بێکاری و هەڵاواردن بداتەوە، جلوبەرگی ژنان کۆنترۆڵ دەکات. بەڵام مێژوو دەریخستووە کە هیچ نەتەوەیەک بە سەپاندن و ناچارکردن، بە ئەخلاق و ئیمانی نەگەیشتووە. ئیمانی ڕاستەقینە لە ناوەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە دار و یاسا.

چارەسەر: ئازادی و یەکسانی

“ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگایە”، ئەگەر ژن ئازاد نەبێت، هیچ پیاوێک ئازاد نییە. حیجاب دەبێت لە “ناچاری دەوڵەت”ەوە بگۆڕدرێت بۆ “هەڵبژاردنی تاک”. هەموو ژنێک مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر جەستە و جلوبەرگەکەی بدات، هەروەک چۆن هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی دین و باوەڕ و تەنانەت بێباوەڕی خۆی.

یەکسانی لەبەردەم یاسادا مانای ئەوەیە کە جیاوازی لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتداراندا نییە. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمانە، دادپەروەری و شەفافیەت و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتە، نەک یاسای ئایینی بە ڕواڵەت، کە تەنها بۆ پاراستنی باڵادەستی بەکاردەهێنرێت.

ئەنجام:

حیجابی ناچاری هێمایەکی ڕوونی دووانەیە لە سیستەمە تاکڕەوەکاندا. حاکمەکان بۆ ئەوەی خەڵک بە ملکەچییەوە بمێننەوە، ئایین بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا لە پراکتیکدا خۆیان لە هەمان یاسایانە بێبەرین. ئەم دژایەتییە دواجار دەبێتە هۆی داڕمانی ئەخلاقی و سیاسی.

کۆمەڵگەی ئازاد کۆمەڵگایەکە کە یاسا بۆ هەمووان وەک یەکە – نەک تەنها بۆ خەڵکی ئاسایی

ئازادی ژن کۆتایی دووڕووییە، وە کۆتایی دووڕوویی سەرەتای دادپەروەرییە.

وەڵامێک بنووسە

لطفا نظر خود را وارد کنید
لطفا نام خود را اینجا وارد کنید